كارزان گلی – ههولێر
بەرپرسانی مەهەپە، دڵگرانن و رەخنە لە ئاكەپە دەگرن، بەوەی لە پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان حكوومەت و قەندیلدا، ئاكەپە وەكوو پێویست هەنگاوی نەناوە و نەهاتووەتە پێشەوە. لەناو پەرلەمانی توركیا، كۆمیسیۆنێك بە ناوی (پاڵپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموكراتی) دروست بووە، كە ٥١ ئەندامن، مەهەپە لەو كۆمیسیۆنە رەخنەیان لە ئاكەپە گرتووە و گوتوویانە وەكوو پێویست هەنگاو نانێن.
بە گوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركیا، بەرپرسانی مەهەپە، لەناو خۆیاندا بوون بە دوو بەش، بەشێكیان پێیان وایە ئاكەپە هیچ كەمتەرخەمییەكی لەو پڕۆسەیەدا نییە، بەڵام بەشەكەی تریان، پێیان وایە ئاكەپە تاوەكوو ئێستا، بە شێوەیەكی بەهێز بۆچوون و هەڵوێستی خۆی نیشان نەداوە و خۆیان نەكردووەتە خاوەنی ئەو پڕۆسەیە.
مەهەپەییەكان گوتوویانە، ئێمە تاریكییەك لەناو ئەو كۆمیسیۆنە و پڕۆسەی ئاشتییەوە دەبینن، چونكە ئاكەپە گەرموگوڕ نییە و تاوەكوو ئێستا باش بەهێزییەوە نەهاتووەتە ناو پڕۆسەكەوە.
ئەگەرچی ئاكەپەییەكان لە رێگەی میدیاكانی خۆیانەوە، بە گرنگەوە باس لە پڕۆسەی ئاشتی دەكەن و دەڵێن هەنگاوێكە لە مێژووی توركیادا نەكراوە، بەڵام كەمیش نین، ئەوانەی سەر بە مەهەپە و دەرەوەی مەهەپەن رەخنە لە هەڵوێستی ئاكەپە دەگرن.
لەڤێنت گولتەكین، نووسەر و شرۆڤەكاری سیاسەت لە توركیا، هەڵوێستی رەجەب تەیب ئەردۆغانی پێ باش نییە لەو پڕۆسەیە و دەڵێت: ”ئەردۆغان، هەر لە سەرەتاوە خۆی لەو بابەتە دزییەوە، ترسی هەبوو كە پڕۆسەكە شكست بهێنێت و عەیبدار بێت، بۆیە بابەتەكەی دایە دەستی دەوڵەت باخچەلی. ئێستاش ئەگەر سەیری لێدوان و هەنگاوەكانی بكەن، هەر بەگومانە و گەرموگوڕ نییە، بەڵام بەهۆی بوونی مەهەپە و باخچەلی لەناو ئەو پڕۆسەیە، بۆیە جاروبار قسەیەك دەكات.“
گولتەكین، لە كەناڵی تایبەتی خۆی لە (یوتوب)، ئاماژەی داوە، ئەردۆغان بۆیە خۆی لەو پڕۆسەیە دەدزێتەوە و نەبووەتە پاڵەوانی ئەو پڕۆسەیە، بۆ ئەوەی ئەگەر هاتوو پڕۆسەكە شكستی هێنا، بەڕای گشتی توركیا بڵێت، ئەو نەبووە دەستپێكردووە، بەڵكوو باخچەلی بووە، بۆیە دەتوانێت بەئاسانی لێی بچێتە دەرەوە و لە رەخنەكان خۆی بدزێتەوە.
ئەوەی بە ئەندازیاری پڕۆسەی ئاشتی دادەنرێت لە توركیا، دەوڵەت باخچەلییە، چونكە یەكەمجار بوو ئەو لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٤دا، لە وتارێكدا داوای لە عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە كرد، داوا لە پەكەكە بكات چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، ئەوكات ئەویش با (مافی ئومێد) بیگرێتەوە و ئازاد بكرێت.
ئەردۆغان، وەكوو ئەكتەرێكی سەرەكی لەو پڕۆسەیە دەرنەكەتووە، ئەكتەرە سەرەكییەكان، باخچەلی و ئۆجەلان و دەم پارتین.

