رۆژنامەی ھەولێر

ترەمپ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێ دەدرێت؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

وتەبێژی كۆشكی سپی لە ٣١ی تەمووز ئاماژەی دا، ئیدی كاتی هاتووە تا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بدرێتە دۆناڵد ترەمپ، بەڵام بەشێك لە كۆمارییەكان و ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنن لە ئەمریكا، نیگەرانن لەوەی نۆبڵی ئاشتی بدرێتە ترەمپ و سەرسووڕمانی خۆیان بەو هەنگاوە دەردەبڕن.

كارۆلینا، وتەبێژی كۆشكی سپی گوتی: ”لەوكاتەوەی سەرۆك ترەمپ، بۆ جاری دووەم لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی دانیشت، رۆڵی هەبووە لە بەدیهێنانی ئاشتی لە دونیادا، وەكوو رێگەگرتن لە شەڕی نێوان (هیندستان و پاكستان)، (كامبۆچیا و تایلەند)، (رواندا و كۆماریی كۆنگۆ و سربستان و كۆسۆڤۆ).
باسی. كرد، لە سەروبەندی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ترەمپ رۆڵی گەورەی هەبووە لەوەی ئێران نەبێتە خاوەنی چەكی ئەتۆم و بڕیاریدا پەلاماری بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران بدرێت، ئەمەشی هەر لەبەر بەدیهێنانی ئاشتی ئەنجامدا.
تاوەكوو ئێستا پاكستان و ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی تر، پێشنیاریان كردووە كە ترەمپ ببێتە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، بەڵام كەمیش نین ئەو لایەن و سیاسی و لێكۆڵەرانەی دژی ئەوەن ئەو خەڵاتە بدرێتە ترەمپ و پێیانوایە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دووچاری هەراسانی و شەڕ كردووە.
ئانات ئالون بێك، پرۆفیسۆر لە بواری یاسا لە ئەمریكا، كە بەڕەگەز جوولەكەیە، دەڵێت ناوی ترەمپ دراوەتە ئەو پێنج ئەندامی لیژنەیەی لە نەرویژن و ناوەكان وەردەگرن و پێیوایە ترەمپ، ئەو سەرۆكەیە كە توانیویەتی رۆڵی هەبێت لە ئازادكردنی دیلەكانی دەستی حەماس لە غەززە، بۆیە سەرۆكێكی نائاساییە و شایەنی ئەو خەڵاتەیە.
ئیمما شۆرتیز، مێژوونووس و لێكۆڵەی ئەمریكا، لە نووسینێكدا كە لە ئاژانسی (كۆنڤێرسەیشن) بڵاوی كردوەتەوە، دژی ئەوەیە ترەمپ ببێتە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.
ئەو دەنووسێت: ”دەستنیشانكردنی ترەمپ بۆ ئەو خەڵاتە، وەكوو ئەوە وایە كەمتیارێك ببەیت بۆ پێشبڕكێی هەڵبژاردنی سەگجوانی.“
ئەو لێكۆڵەرە پێیوایە، ئەگەر ترەمپ بیزانیایە شایەنی ئەو خەڵاتەیە، بۆ خۆی نەیدەگوت ئەو خەڵاتەی پێنادەن، بەدڵنیاییەوە نابێت ئەو خەڵاتەی پێ بدەن.
ترەمپ بۆ خۆی لە سۆسیال میدیا بڵاوی كردەوە، شایەتی خەڵاتی نۆبڵم، بەڵام دەزانم ئەو خەڵاتەم پێنادەن، ئەوەی گرنگە خەڵك دەزانێت شایەنی ئەو خەڵاتەم.
گارێت مارتین، مامۆستای زانكۆ لە ئەمریكا، لە پلاتفۆرمی سۆسیال میدیا باس لە باراك ئۆباما، سەركۆماریی پێشووی ئەمریكا دەكات، كە لە ٢٠٠٩ ئەو خەڵاتەی پێدرا و ترەمپیش دەیەوێت كێبڕێ لەگەڵ ئۆبامادا بكات و ئەو خەڵاتە بەدەست بهێنێت.
ئۆباما، جارێ نۆ مانگ نەببوو كە لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی دانیشتبوو و بووە خاوەنی ئەو خەڵاتە، ئەوكات وەرگرتنی ئەو خەڵاتە بۆ ئۆباما گفتوگۆ و رەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، كە تاوەكوو ئێستاش قسەی لەسەر دەكرێت و ئۆباما بە شایەن نازانن.
ترەمپ لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٤، ئەوكاتەی پروپاگندەی هەڵبژاردنی ئەنجام دەدا، لەبارەی خەڵاتی نۆبڵەوە نەیشاردەوە كە شایەنی ئەو خەڵاتەیە و گوتی: ”ئەگەر ناوم ئۆباما بوایە، لەماوەی ١٠ چركەدا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان دەدامێ“ ئەمەش دەریدەخات، كە ترەمپ بەشێكی زۆری حەزكردنی بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە بەهۆی ئۆبامایەوەیە و دەیەوێت وەكوو ئەو ساڵێك بەسەر ماوەی سەرۆكایەتییەكەی تێپەڕی نەكردبێت ئەو خەڵاتە وەربگرێت.
ئەگەرچی ترەمپ هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە، بەڵام شارەزایان سیاسی و لێكۆڵەران، پێیانوایە ترەمپ دووەم كەسە كە زۆرترین شانسی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەی هەیە، واتە تاوەكوو ئێستا كەسی یەكەم نییە بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە، كە بڕیارە لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ ناوی وەرگری خەڵاتەكە ئاشكرا بكرێت.
خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لە ١٩٠١ەوە دابەش دەكرێت، تاوەكوو ئێستا ١٠٤ جار ئەو خەڵاتە دابەشكراوە و ١٣٨ كەس وەریان گرتووە. لەو رێژەیە ٩٢ی پیاو بووە و ١٩ی ئافرەت بووە و ٢٧یش دامەزراوەكانی بۆ ئاشتی خەباتیان كردووە بوونەتە خاوەنی ئەو خەڵاتە.