كارزان گلی – ههولێر
بۆ ئەوەی گۆشەگیری لەسەر سەری تیرۆریست هەڵبگیرێت، با بێتە ناو پەرلەمانی توركیا و بۆ گروپی پەرلەمانتارانی دەم پارتی قسە بكات و داوا بكات پەكەكە چەك دابنێت و بەتەواوی خۆیان هەڵوەشێننەوە؛ سەرەتای پڕۆسەی هەنگاونان بۆ چەكدانانی پەكەكە، لەم گوتەیەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپەوە دەستپێكرد، كە ٢٢/١٠/٢٠٢٤ـی زایینی لە پەرلەمانی توركیا خستیە روو.
ئەم گوتەیەی باخچەلی، جموجۆڵێكی زۆر گەورەی لە توركیا بەدوای خۆیدا هێنا و پرسی چارەسەریی كورد هاتەوە بەرباس، بەتایبەت ئەوكاتەی دەم پارتی و مەهەپە لە یەكتری نزیك بوونەوە و هەروەها دەرگای ئیمرالییش بەڕووی پەرلەمانتارانی دەم پارتی كرایەوە.
پرۆسەی هاتنە بەرباسی پرسی چارەسەریی كورد و چەكدانانی پەكەكە بەم شێوەیە بوو:
_ رێکەوتی ١/١٠/٢٠٢٤ دەوڵەت باخچەلی، لەناو پەرلەمانی توركیا تۆقەی لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی كرد. ئەمە هەنگاوێك بوو بۆ نزیكبوونەوە لە كورد و بووە باسوخواسی میدیاكان و باخچەلی ئەم هەنگاوەی بە سەرلەنوێ هاتنە بەرباسی پرسی چارەسەریی لێك دایەوە.
_ ١٢ی١٠ی٢٠٢٤، رەجەب تەیب ئەردۆغان، تەوقەكردنی باخچەلی لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی بە ئەرێنی وەسف كرد و گوتی ئەو دەستەی باخچەلی بۆ ئەوە بووە، لە وڵاتەكەماندا خەباتی دیموكراتی برەو پێ بدەین و گوتیشی: ”ئێمە هەمیشە هەین بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرانی تیرۆریستان بەتەواوی لەناو ببەین.“
_ لە ١٥ی ١٠ی ٢٠٢٤، باخچەلی، داوای لە ئۆجەلان كرد، پەیامێك بۆ پەكەكە بنێرێت و پارتەكەی هەڵوەشێنێتەوە. باخچەلی داوای كرد، با ئۆجەلان تاكلایەنانە پەكەكە هەڵوەشێنێتەوە، ئەو هەموو كات ناڵێت ئامادەی هەموو خزمەتێكم؟
_ لە ٢٢ی١٠ی ٢٠٢٤، باخچەلی لە وتارێكدا لە پەرلەمانی توركیا كە دەنگی دایەوە لە توركیا گوتی: ”بۆ ئەوەی گۆشەگیری لەسەر سەری تیرۆریستان هەڵبگیرێت، با بێتە ناو پەرلەمانی توركیا و بۆ گروپی پەرلەمانتارانی دەم پارتی قسە بكات و داوا بكات پەكەكە چەك دابنێت و بەتەواوی خۆیان هەڵوەشێننەوە.“
باسی لەوەش كرد، با (مافی ئومێد) بدرێتە ئۆجەلان، مەبەست لەو مافە ئازادكردنی ئۆجەلانە.
_ لە ٢٣ی ١٠ی ٢٠٢٤، عومەر ئۆجەلان، برازای ئۆجەلان، كە پەرلەمانتاری دەم پارتییە، چووە سەردانی ئۆجەلان لە ئیمرالی و چاوی پێی كەوت. پەیامی ئۆجەلان ئەوە بوو ”گۆشەگیركردن بەردەوامە، ئەگەر مەرجەكان جێبەجێ بکرێ، دەتوانم بە رێگەی یاسایی و سیاسی، شەڕەکە چارەسەر بكەم و ئەو هێزەم پێیە زەمینەکەی بۆ بڕەخسێنم.“
_ هە ر لە ٢٣ی ١٠ی ٢٠٢٤، پەكەكە پەلاماری پیشەسازی سەربازی دەوڵەتی توركیای دا كە سەر بە دامەزەراوەی وەزارەتی بەرگرییە و پێنج كەس کوژران و پەكەكە ئەو پەلامارەی گرتە ئەستۆی خۆی.
_ لە ٢٤ی ١٠ی ٢٠٢٤، كەجەكە دیداری ئۆجەلانی لە ئیمرالی بە ئەرێنی وەسف كرد، بەڵام گوتیان پێویستە گۆشەگیركردنی ئۆجەلان هەڵبگیرێت و ئۆجەلان بۆ خۆی بێتە ناو پرۆسەی چارەسەرییەوە.
_ لە ٣٠ی ١٠ی ٢٠٢٤، ئەردۆغان لە پەیامێكدا پشتگیریی خۆی بۆ وتارەكەی باخچەلی دەربری لەبارەی چەكدانانی پەكەكە. ئەردۆغان گوتی: ”ئێمە پەیاممان بۆ میللەتە، پەیامی ئێمە بۆ چەكدارانی پەكەكە نییە لە سووریا و عێراق و خەباتی ئێمە دژی ئەوان بەردەوام دەبێت.“
_ لە ٤ی ١١ی ٢٠٢٤، لە چاوەڕوانی كەسدا نەبوو، كە شارەوانیەكانی مێردین و حەلفەتی و باتمان قەیوم كرا و ئەحمەد تورك و گوڵستان سۆنووك و محەمەد كەرەیلان، لەسەر دۆسیەی كۆبانێ ١٣ ساڵ سزای زیندانیان بەسەر سەپێنرا.
بەڵام هەر باخچەلی رۆڵی هەبوو، لەوەی ئەحمەد تورك دەستگیر نەكرێت، ئەویش بەهۆی تەمەنی و هەروەها پرۆسەی چارەسەری.
_ لە ٢٦ی ١١ی ٢٠٢٤، شاندی دەم پارتی، داوایان لە وەزارەتی دادی توركیا كرد، رێگەیان بدەن سەردانی ئیمڕاڵی بكەن و داواكەیان قبوڵ كرا. بەڵام لە ٢٧ی ١٢ی ٢٠٢٤، توانیان بچنە ئیمرالی و چاویان بە ئۆجەلان كەوت.
_ لە ٢٨ی ٢٠٢٤، شاندی ئیمرالی، كە لە سری سورەیا ئۆندەر، پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورك پێك هاتبوو، پەیامی ئۆجەلانیان هێنا و بڵاویان كردەوە. ئۆجەلان، گوتبووی ئەردۆغان و باخچەلی، هێزیان داوەتە ئەو پرادیگما (پارادایم)ـە تازەیە، من بەشێوەیەكی پۆزەتیڤ، خاوەنی ئەو بڕیارەم كە رۆڵم هەبێت لەو پرۆسەیە.
_ لە ٣٠ی ١٢ی ٢٠٢٤، بەسێ هۆزات، هاوسەرۆكی (كەجەكە) گوتی ”ئەو چارەسەرەی ئۆجەلان هێناویەتیە بەرباس، ئێمە لە پشت ئەو ئیرادەیەوە دەوەستین.“
لە هەمان ئەو رۆژەی بەسێ قسەی كرد، مراد قەرەیلان، ئەندامی سەركردایەتی پەكەكە، ئاماژەی دا ئەو سیگناڵەی ئۆجەلان داویەتی، وای نیشان نادات كە پڕۆسەیەكی تازە بێتە بوون.
_ لە ٢ بۆ ٧ی ١ی ٢٠٢٥، دوای ئەوەی شاندی ئیمرالی ئۆجەلانیان بینیبوو، دەستیان بە سەردانیكردنی ئەو پارتانە كرد، كە لە توركیا رۆڵیان هەیە.
_ لە ١٩ی ١ی ٢٠٢٥، مەزڵووم عەبدی، سەرۆكی فەرماندەی هەسەدە لە رۆژئاوای كوردستان، لە دیمانەیەكیدا بۆ كەناڵی (عەرەبیە)، گوتی هەسەدە بەهیچ شێوەیەك چەك دانانێت، تەنیا پێشوازی لە پرسی چارەسەریی كورد دەكات لە توركیا.
_ لە ٢٢ی ١ی ٢٠٢٥، پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر، بۆ جاری دووەم سەردانی ئیمرالیان كرد و چاویان بە ئۆجەلان كەوت.
_ لە ٢٨ی ١ی ٢٠٢٥، حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، پەیامێكی بە زمانی كوردی بڵاو كردەوە و ئاماژەی دا، كە كورد لە سووریا و لە سەردەمی رژێمی ئەسەددا، رووبەڕووی زڵم و ستەمی زۆر بوونەتەوە. ئێمە وڵاتێك بنیاد دەنێین، هەموومان بە یەكسانی لەناویدا بژین.
_ لە ٢٩ی ١ی ٢٠٢٥، ئەحمەد شەرع، حكوومەتی راگوزەری لە سووریا پێك هێنا و بۆ خۆی بووە سەركۆماری سووریا و داوایان كرد، هێزی هەسەدە بچێتە سەر وەزارەتی بەرگریی سووریا.
_ لە ٤ی ٢ی ٢٠٢٥، تونجار بەكرخان، هاوسەرۆكی دەم پارتی گوتی ”ئۆجەلان خۆی ئامادە دەكات تا پەیامێكی مێژوویی بڵاو بكاتەوە“ لە هەمان رۆژدا ئەحمەد شەرع لە توركیا بوو و لەگەڵ ئەردۆغاندا كۆ بووەوە. دوای كۆبوونەوەكە ئەردۆغان گوتی: ”بەتایبەت باسمان لەوە كرد، كە چۆن رووبەڕووی تیرۆریستان ببینەوە لە باكووریی رۆژهەڵاتی سووریا (مەبەستی یەپەگە بوو)، هەروەها چی هەنگاوێكیان بەرامبەر بگرینە بەر.“
پەیامەكەی ئۆجەلان
_ لە ٢٦ی ٢ی ٢٠٢٥، وەزارەتی دادی توركا رێگەی دا كە بۆ جاری سێیەم شاندی ئیمرالی بچنە ئیمرالی و چاویان بە ئۆجەلان بكەوێت و لەوێ لەبارەی پەیامەكەی ئۆجەلان گفتوگۆیان كردووە و ئامادەكاری كراوە بۆ ئەوەی پەیامەكە بۆ رای گشتی بڵاو بكرێتەوە.
_ لە ٢٧ی ٢ی ٢٠٢٥، پەیامی ئۆجەلان، لە ئیستانبۆڵ، لە مەراسیمێكدا بە زمانی توركی و كوردی، لەلایەن ئەحمەد تورك و سری سورەیا ئۆندەر خوێندرایەوە، لەوێ ئۆجەلان داوا لە پەكەكە دەكات، چەك دابنێن و خۆیان هەڵوەشیننەوە.
ئۆجەلان لەو پەیامەیدا، بە ڕوونی گوتبووی، ئیدی بڕوامان بە دامەزراندنی دەوڵەتی كورد و فیدراڵی و حوكمی زاتی نییە، بڕوامان بەوە هەیە، لە چوارچێوەی دیموكراتی توركیادا خەبات بۆ مافەكانمان بكەین.
_ لە ١ی٣ی٢٠٢٥، پەكەكە بڕیاری دا ئاگربەست رابگەیەنێت، ئەمەش بۆ ئەوەی خۆیان بۆ كۆنگرە ئامادە بكەن. بەڵام پەكەكە رایگەیاند بۆ ئەوەی كۆنگرە بكەن، دەبێت پارێزراو بن و هەروەها كۆنگرە بەشێوەیەك بێت ئاسایشی ئەوان بپارێزرێت.
_ پەكەكە لە ٥ بۆ ٧ی ٥ی ٢٠٢٥، كۆنگرەی ١٢ی خۆی کرد و لەوێدا خۆیان هەڵوەشاندەوە و گوتیان لەسەر داوای رێبەرەکەمان كۆتایی بە خەباتی چەكداری دەهێنێن.
_ لە ١١ی ٧ی ٢٠٢٥، لە رێوڕەسمێكدا دوور لە چاوی میدیا، یەكەم هەنگاوی چەكدانانی پەكەكە لە دەڤەری راپەڕین دەستی پێ كرد. لەو رێوڕەسمەدا، نوێنەری توركیا و عێراق و سەرۆك بارزانی و سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی کوردستانیشی تێدا بوو.

