كارزان گلی – ههولێر
لەناو پەرلەمانی توركیا، كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی نیشتیمانی و برایەتی و دیموكرات)، بۆ پرۆسەی ئاشتی و چەكدانانی پەكەكە دروست بوو كە ٥١ ئەندامن. تاوەكوو ئێستا حەوت كۆبوونەوەیان ئەنجامدا و كۆبوونەوەكانیش گرنگی خۆی هەبووە و گفتوگۆی چڕ لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی ئەنجامدراوە. لە حەوتەمین كۆبوونەوەدا، ئەو كەسانەش داوەت كرابوون، كە پێشتر سەرۆكی پەرلەمان و یاساناس و كەسایەتی شارەزای سیاسی بوونە، بۆیە بۆچوونی ئەوانیش لەوڕووەوە وەرگیراوە.
حیكمەت چەتین، سەرۆكی خوولی ٢٠ی پەرلەمانی توركیا، لەو كۆبوونەوەیەدا بەشداربوو و بۆچوونی خۆی بەڕوونی باس كرد.
چەتین، پێی باش بووە، هەموو ئەو كەسانەی لەناو پەكەكەن و چەكیان بەكارنەهێناوە، پێویستە لیبوردنیان بۆ دەربكرێت و بگەڕێنەوە ناو ماڵ و حاڵی خۆیان. بەڵام دژی ئەوەیە ئەوانەی چەكیان بەكارهێناوە و سەربازی توركیان كوشتووە بەئازادی لەناو توركیا بسووڕێنەوە و دەڵێت، پێویستە ئەوانە لێخۆشبوونیان بۆ نەكرێت.
گوتیشی: ”ئەمە زۆر زەحمەتە، بەڵام دەكرێت ئەو چەكدارانە بنێردرێنە نەرویژ، یان دانیمارك، یان باشووری ئەفریقیا و بەتێپەڕینی كات دەكرێت ئەوانیش داوای لێبوردنیان بۆ دەربكرێت، بەڵام لەم كاتەدا نابێت.
لەناو پەرلەمانی توركیا، لە چەتینیان پرسی ئایە دەوڵەتی كوردی دروست دەبێت؟ لە وەڵامدا گوتی: ”لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا بەشداریم كردووە، پێیان گوتووم، بۆیە ناتانكەین بە ئەندامی یەكێتی ئەورووپا، چووhbنكە مافی كوردتان نەداوە. پێم گوتوون، نێوانی كورد و تورك، وەكوو سپی پێست و رەشپێستەكانی ئەمریكا نییە، لە توركیا كوردەكان بەهۆی كێشەی كوردەوە، نەهاتوون بۆ ئەورووپا، ئەوان چوونە بۆ ئەنتاڵیا، یان ئیستانبۆڵ و شارەكانی تری توركیا. لەگەڵ تورك یەك مەزهەب و یەك دینین، تاوەكوو ئێستا نەمبینیوە توركێك بڵێت شوو بە كوردێك ناكەم، بەپێچەوانەشەوە، ئەمەش دەریدەخات لە نێوان خەڵكەكەدا كێشە بوونی نییە.“
ئەو لەوبارەی دروستبوونی دەوڵەتی كوردیشەوە، پێیوایە لە توركیا خەیاڵە دروست ببێت، تەنانەت ئەگەر ١٠٠ جاریش ریفڕاندۆم ئەنجام بدەن، بەڵام لە شوێنێكی تر رەنگە دروست ببێت.
عومەر ئیزگی، سەرۆكی خولی ٢١ی پەرلەمانی توركیا، بۆچوونی لەگەڵ چەتیندا جیاوازی نەبوو، لەبارەی ئەوەی ئەو گەریلایانەی لە منداڵییەوە چوونەتە ناو پەكەكە و چەكیان بەكارنەهێناوە لێبوردنیان بۆ دەربكرێت، بەڵام ئەوانەی چەكیان دژی توركیا بەكارهێناوە، نابێت لێبوردنیان بۆ دەربكرێت.
ئەو دەڵێت: ”ئەگەر بێت و بۆ رێكخستنی ئەو جۆرە بڕیارانە یاسا دەربچێت، دەكرێت یاسا دەربكەن، ئەگەر پێویست بوو دەتوانن دەستووریش بگۆڕن، شتێك نییە بەناوی نەگۆڕینی دەستوور، بەڵام مادەی یەك تا سێ نابێت بەهیچ شێوەیەك گۆڕانكاری تێدا بكرێت.“
ئیزگی، پێی ئاسایی بوو كە مادەی ٦٦ گۆڕانكاری تێدا بكرێت، كە لەوێدا ئاماژە دراوە، هەموو ئەو كەسانەی هاووڵاتی توركیان توركن.
سێیەم كەس، بولەنت ئارینج، سەرۆكی پێشووتری پەرلەمانی توركیا و جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا بوو قسەی كرد. ئارینج، پێوایە نابێت بە حەماسەتەوە بچنە ناو ئەو پڕۆسەیەوە، چونكە ئەو خاڵەی ئێستا كورد و توركی تێدایە، وەكوو ئەوە وایە لەناو دەریادا ئاو نەماوە و كەشتییەكەش گەیشتووەتە وشكانی، بۆیە دەبێت هەموو لایەك بە نییەتێكی باشەوە بێنە ناو پڕۆسەكەوە، سوپاسی دەم پارتیش دەكات كە تاوەكوو ئێستا زۆر بەباشی هاتوونەتە ناو پڕۆسەكە.
ئارینج، لە وتارەكەیدا باسی لەوە كرد، ئەو لە سەردەمێكدا هاتووەتە ناو سیاسەت، كە ئۆرهان دۆغان و سەلیم سادق و لەیلا زاناش ئەوكات لەناو سیاسەت و پەرلەمان بوونە، پێشیوایە بەداخەوە كە بەشێك لەو سیاسیانە ناچار كراون توركیا بەجێبهێڵن.
ئارینج، داوا دەكات رێگە بدرێت سەلیم سادق بگەڕێتەوە بۆ توركیا و ئیدی لە زێدی خۆی ژیان بەسەر ببات، ئەمەش دەبێتە نییەتێكی باش بۆ توركیا بۆ چارەسەری پرسی كورد.
لەدرێژەی قسەكانیدا گوتیشی: ”پێشنیارەكەی دەوڵەت باخچەلی، لەبارەی مافی ئومێد بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان پێویستە جێبەجێ بكرێت، دەبێت توركیا بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بكات، كە ١٠ ساڵە نەیكردووە و ئەمە زۆر خراپ لەسەرمان دەكەوێت. ئێمە دەبێت مافی ئومێد جێبەجێ بكەین، جا كێ سوودی لێ دەبینێت ئەوە نابێت ببێتە كێشە، ئەو بوێرییەی باخچەلی ئاماژەی بۆ كرد، دەبێت پەرلەمان بەسەركەوتووی بیگەیەنێتە خاڵی كۆتایی.“

