كارزان گلی – ههولێر
وشكەساڵییەكی زۆر سەخت رووی لە سووریا و رۆژئاوای كوردستان كردووە، کە لە ماوەی ٦٠ ساڵی رابردوودا وشكەساڵی بەو شێوەیە رووی نەداوە. رژێمی سووریا و ئیدارەی خۆسەر، كە یەپەگە بەڕێوەی دەبات لە رۆژئاوای كوردستان، كەوتوونەتە كێبڕكێیەكی زۆر گەورە لەبارەی كڕینی گەنمی جووتیاران.
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، لە سووریادا ١٦ملیۆن كەس، مەترسیی بێخۆراكیان لەسەرە، ئەگەربێتو قەیرانی گەنم بەو شێوەیە بمێنێتەوە.
حەیا ئەبوعەساف، جێگری نوێنەری رێكخراوی فاوی سەر بە نەتەوە یەگكرتووەكان دەڵێت ”ئەو وشەكە ساڵییەی رووی لە سووریا كردووە، ٦٠ ساڵە وێنەی نەبووە“
بەهۆی كەمبارانی، رێژەی ئاو لە بەنداوەكانی سووریا كەمی كردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانن وەكوو پێویست گەنم بەرهەم بهێنن، هەروەها وشكەساڵی و كەمئاوی، نیگەرانییەكی زۆری لەو وڵاتەدا دروست كردووە.
رێكخراوی فاو رایگەیاندووە، بەهۆی كەمبارانی و وشكەساڵی، ٧٥٪ــی گەنمی سووریا لەناو چووە و كەمی كردووە.
لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە ”چاوەڕێ دەكرێت ٢ملیۆن و ٧٠٠هەزار تەن گەنم لە سووریا كەم بكات، واتە ئەو گەنمەی بەرهەم دێت بەشی سووریا ناكات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ١٦ملیۆن كەس لەو وڵاتە وەكوو پێویست خۆراكیان پێ نەگات.“
بەر لە شەڕی ناوەخۆیی لە سووریا لە ٢٠١١، ئەو وڵاتە دەیتوانی گەنم وەكوو پێویست بەرهەم بهێنێت و پێویستی بەوە نەبوو گەنم لە وڵاتانی تر هاوردە بكات، كە ساڵانە چوار ملیۆن و ١٠٠ هەزار تۆن گەنمی بەرهەم دەهێنا، بەڵام رێكخراوی فاو ئاشكرای دەكات، ٢ ملیۆن و ٥٠٠هەزار هێكتار زەوی ئەو وڵاتە كە گەنمی تێدا بەرهەم هاتووە كاریگەریی وشكەساڵی بەسەرەوەیە و ئەو زەوییانە هیچ گەنمێكیان بەرهەم نەهێناوە.
شام و یەپەگە لەسەر نرخی گەنم شەڕیانە
بۆ ئەوەی بتوانن كورتهێنانی بەرهەمی گەنم پڕ بكەنەوە، رژێمی سووریا و ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، شەڕیانە لەسەر نرخی گەنم و دەیانەوێت هاوردەی وڵاتی بكەن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی (DW)ــی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ٩٠٪ی خەڵكی سووریا هەژارن، ئەگەر قەیرانی گەنمیش لێیان بدات، برسیەتی روو لە سووریا دەكات.
رژێمی سووریا دوای شەڕی ناوەخۆ، بۆ گەنم پەیوەست بوو بە رووسیاوە، دوای نەمانی رژێمی ئەسەد، تەنیا لە مانگی نیساندا یەك جار گەنمی رووسیا گەیشتە بەندەری لازقیە، بەڵام ئەو گەنمە بەشی سووریای نەكرد و رێژەكەی زۆر كەم بوو. هەروەها عێراق بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی گەنم لە سووریا، ٢٢٠ تۆن گەنمی پێشكەشی سووریا كرد، بەڵام ئەمەش هەر تیماری ئەو برینە گەورەیە ناكات كە دووچاری سووریا بووەتەوە.
رژێیمی ئەسەد، بەردەوام لە كێبڕكێدا بووە لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر، بۆ كڕینی گەنمی جووتیاران، رژێمی ئێستاش بەهەمان شێوە كەوتووەتە ناو ئەو كێبڕكێیەوە.
ئیدارەی خۆسەر، واتە رۆژئاوای كوردستان، بەهەمان شێوە دووچاری قەیرانی گەنم بووەتەوە، بۆیە لە ساڵی پار، رژێمی ئەسەد بۆ هەر تەنێك گەنم ٣٥٠ دۆلاری دانابوو، بەڵام ئیدارەی خۆسەر ٣١٠ دۆلاری دانابوو.
حكوومەتی ئێستای شام، نرخی ٢٩٠ بۆ ٣٢٠ دۆلاری بۆ هەر تەنێك گەنم داناوە بۆ جووتیاران، هەروەها ١٠٠ دۆلاریشی بۆ هەر تەنێك وەكوو پاداشت داناوە بۆ جووتیاران.
بەڵام ئیدارەی خۆسەر، بە پاداشتەوە بۆ هەر تەنێك گەنم بڕی ٤٢٠ دۆلاری داناوە، واتە ئەو دوو لایەنە شەڕیانە لەسەر ئەوەی كامیان بتوانن گەنمی جووتیاران بكڕنەوە.

