رۆژنامەی ھەولێر

لەم هەفتەیە شاندی ئیمیڕاڵی سەردانی ئۆجەلان دەكەن ئۆجەلان پەیامی بۆ قەندیل دەبێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

بڕیارە لەم هەفتەیەدا، شاندی ئیمیڕاڵی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە بكەن. ئامانج لەو سەردانە ئەوەیە، ئەنجامی گفتوگۆی چوار كۆبوونەوەی كۆمیسیۆنی پەرلەمانی توركیای پێ بڵێن كە تایبەتە بە پرۆسەی ئاشتی و چەكدانانی پەكەكە دروست بووە.

تونجەر بەكرخان، هاوسەرۆكی دەم پارتی، رەخنەی لە حكوومەتی توركیا گرت، بەوەی لە ٢٥ی تەمووزەوە رێگەیان نەداوە ئۆجەلان ببینن، هەروەها ئاماژەی دا، دەرگای ئیمیڕاڵی بۆڕی ئاو نییە، مانگێك بیكەنەوە و مانگێك دایبخەن. دوای ئەم گلەییانەی بەكرخان، رێگە درا لەم هەفتەیەدا شاندی ئیمیڕاڵی سەردانی ئۆجەلان بكەن.

شاندی ئیمیڕاڵی پێكهاتوون لە (پەروین بوڵدان، مەدحەت سانجار و پارێزارەی تایبەتی ئۆجەلان، ئۆزكوور ئێرۆل).

بەگوێرەی زانیاری میدیاكانی توركیا، دوای ئەوەی لەم هەفتەیەدا شاندی ئیمیڕاڵی چوونە لای ئۆجەلان، ئامادەكاری دەكرێت تا لە هەفتەی داهاتوودا، بەشێوەیەكی فراوان، چەندین كەسایەتیی تر بچنە لای ئۆجەلان و بۆچوونی لەبارەی كۆمیسیۆنی پەرلەمانی توركیا وەردەگرن.

ئاژانسی (ئۆكسژین)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، لەو سەردانە فراوانەدا، ئۆجەلان هەڵسەنگاندی جیدی بۆ ئەنجامی كۆبوونەوەكانی كۆمیسیۆنی پەرلەمانی توركیا دەكات، كە تایبەتە بە پرۆسەی ئاشتی و چەكدانانی پەكەكە، هەروەها پەیامێكی تریش بۆ قەندیل دەنێرێت بۆ ئەوەی پەلە بكەن لە پڕۆسەی چەكدانان.

پێشتر دەم پارتی رایگەیاندبوو، پێویست دەكات دەرگای ئیمیڕاڵی هەفتانە بكەنەوە، چونكە ئەو لیژنەیەی بۆ پڕۆسەی ئاشتی لەناو پەرلەمانی توركیا پێكهاتووە، دەبێت لەگەڵ ئۆجەلاندا گفتوگۆ بكەن و بۆچوونی وەربگرن، چونكە ئەكتەرێكی سەرەكی ئەو پڕۆسەیە ئۆجەلانە.

بەڵام قەندیل بۆچوون و داواكاری تووندتری هەیە، ئەوان لە رێگەی جەمیل بایك، بەرپرسی باڵای پەكەكەوە دەڵێن، تا ئۆجەلان ئازاد نەكرێت بەتەواوی چەك دانانێن، بۆیە حكوومەت و دەم پارتی لە هەوڵی ئەوەدان، تا ئۆجەلان بتوانێت پەیامێكی تر بۆ پەكەكە بنێرێت و داوایان لێبكات چەك دابنێن.

ئاكپارتی، بەفەرمی لەبارەی ئازادبوونی ئۆجەلانەوە هۆشداری دایە پەكەكە، كە پڕۆسەی ئاشتی بەهیچ شێوەیەك ئەوەی تێدا نییە ئۆجەلان ئازاد بكرێت، بەپێچەوانەوە ئۆجەلان ئازاد ناكرێت و چاوەڕێی ئەو هەنگاوە نەبن. تاوەكوو ئێستاش بەفەرمی لەلایەن قەندیلەوە وەڵامی ئاكپارتی نەدراوەتەوە.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٤دا، لە وتارێكدا ئاماژەی دا، با ئۆجەلان بهێنرێتە ناو پەرلەمانی توركیا لە وتارێكدا داوای هەڵوەشانەوەی پەكەكە بكات و پاشان بۆ خۆی (مافی ئومێد) بیگرێتەوە. مافی ئومێد، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دایناوە، دەبێت هەموو وڵاتانی ئەندامیش پابەند بن پێوەی، ئەویش ئەگەر سزادراوێك، جا سزایەكەی هەرچی بێت و هەر تاوانێكی كردبێت، ئەگەر ٢٥ ساڵ زیندانی كرابوو، پێویستە ئازاد بكرێت، ئەمەش بەسەر ئۆجەلاندا جێبەجێ دەبێت