كارزان گلی – ههولێر
دادگای باڵای توركیا، بە تۆمەتی ئەوەی ساختەكاری لە كاتی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك لە كۆنگرەی ٣٨ـی جەهەپەدا كراوە، بڕیاری لەبارەی ئەنجامی كۆنگرە بۆ مانگی ئەیلوول دواخست، بەمەش كەمال كلیچدارئۆغڵو، نەیتوانی ببێتەوە بە سەرۆكی جەهەپە، كە خۆی دانابوو بڕیاری هەڵوەشانەوەی كۆنگرە بدرێت و بچێتە شوێنی ئۆزگوور ئۆزەل.
لە ٢٠٢٣دا، دوای ئەوەی كەمال كلیچدارئۆغڵو، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا بەرامبەر بە رەجەب تەیب ئەردۆغان دۆڕا، رێفۆڕمچییەكانی ناو جەهەپە بە رێبەرایەتیی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، داوایان كرد جەهەپە بچێتە ناو كۆنگرە و سەرۆكێكی تازە هەڵبژێرێت، دەیانگوت كلیچدارئۆغڵو هیچی پێ نەماوە و، جەهەپە لە سایەی ئەودا ١٢ جار هەڵبژاردنی دۆڕاندووە.
لە كۆنگرەدا كە ٣/١١/٢٠٢٣ ئەنجام درا، ئۆزگوور ئۆزەل، بە پاڵپشتیی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بووە سەرۆكی جەهەپە؛ كلیچدارئۆغڵو لە وتارێكدا گوتی: ”لە پشتەوە خەنجەریان لێ دام.“
لوتفو ساڤاش، پەرلەمانتاری جەهەپە و نزیك لە كلیچدارئۆغڵو، داوای یاسایی تۆمار كرد و گوتی ساختەكاری كراوە، بەوەی پارە دابەش كراوە و بەڵێن بە ئەندامانی كۆنگرە دراوە ئەگەر دەنگ بە ئۆزەل بدەن، دەتانكەین بە سەرۆكشارەوانی و هەروەها پۆستی تری ئیدارییان پێ دەدەن.
دادگای باڵای توركیا بڕیاری دا ئەنجامی كۆنگرە بۆ مانگی ئەیلوول دوا بخات و ئەوكات بڕیار دەدەن ئاخۆ كۆنگرە هەڵوەشێتەوە یان كۆنگرەكە قبووڵ بكرێت.
بەڵام لایەنگرانی جەهەپە، رایانگەیاندووە ئەگەر بڕیاری دادگاش هەڵوەشانەوەی كۆنگرە بێت و كلیچدارئۆغڵو ببێتەوە بە سەرۆك، رێگە نادەن كلیچدارئۆغڵو وەكوو سەرۆك بچێتە بینای جەهەپە لە ئەنكەرا و تۆمەتی ئەوەیان داوەتە پاڵ، ئەو پیاوی رەجەب تەیب ئەردۆغانە و بۆیە داوای یاسایی تۆمار كردووە، تا جەهەپە پەرتوبڵاو بێت و بەمەش رێگە خۆش بكرێت بۆ ئەردۆغان تا لە هەڵبژاردنی داهاتوو بیباتەوە، بەتایبەت لەم كاتەدا كە جەهەپە لە ترۆپكدایە و توانیویەتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا لە ٢٠٢٤ ببێتە پارتی یەكەم.
بەگوێرەی زانیاریی میدیاكانی توركیا، ئەگەر كلیچدارئۆغڵو ببێتەوە بە سەرۆك و ئەنجامی كۆنگرە هەڵوەسێتەوە، كلیچدارئۆغڵو پارت ناباتە ناو كۆنگرەوە، بەڵكوو تا ماوەیەك كۆنگرە دوا دەخات تا ئەو كەسانە تەسفیە بكات كە دژایەتییان كردووە لە كۆنگرەی ٣٨دا، لەناویاندا ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، كە ئێستا بە تۆمەتی گەندەڵی زیندانی كراوە، هەروەها ئۆزگوور ئۆزەل و چەند كەسایەتییەكی تریش لە لیستی كلیچدارئۆغڵودان تا لە جەهەپە دووریان بخاتەوە، بەڵام ئایە ئەو قورساییەی هەیە؟ ئایە كلیچدارئۆغڵو دەتوانێت تۆڵە لە ئۆزەل و ئیمامئۆغڵو بكاتەوە؟ ئەمە زەحمەتە و دەكرێت بڵێین شەڕی ناوخۆی ناو جەهەپە گەورەتر دەبێ و ئاكەپە و ئەردۆغان خۆیشی ئەوەیان دەوێت.

