رۆژنامەی ھەولێر

سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتی پەیوەستە بە شێوازی مامەڵەی توركیاوە لەگەڵ هەسەدە

كارزان گلی

 

هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، لە هەفتەی رابردوو هەڕەشەی لە هەسەدە كرد، داوای لێ كردن بچنە ناو وەزارەتی بەرگریی سووریا و گوتی، ئەگەر ئەو هەنگاوە نەنێن لەناویان دەبەین. ئەم لێدوانەی فیدان وای كرد، هەرزوو هاوسەرۆكی دەم پارتی وەڵام بداتەوە و بڵێت، بەلای فیدانەوە وایە، چاوی بنووقێنێت كورد هەمووی لەناو چووە.

ساڵی ٢٠١٥، كاتێك رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ پەكەكە پرسی چارەسەریی كوردیان لەناو برد و پرۆسەكە بێئەنجام كۆتایی هات، یەكێك لە هۆكارەكان ئەوە بوو، توركیا بڕیاری دابوو هێرش بكاتە سەر هەسەدە لە عەفرین و رۆژئاوای كوردستان، بۆیە ترس هەیە، ئەمجارەشیان هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە، چونكە توركیا بە ڕوونی هەڕەشە دەكات و تەنانەت ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سووریا، گوتی لە سووریا شتێك نییە بە ناو جیابوونەوە یان خۆسەر و ئەوانەی داوای ئەوە دەكەن خۆیان هەڵدەخەڵەتێنن، ئەمەش پەیامێك بوو بۆ هەسەدە، كە دەبێت تەسلیم ببن.

لەناو پەرلەمانی توركیا، كۆمیسیۆنێك دروست بووە، كە ئەندامی هەموو پارتە سیاسییەكانی توركیای تێدایە جگە لە پارتی خاس، ژمارەیان ٥١ ئەندامە و تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی و چۆنیەتیی چەكدانانی پەكەكەیە و هەروەها پتەوكردنی برایەتیی كورد و توركە. ئەو كۆمیسیۆنە تاوەكوو ئێستا سێ كۆبونەوەی ئەنجام داوە، بڕیارە تا كۆتایی ساڵ بەردەوام بن و پاشان چەند پێشنیارێك و پرۆژە یاسایەك ئامادە بكەن.

بەگوەێرەی بۆچوونی بەشێكی زۆر لە سیاسەتوان و شرۆڤەكارانی سیاسەت، ئەگەربێتو سووریا هێرش بكاتە سەر هەسەدە، پرۆسەی ئاشتیش لە توركیا پەكی دەكەوێت و تەنانەت ئەو كۆمیسیۆنەی دروستیش بووە هەڵدەوەشێتەوە، چونكە ناكرێت لە توركیا باس لە برایەتیی كورد و تورك بكرێت، بەڵام لە سووریا وەكوو دژمن سەیری كورد بكەن و هێرشیان بكرێتە سەر.

بە گوێرەی رێككەوتنێكی نێوان توركیا و سووریا، ژێرخانی سەربازی سووریا، لەلایەن توركیاوە بنیاد دەنرێتەوە، بۆیە سووریا ناتوانێت بەبێ توركیا بڕیاری شەڕ دژی هەسەدە بدات، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر پرۆسەی ئاشتی دەبێت لە توركیا.

ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی، لە ١٠ی ٣ی ٢٠٢٥، رێككەوتنێكی هەشت بڕگەیییان ئیمزا كرد، بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە بێت، پێویستە سوپای هەسەدە بچێتە ناو سووپای سووریا و سەر بە وەزارەتی بەرگری بێت، بەڵام میكانیزمی چوونە ناو سوپای سووریا باس نەكرابوو، تەنیا باس لەوە كرابوو، دەبێت لە ماوەی ساڵێكدا ئەو مادانە جێبەجێ بكرێت، بەڵام هەسەدە بە ڕوونی رایگەیاندووە، ناچێتە ناو سوپای سووریا، بەڵكو داوای لامەركەزی دەكات و دەڵێت هەسەدە رۆژئاوای كوردستان بپارێزێت، بەڵام سەر بە سووریا بێت، حكوومەتی راگوزەری سووریا و توركیا، ئەم داوایە رەت دەكەنەوە.

ئەگەر بەریەككەوتنی سوپای سووریا و هەسەدە بەهێزە، میدیاكانی توركیاش باسی دەكەن، بەتایبەت میدیای سەر بە ئاكەپە.

عەبدوڵقادر سەلڤی، رۆژنامەنووسی زۆر نزیك لە ئەردۆغان، لە وتارێكدا ئاشكرای كرد، حكوومەتی سووریا، بەبێ توركیا خۆی ئامادە دەكات تا هێرش بكاتە سەر هەسەدە و ئامادەكارییەكانیش لە كۆتایی نزیكە.

ئەگەرچی هەسەدە بەردەوام داوای ئاشتی دەكات و دەڵێن، ئێمە ئامادەین كێشەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بكەین، بەڵام دووپاتی دەكەنەوە، ئەگەر بەرانبەر هێرش بكات ئەوان وەڵام دەدەنەوە و بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەن ملكەچی سوپای سووریا ببن.