كارزان گلی – ههولێر
رۆژنامەنووسێكی زۆر نزیك لە رەجەب تەییب ئەردۆغان ئاشكرای دەكات، حكوومەتی راگوزەری سووریا، خۆی ئامادە دەكات تا لە ماوەیەكی نزیكدا هێرشێكی گەورەی سەربازی دژی هەسەدە و هەموو ئەو شوێنانەی لەژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدەدایە ئەنجام بدات.
عەبدولقادر سەلڤی، رۆژنامەنووسی زۆر نزیك لە ئەردۆغان، لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی (حوڕیەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئاشكرای دەكات بەهۆی رێككنەكەوتنی هەسەدە و حكوومەتی سووریا، شەڕێ نێوان ئەو دوو لایەنە دەستپێدەكات.
سەلڤی دەنووسێت: ”لە ١٠ی٣ی ٢٠٢٥، رێككەوتن لە نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی لەسەر هەشت مادە ئەنجام درا، كە دەبوایە لە ماوەی یەك ساڵدا ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكرایە و بەنداوی تشرین و فڕۆكەخانەكان و هەروەها گازی سروشتیی رادەستی حكوومەتی سووریا بكرابوایە، بەڵام هەسەدە هیچی جێبەجێ نەكرد، بە پێچەوانەوە رووی لە ئیسرائیل و فەرەنسا كرد و پەیوەندیی لەگەڵیان بەست و ئەمەش سەبری حكوومەتی سووریای نەهێشتووە.“
لەبەشێكی تری نووسینەكەیدا، باس لە ئامادەكاریی حكوومەتی سووریا دەكات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی هەسەدە و هەموو ئەو ناوچانەی لەژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدەدایە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەكە توركیا ئامادەكاری بۆ ناكات، بەڵكوو حكوومەتی سووریا ئامادەكاری بۆ دەكات.
حكوومەتی سووریا، رێككەوتنی لەگەڵ توركیادا كردووە، كە دەستی هەبێت لە دروستكردنی ژێرخانی سەربازی سووریا، بۆ ئەمەشیان توركیا هەوڵی جیدی دەدات و لە میدیاكانی خۆشیانەوە باسی دەكەن، كە دروستكردنی ژێرخانی سەربازی سووریا دراوەتە توركیا، بۆیە ئەگەر ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی دژی هەسەدە روو بدات، ناكرێت توركیا دەستی تێدا نەبێت.
وەكوو ئەوەی سەلڤی باسی دەكات، بەهۆی ئەوەی حكوومەتی سووریا ئامادەكاری بۆ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی دژی هەسەدە دەكات، بۆیە ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی باڵای هەسەدە چووە شام و لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەت كۆ بووەوە، بەڵام تاوەكوو ئێستا هەڵوێستی حكوومەتی سووریا نەگۆڕاوە و مكوڕن لەسەر ئەوەی ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدەن.
ئەگەر ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هەسەدە ئەنجام بدرێت، بە دڵنیاییەوە توركیا پاڵپشتی لە حكوومەتی سووریا دەكات، چونكە وەكوو ئەوەی ئاماژەكان دەریدەخەن، حكوومەتی سووریا توانای ئەوەی نییە لەڕووی سەربازییەوە رووبەڕووی هەسەدە ببێتەوە، بۆیە توركیا پاڵپشتی دەكات، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر ئەو رەوتە دەبێت، كە ناویان لێ ناوە توركیای بێتیرۆر و پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە و لەناو پەرلەمانی توركیاش كۆمیسیۆنێكی گەورەیان بۆی پێك هێناوە.

