كارزان گلی – ههولێر
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت بە چەكدانانی پەكەكە لەناو پەرلەمانی توركیا ئەنجام بدرێت. ئەو لیژنەیە ئامادەكاری دەكات بۆ ئامادەكردنی پرۆژەسایەكی تایبەت بە چەكدانانی پەكەكە و هەروەها چارەنووسی گەریلاكان.
لیژنەكە تاوەكوو ئێستا ناوی (لیژنەی توركیا بێتیرۆرە)، بەڵام دەم پارتی گلەیی هەیە و دەڵێن دەبێت ناوی لیژنەكە بگۆڕدرێت، چوونكە خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا ناكات.
لەسەر داوای دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، ئەو لیژنەیە دروست بوو، كە نوێنەری هەموو پارتە سیاسییەكانی توركیای تێدایە، بەگوێرەی ژمارەی كورسییەكانیان لەناو پەرلەمانی توركیا رێژەییی ئەندامیان بەر دەكەوێت. لیژنەكە لە ٤٧ ئەنجام ئەندام پێكدێت، كاری سەرەكییان ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەكە، لەوێدا چارەنووسی گەریلا یەكلایی دەكرێتەوە و هەروەها چۆنییەتی چەكدانانی پەكەكە و ئەو هەنگاوانە قسەی لەسەر دەكرێت كە توركیا پێویستە بیهاوێت لەبارەی كورد و پەكەكەوە. بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو لیژنەیە بەیاسا داوا دەكات هەموو زیندانییانی سیاسی لە توركیا ئازاد بكرێن و ئەو تۆمەت و سزایانەی بەسەریاندا سەپاوە هەڵوەشێتەوە، بەمەش هەزاران كورد سوودمەند دەبێت.
جەهەپە، كە هەر لە سەرەتاوە رەتی كردەوە لەو لیژنەیەدا ئەندامی هەبێت، بەڵام ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، لە بڕیارێكی چاوەڕواننەكراودا بڕیاریدا ناوی ئەو كەسانە بنێرێت كە دەبنە ئەندام لەو لیژنەیە، بۆیە لیژنەكە تەواوی ئەندامی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی تێدایە.
ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، كە پێنج مانگە دەستگیر كراوە و سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵە، لە زیندانەوە پشتگیری خۆی بۆ لیژنەیە دەربڕی و دەڵێت، جەهەپە لەگەڵ ئاشتییەكی دڵسۆزانە و بێ فرت و فێڵە.
ئیمامئۆغڵو دەڵێت: ”ئامانج و ئومێدی ئێمەیە، كە بەشێوەیەكی دڵسۆزوانە و بێ حەساسییەت و بەشێوەیەكی شەفاف، هەموو پارتە سیاسییەكان، لەو پرۆسە مێژووییەدا ئەندامیان لەو لیژنەیەدا هەبێت. توركیا لەپێناو عەدالەت و دیموكراتی و خۆشگوزەرانی و ئاشتیدا، تا كۆتایی لەو رێگەیەدایە و پێشدەكەوێت.“
ئیمامئۆغڵو، داكۆكی لەوە كرد، هەر لەسەرەتاوە جەهەپە داوای كردووە، كێشەی كورد لە توركیا پێویستە لەناو پەرلەمانەوە چارەسەری بۆ بدۆزڕێتەوە و پەرلەمان شوێنی چارەسەرە.
بەڵام بەشێكی زۆری نووسەرانی سەر بە جەهەپە، لە رێگەی نووسین و سۆسیال میدیاوە، رەخنەیان لە جەهەپە گرتووە، بەوەی نابێت ئەندامیان لەو لیژنەیەدا هەبێت، چونكە هەر لە سەرەتاوە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماریی توركیا، حیسابی بۆ جەهەپە نەكرد و بە ئاشكرا گوتی ”لەگەڵ مەهەپە و دەم پارتیدا لەو رێگەیە بەردەوام دەبین تا ئاشتی دێتە بوون“.
رۆژی سێشەممە ٥ی ٨ی ٢٠٢٥، یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت بە چەكدانانی پەكەكە ئەنجام دەدرێت، وەكوو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، دەزگای هەواڵگری توركیاش لە نزیكەوە لەگەڵ ئەو لیژنەیەدایە و دوای هەموو كۆبوونەوەیەك راپۆرتێكی تایبەت بە دەزگای هەواڵگری توركیا دەدەن.
لەلایەكی ترەوە باس لەوە دەكرێت، پێویستە ئەنجامی هەموو كۆبوونەوەیەكی ئەو لیژنەیە بدرێت بە عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، چونكە ئەو كارئەكتەرێكی سەرەكی ئەو پڕۆسەیەیە ئۆجەلانە و ئەویش لە هەموو هەنگاوێك ئاگادار دەكەنەوە.

