رۆژنامەی ھەولێر

ئەردۆغان لەگەڵ ٢٥ سەرۆكی وڵات لە كۆبوونەوەی لووتكەی شانگهای بەشدارە

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بۆ هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، لەگەڵ ٢٥ سەرۆكی وڵاتان گەیشتە شانگهای لە چین و بڕیارە كۆبوونەوەی لووتكە ئەنجام بدرێت و چەند بڕیارێك بدرێت.

هاوتا لەگەڵ ئەردۆغاندا، هەریەك لە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوە و محەممەد شیمشەك، وەزیری دارایی و ئابووریشی لەگەڵدایە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاوكراوەتەوە، ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆكی چەند وڵاتێك بەتەنیا دادەنیشێت و كۆبوونەوەی دەبێت، رەنگە یەكێك لەو كۆبوونەوانە لەگەڵ ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆكی رووسیا بێت.

هەریەك لە پۆتین و سەرۆكی هیندستانیش بەشدارن لەو كۆبوونەوەیە و بۆ یەكەمجاریشە سەرۆكی ٢٥ وڵات بەشدارن. كۆبوونەوەی لوتكەش بەناوی (رێكخراوی یەكێتی شەنگهایە)، مەبەست لێی زیاتر گرنگیدانە بە پەیوەندیی دیبلۆماسی نێوانیان و هەروەها ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان.

وەزیری گەیاندنی توركیا، لەبارەی كۆبوونەوەی ئەردۆغان لە لوتكەی شانگهایدا ئاماژەی داوە، جیا لەوەی لەگەڵ چەند سەرۆكێك كۆبوونەوەی دەبێت، هەروەها لەڕووی بازرگانیشەوە كۆبوونەوەكە زۆر گرنگە. ئەو وەزیرە دەڵێت: ”لەڕووی بارزگانی وەكوو وەبەرهێنان، تەكنەلۆژیا، تەندروستیی، وزە و گەشتیاریی، كۆبوونەوەكە گرنگە و سوودی بۆ توركیا دەبێت.“

بەگوێرەی زانیارییەكان، لەو كۆبوونەوەیەدا بەهیچ شێوەیەك باس لە بارودۆخی سووریا ناكرێت، ئەوەی تیشكی دەخرێتە و قسەی زۆر لەسەر دەكرێت، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەروەها باس لە هەماهەنگی سەربازیش دەكرێت، بەڵام بارودۆخی سووریا نابێتە تەوەری كۆبوونەوەكان.

ئاژانسی (BBC) بڵاوی كردووەتەوە، ئەردۆغان و سەرۆكی چین باس لەوە دەكەن، توركیا رۆڵی گەورەی هەبێت لە رێگەی گەشەپێدان، كە چین ساڵانێكی زۆرە خەریكییەتی و دەیەوێت چین بە ئەورووپا ببەستێتەوە، بۆ ئەمەشیان توركیا گرنگە و لە كۆبوونەوەی لووتكەدا باس لەو لایەنە دەكرێت.

رێكخراوی یەكێتی شانگهای چییە؟

رێكخراوی یەكێتی شانگهای، كێبڕكێ لەگەڵ ناتۆ دەكات، دەیەوێت كاریگەریی لەسەر ئەورووپا هەبێت، سەرەتا لە نێوان چین و رووسیا و چوار وڵاتی ناوەڕاستی ئاسیا دروست بوو.

لە ١٩٩٦، ئەو رێكخراوە لە نێوان چین و رووسیا و كازاكستان و قیرگستان و تاجاكستان دروست بوو. لە ٢٠٠١، كاتێك ئۆزباكستانیش هاتە ناو ئەو رێكخراوە، ناوی لێنرا شانگهای.

پاشان هەریەك لە هیندستان، پاكستان و بیلارووس هاتنە ناو ئەو رێكخراوە و ژمارەیان بووە ١٠ وڵات. هەروەها مەغۆلستان و ئەفغانستان، وەكوو چاودێر لەو رێككخراوە وەرگیراون.

بەڵام ١٤ وڵاتی تر، وەكوو ئەندام نا، بەڵكوو وەكوو دیالۆك و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە دەكەن ئەوانیش (توركیا، ئازەربێجان، ئەرمەنستان، میسر، بەحرێن، سعوددیا، قەتەر، ئیمارات، كوێت، نیپاڵ، سریلانكا، میانكار و مادڵدیڤیا).