رۆژنامەی ھەولێر

لەمەودوا قۆناغەكانی پرسی چارەسەریی كورد چۆن دەبێت؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

دوای ئەوەی ٣٠ چەكداری پەكەكە، چەكیان دانا و سووتاندیان، چاوەكان لەسەر پەرلەمانی توركیایە، ئاخۆ هەنگاوی كرداری دەوڵەتی توركیا چی دەبێت بەرامبەر بە پەكەكە و ئەو لیژنەیەی بڕیارە دروست بێت، ئەركەكانی چین و كەی دەستبەكار دەبن؟

لە قۆناغی یەكەمدا، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، داوای لە پەكەكە كرد خۆی هەڵوەشێنێتەوە و چەك دابنێت. قۆناغی دووەم پەكەكە كۆنگرەی بەست و پاشان بڕیاری دا چەك فڕی بدات و لە هەنگاوێكی كرداریدا ٣٠ چەكداریان خۆیان چەک کرد و چەكەكانیان سووتاند. قۆناغی سێیەمی پرسی چارەسەریی كورد، ئازادكردنی ئەو زیندانە سیاسیانەیە ساڵانێكە دەستگیر كراون و باری تەندروستییان ناجێگیرە و پێویستە ئازاد بكرێن. قۆناغی چوارەم دەركردنی یاسایەكی تایبەتە بۆ ئەو چەكدار و بەرپرسانەی پەكەكە، كە دوای چەك دانان ئاییندەیان چی لێ دێت و چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان، دەوڵەتی توركیا لە هەوڵی ئەوەدایە كە لێبوردنی گشتی بۆ زیندانیانی سیاسیی دەربكات، بەڵام روون نییە لێبوردنەكە كێ دەگرێتەوە و چەند كەس دەگرێتەوە، چونكە بە گوێرەی ئەو ئامارانەی بڵاو كراوەتەوە، ١٠٠ هەزار زیندانی سیاسیی كورد لە گرتووخانەكانی توركیان.
دەم پارتی، لە هەفتەی داهاتوودا، سەردانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان دەكات، تا رازیان بكات لەو لیژنەیەی بڕیارە دروست ببێت، ئەوانیش رۆڵیان هەبێت و ئەندامیان هەبێت.
ئەو لیژنەیەی بڕیارە لە پەرلەمانی توركیا دروست بێت، لە ٣٥ بۆ ٤٠ ئەندام پێك دێت، تەنیا ئەندامی ئەو پارتانەی تێدا دەبێت كە نوێنەریان لە پەرلەمان هەیە، بەڵام جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، بە گەرمی پێشوازی لەو پرۆسەیە ناكات و پێی وایە رەجەب تەیب ئەردۆغان، بۆیە ئەو پرۆسەیەی دەستپێكردووە، تا لەرێگەی دەم پارتییەوە بتوانێت بۆ جاری سێیەم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی خۆی بەربژێر بكاتەوە.
ئاژانسی (DW)ـی توركی بڵاوی كردووەتەوە، دەم پارتی داوای كردووە، پرسی چارەسەریی لەناو پەرلەمانی توركیا یاسای بۆ دەربچێت و هەروەها گرنگە سوود لە ئەزموونی كۆلۆمبیا و فارك، یان هەر وڵاتێكی تر وەربگیرێت، واتە مۆدێلێكی تایبەت بە توركیا نەبێت و ئەزموونی وڵاتان بهێنن و سوودی لێ ببینن بۆ پرسی چارەسەریی كورد.
سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ ئازاد دەكرێن
دەم پارتی، بە فەرمی داوای كردووە، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە ئازاد بكرێن، چونكە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری ئازادبوونیانی داوە و دەبێت توركیا جێبەجێی بكات.
دەم پارتی پێیان وایە، ئازادبوونی دەمیرتاش و فیگەن، پەیوەندیی بە پرسی چارەسەریی كوردەوە نییە، چونكە دادگا بڕیاری ئازادکردنی ئەو دوو کەسەی داوە، هەروەها لەسەر دۆسیەی كۆبانێ دەستگیر كراون، مادام پرسی چارەسەری هەیە و پەكەكە چەك دادەنێت، مانەوەی دەمیرتاش و یوكسەك، هیچ مانایەكی نییە و لە سوودی توركیا نییە.
دەمیرتاش، ماوەیەكە وتار و بۆچوونەكانی بەلای دەسەڵاتدا دەشكێتەوە و ئەو پێی وایە دەبێت دەم پارتی، بۆ برەودان بە پرسی چارەسەری و مافی كورد، گرنگە دەست بخاتە ناو دەستی ئەردۆغان و ئاكەپە، بۆیە ئازادکرانی دەمیرتاش، زیاتر لە بەرژەوەندی ئەردۆغان و ئاكەپەیە، چونكە رەنگە كاریگەریی هەبێت لەوەی بتوانێت بڕوا بە دەم پارتییەكان بهێنێت، تا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، پشتگیری لە ئەردۆغان بكەن.