بەر لەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، داوا لە پەكەكە بكات چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، شاندی دەم پارتی سێ جار سەردانی ئیمرالییان كرد و لەو سەردانانەشدا چەندین پرس باس كراوە، یەكێك لەو پرسانەش سیاسەتی قەیومە لە باكووریی كوردستان.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست ئاژانسی (DW)ی توركی كەوتووە، شاندی دەم پارتی، كاتێك سەردانی ئیمرالییان كردووە، بە ئۆجەلانیان گوتووە، دەچنە لای وەزیری داد و باس لە سیاسەتی قەیوم دەكەن، كە دەبێت كۆتایی پێ بێت.
ئۆجەلان گوتویەتی: ”هەر شتێك پەیوەست بێت بەیاساوە، قەیومیش لەناویدا باسی مەكەن، ئێوە ئەگەر تواناتان هەبایە هەر لە سەرەتاوە نەتاندەهێشت سیاسەتی قەیومتان بەرامبەر جێبەجێ بكرێت و بەشێوەی یاسایی چارەسەرتان دەكرد، بۆیە لەوڕووەوە هیچ شتێك باس مەكەن.“
ئۆجەلان، رەخنەی زۆریشی لە دەم پارتی گرتووە، بەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا كاری باشیان نەكردووە تا دەنگەكانیان زیاد بكات، تەنانەت پێیانی گوتووە ئێوە شكستان هێناوە لەوەی لە توركیا خۆتان بەدامەزراوەیی بكەن. ئۆجەلان، پێیانی گوتووە، دەبێت كار بكەن تا دەنگی دەم پارتی بگاتە ٢٠٪، ئەگەر ئەوە روو نەدات، كەواتە شكستتان هێناوە.
دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ٢٠٢٤، دەم پارتی توانیی ١٠ شارەوانیی شارەكان بباتەوە و هەروەها زیاتر لە ٨٠ شارەوانیی تریش لە ناحیە و شارۆچكەكان بردەوە، حكوومەت لە ئۆپەراسیۆنێكدا چەندین سەرۆك شارەوانیی دەم پارتی دەستگیر كرد و لە شوێنی ئەوانیش كەسێكی سەر بە دەوڵەتی وەكوو قەیوم دامەزراند.
لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠١٩ش، هەدەپە توانی ١٠٠ شارەوانیی بباتەوە، بەڵام زیاتر لە ٦٠ شارەوانیی هەدەپە قەیوم كرا و بەشێكی زۆری سەرۆك شارەوانییەكانیش بە تۆمەتی ئەوەی دەستیان لەگەڵ پەكەكە تێكەڵ كردووە دەستگیر كراون، لە ناویاندا سەرۆكی شارەوانیی ئامەد و مێردین و قارس و وانی تێدا بوو.
هەر شاندی دەم پارتی، باسیان لە ئازادكردنی ئۆجەلان كردووە و گوتوویانە، دەوڵەت باخچەلی باسی كردووە، كە (مافی ئومێد) لەسەر ئۆجەلان جێبەجێ بكرێت، بەڵام ئۆجەلان لەوڕووەشەوە بۆچونێكی جیاوازی هەبووە و ئاماژەی داوە، باخچەلی لە نییەتی خۆی ئەو قسەیەی كردووە، گەرنا ئازادبوونی من پرۆسەیەكی یاسایی نییە، بۆیە خەیاڵی لەسەر دروست مەكەن.
بەڵام ئۆجەلان دوپاتی كردووەتەوە، كە پێویستە شاندی دەم پارتی بچنە لای ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، تا بتوانن بڕوای پێبهێنن پشتگیریی لە پڕۆسەی چارەسەریی بكات، چونكە بە گرنگی زانیوە كە جەهەپە و خودی ئۆزەل بێنە ناو ئەو پڕۆسەیەوە.
لە ٢٧ی ٢ی ٢٠٢٥، ئۆجەلان لە پەیامێكدا داوای لە پەكەكە كرد چەك دابنێن و كۆتایی بە خەباتی چەكداریی بهێنن. پرۆسەكە گەیشتە ئەوەی پەكەكە بە كردار چەك دابنێت و لە هەنگاوی یەكەمدا، ٣٠ گەریلا بە ئامادەبوونی دەزگاكانی راگەیاند و نوێنەری توركیا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق، چەكەكانیان سوتاند و بەسێ هۆزان، بەرپرسی باڵای پەكەكە لە وتارێكدا گوتی ”ئەمە نییەت پاكی پەكەكە نیشان دەدات و پێویستە دەوڵەتیش هەنگاوە یاساییەكان بهاوێت.

