رۆژنامەی ھەولێر

کولتووری هاوسەرگیری لە مەغریب

 

 

و. هۆنیار عەبدوڵڵا

ئاهەنگی هاوسەرگیری لە مەغریب؛ یان رێوڕەسمی مارەبڕین، ئەو رۆژەی واژووی هاوسەرگیری دەکرێت، واتە گرێبەستی ژیانی هاوبەش لەلایەن بووک و زاواوە بە ئامادەبوونی خێزانەکانیان و بە سەرپەرشتی “دادنووس” کە بەرپرسە لە تۆمارکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگا.

 

ڕۆژی گەرماو

یەکەم رۆژی ئاهەنگەکانی فەرمی زەماوەندە؛ لەو رۆژەدا بووک لەگەڵ نزیکترین هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی روو دەکەنە گەرماو (حەمام). لەوێدا چەند رێوڕەسمێک ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی حەسانەوە وەک فرک و شێلان و بۆنخۆشکردن و رازاندنەوەی بووک، ئامادەکردنی بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە دەربکەوێت لە رۆژی زەماوەندەکەیدا.

 

ئاهەنگی خەنەبەندان

رۆژێک دوای رۆژی گەرماو، ئاهەنگی خەنەبەندان دەکرێت؛ ژنان دەست و قاچیان بە نەخش و نیگاری خەنە دەڕازێننەوە. ئەم کارە لەلایەن “نەقاشە” کە ئەو کەسەیە کە خەنە و جۆری خەنە و دیزاینە جوانەکان هەڵدەبژێرێت. خەنە وەک هێمایەک دادەنرێت بۆ بەپیت بوون، خۆشبەختی. لەم شەوەدا ئاهەنگ و سەما دەکرێت.

 

ئاهەنگی زەماوەند

ئەمە رۆژی فەرمی زەماوەندە، تێیدا میوانەکان پێشوازییان لێ دەکرێت بە چای نەعنا و شیرینیی مەغریبی لە کاتی چاوەڕوانی هاتنی بووک و زاوادا. پاشان بووک دەچێتە هۆڵێکی گەورە و رازاوەوە، لە کاتی گۆرانی گوتنی “نەکافات” کە کۆمەڵێک ژنن گۆرانی بۆ بووک دەڵێن. بووک لەناو کەژاوەی رازاوە هەڵدەگیرێت، پاشان دادەبەزێت و لە تەنیشت زاوادا دادەنیشێت لەناو “کۆشە” کە شوێنێکی رازاوەیە بۆ بووک و زاوا. یەکێک لە دیارترین دیمەنەکانی ئاهەنگی زەماوەندی مەغریبی بریتییە لە هەڵگرتنی بووک و زاوا لەسەر دوو کورسی رازاوە لەلایەن چوار کەسەوە لە کاتی لێدانی مۆسیقای رەسەنی مەغریب.

پاشان ئاهەنگەکە کۆتایی دێت بە پێشکەشکردنی خواردنە مەغریبییەکان، دوای ئەوە بووک و زاوا روو دەکەنە ماڵی زاوا، لەوێ خێزانی زاوا پێشوازییان لێ دەکەن بە شیر و خورما، ئەمەش هێمایە بۆ هیوای ژیانێکی ئارام و بەختەوەر بۆیان.

ئەو خواردنەی لە ئاهەنگی زەماوەندی مەغریبی پێشکەش دەکرێت.

بە شێوەیەکی گشتی شیرینی و خورمای ناوپڕ و چا بەسەر میوانەکاندا دابەش دەکرێت پێش هاتنی بووک و زاوا، بەڵام نانی ئێوارە راستەوخۆ دوای هاتنیان یان کەمێک دوای ئەوە پێشکەش دەکرێت، تێیدا مریشکی برژاوی بە لیمۆ و زەیتون بەتامکراو، خواردنی سەرەکی کە لە نەرمەگۆشتی مەڕ و بە قۆخ شیرینکراو و بە چەرەزات رازاوەتەوە، پێشکەش دەکرێت.

هەروەها شیرینییەکان بریتییە لە سینییەک میوەی وەرزی یان “سەفە” کە لەگەڵ بادامی برژاودا پێشکەش دەکرێت، هەندێک جار لەوانەیە پاستیل (Pastilla) پێشکەش بکرێت، هەروەها موعەجەنات (پێچراوە)ی ناوپڕ. لە کۆتایی ئاهەنگەکەدا کێکی زەماوەند پێشکەش دەکرێت کە بە واتای کۆتاییهاتنی ئاهەنگ و رێوڕەسمەکانیەتی.

 

جلوبەرگ لە زەماوەندی مەغریبی

لە هەر زەماوەندێکی مەغریبیدا خانمی تایبەت دادەنرێت بە ناوی “نەکافة” بۆ ئەوەی یارمەتی بووک بدات لە هەڵبژاردنی ئەو جلوبەرگ و ئێکسسوارات و خشڵانەی کە لە ئاهەنگی زەماوەندەکەدا دەیانپۆشێت، لە خشڵ و تاج و ماکیاژ. لە کاتی ئاهەنگەکەدا، بووک جلوبەرگی جیاواز دەپۆشێت کە رەنگدانەوەی کولتوور و نەریتی ناوچە جیاوازەکانی مەغریبە، لە دیارترین ئەو جلوبەرگانەی کە بووک لە کاتی ئاهەنگە جیاوازەکانی زەماوەندەکەدا دەیپۆشێت ئەمانەن:

 

قەفتانێکی سەوز و زێڕین لە ئاهەنگی خەنەبەندان.

تەکشیتەی سپیڕەنگ بۆ ئەوەی هێمای پاکی بێت، بووک لە سەرەتای ئاهەنگی زەماوەندەکەدا دەیپۆشێت.

فاسیە  (Fassia)ئەو جلانەن کە سەرپۆشێکی رازاوەی هەیە بۆ داپۆشینی سەر، بە شێوەیەکی گشتی لە کاتی هەڵگرتنی لەناو کەژاوەدا دەیپۆشێت، سپی یان زێڕینی سەوز و سپی رەنگە.

ڕەباتییە  (R’batia)بە شێوەیەکی گشتی رەنگی شینە و نوێنەرایەتی ناوچەی ریبات دەکات.

سەحراوی  (Sahraouia)جلێکە بە دەوری جەستەدا دەپێچرێت و دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی بیابانی مەغریب.

سوسیە  (Soussia)جلێکی رەنگاوڕەنگە و بە نەخش و نیگاری ئەمازیغی رازاوەتەوە.

مەجدوب  (Mejdoub)قەفتانێکی زێڕینە و نەخشێنراوە.

هەروەها زاوا بە شێوەیەکی گشتی پانتۆڵ و کراسی فەرمی (تۆکسیدۆ) دەپۆشێت، پاشان جلوبەرگی مەغریبی کلتووری کە بە جەلابیا ناسراوە. لە کۆتایی ئاهەنگەکەدا بووک دەتوانێت فستانی سپی باوی زەماوەند بپۆشێت. سەبارەت بە ئامادەبووان، بە شێوەیەکی گشتی ژنان تەکشیتە و پیاوان پۆشاکی رەسمی دەپۆشن.

 

سەرچاوە: العادات والتقالید