رۆژنامەی ھەولێر

ئازادکردنی دەمیرتاش رەت كرایەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەگەرچی چاوەڕوان دەكرا، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە ئازاد بكرێن، بەڵام دادگای ٢٢ی تاوانە قورسەكانی ئانکارا، ئازادکردنیانی رەت كردەوە، ئەمەش دەم پارتیی نیگەران كردووە.

دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، سێ جار داوای كرد دەمیرتاش و یوكسەكداغ ئازاد بكرێن، چونكە ئەو گوتانەی گوتوویانە و پێی دادگایی كراون دەچێتە چوارچێوەی ئازادی رادەربڕین، نەك ئاژاوەگێڕی و تێكدانی ئاسایشی توركیا، بەڵام دادگای ژمارە ٢٢ـی تاوانە قورسەكانی ئانکارا رەتی كردەوە.
هەفتەی رابردوو، شاندێكی دەم پارتی، لەگەڵ وەزیری دادی توركیا كۆ بووەوە، لەبارەی ئازادکردنی دەمیرتاش و یوكسەكداغ قسەیان كرد و گەشبین بوون بە ئازادییان.
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، لە جاری سێیەمدا هۆشداریی داوەتە توركیا، كە دوو جار داوای كردووە ئەو دوو كەسایەتییە ئازاد بكرێن و لە جاری سێیەمدا بە توركیایان راگەیاند، پێویستە دەمودەست ئازاد بكرێن، بەڵام توركیا بڕیاری ئەو دادگایەی پشتگوێ خست.
لە كاتێكدا پرسی چارەسەریی كورد لەگۆڕێیە و هەروەها پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە بووەتە كردار، بۆیە ئازادکردنی دەمیرتاش و یەكسەكداغ، ئەگەرێكی زۆر بەهێز بوو و تەنانەت شڕۆڤەكارانی سیاسی پێیانوابوو، بۆ ئەوەی توركیا نییەت پاكی خۆی نیشانی كورد بدات، لە هەنگاوی یەكەمدا دەمیرتاش ئازاد دەكات، بەڵام وا دەرنەچوو.
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، دادگای ٢٢ی تاوانە قورسەكانی ئانکارا گوتوویەتی، بەهۆی ئەوەی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، رێگەی داوە تانە لە بڕیارەكە بدرێت و توركیاش تانەی لێ داوە، بۆیە دەبێت چاوەڕێی تانەكە بكرێت، ئەمەش هۆكارە جارێ ئازاد نەكرێن.
بەڵام یاساناسانی توركیا رەتی دەكەنەوە، ئازادنەبوونی دەمیرتاش و یەكسەكداغ، پەیوەندیی بەو هۆكارەوە هەبێت، چونكە دادگای ناوبراو بڕیارەكەی بڕاندووەتەوە و دەڵێت نابێت تانەی لێ بدرێت و دەمودەست ئازاد بكرێن، بۆیە توركیا ناچارە بڕیارەكە جێبەجێ بكات.
یاڵچن دۆغان، نووسەری دیاری توركیا، لە نووسینێكدا كە لە ماڵپەڕی (T24)ی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە دەدات، ئازادنەکرانی دەمیرتاش، كاریگەریی لەسەر پرسی چارەسەری دەبێت و ئەگەر گوێ بە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا نەدرێت، كەواتە چۆن كورد چۆن متمانەی بەو پرۆسەیە هەبێت؟
توركیا ئەندامی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایە، بەگوێرەی دەستووری ئەو دادگایەش بێت، هەموو ئەو وڵاتانەی ئەندامن لەو دادگایە، پێویستە لەسەریان بڕیاری دادگا جێبەجێ بكەن و بڕیاری ئەو دادگایەش لە سەرووی بڕیاری دادگای ئەو وڵاتەیە كە ئەندام لە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا.
لە ٢٠٠٢، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەو دادگایە داوای یاسایی تۆمار كرد و داوای كرد قەدەغەی سیاسەتی لەسەر هەڵبگیرێت، بۆیە بەبڕیاری ئەو دادگایە ئەردۆغان توانیی بێتە ناو كایەی سیاسەت و ببێت بە سەرۆك وەزیرانی توركیا.
دەمیرتاش و یوكسەكداغ، لە ٦ی ١١ی ٢٠١٦، بە تۆمەتی ئەوەی لە وتارێكدا هانی خەڵكیان داوە بۆ ئاژاوەگێڕی و تێكدانی ئاسایشی توركیا دەستگیر كران و دادگا بڕیاری دا دەمیرتاش ٤٣ ساڵ زیندانی بكرێت و یوكسەكداغیش ٣٠ ساڵ.