كارزان گلی – ههولێر
ئەمیر كەریمی هاوسەرۆكی (پەژاك)، كە توركیا بە باڵێكی سەربازیی پەكەكەی دەزانێت لە رۆژهەڵاتی كوردستان، دەڵێت ئێمە پشتگیری لە پرسی چارەسەریی كورد دەكەین لە توركیا، بەڵام بڕیاری هەڵوەشانەوە پەیوەندیی بەوانەوە نییە و لە ئێران زەمینەیەكی لەو شێوەیە لە گۆڕێ نییە.
كەریمی دەڵێت: ”ئێمە هیچ كاتێك پەلاماری توركیامان نەداوە، پەلاماریشی نادەین، ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ توركیادا پەیوەندییەکی باشمان هەبێت.“
كەریمی، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ ئاژانسی (BBC) توركی، لەبارەی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل پێی وایە، ئەو شەڕە شەڕی میللەتی كورد نییە و نابنە لایەنگیر.
پەژاك، لەلایەن توركیا و ئێرانەوە وەكوو رێكخراوێكی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، هەروەها وەزارەتی دارایی ئەمریكا لە ٢٠٠٩، پەژاكی خستە لیستی تیرۆرەوە، هەروەها بە لای توركیاوە پەژاك، باڵێكی سەربازیی پەكەكەیە لە ئێران، بەڵام پەژاك رەتی دەكاتەوە هیچ پەیوەندییەكیان بە پەكەكەوە هەبێت و دەڵێن سەربەخۆین.
كەریمی، دەربارەی پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە بۆ هەڵوەشانەوەی پەكەكە دەڵێت: ”ئەم پەیامە لەلایەن پەكەكەوە بە ئەرێنی وەڵام درایەوە، هەروەها ئومێدێكی گەورەی ئاشتی و دیموكراتی لەدایك بوو. بەڵام بەداخەوە تاوەكوو ئێستا دەوڵەتی توركیا ئەم پرسە بە تەكتیكی سەیر دەكات و لەو رێگەیەوە هەنگاوی نەناوە.“
دوای پەیامەكەی ئۆجەلان، توركیا داوا دەكات كە پەژاك و یەپەگەش چەك دابنێن، چونكە ئۆجەلان بە ڕوونی گوتوویەتی پەكەكە و هەموو باڵەكانی، بەڵام كەریمی دەڵێت ”لە رۆژەڤی پەژاكدا نییە چەك دابنێت و ئێمە پشتگیری لەوە دەكەین پرسی كورد بە دیموكراتی و لە رێگەی خەباتی دیموكراتیانەوە چارەسەر بكرێت، بەڵام وەكوو پەژاك هیچ كاتێك ستراتیژییەتی خەباتی چەكداری و شەڕی رزگاری نەتەوەیی لە رۆژەڤی ئێمەدا نەبووە، بەڵام ئێران پەژاكی وەكوو رێكخراوێكی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئێران وەسف كردووە و پێی وایە كە پەژاك، مەترسییە بۆ سەر یەكپارچەیی خاكی ئێران.“
ئێران، پەژاك و كۆمەڵە و پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران بەوە تۆمەتبار دەكات، كە لەم شەڕەدا بە نهێنی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەكەن، بەڵام كەریمی رەتی دەكاتەوە.
دەربارەی ئەوەی، بۆچی پەكەكە بڕیاری داوە چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام پەژاك ئەو بڕیارە نادات، كەریمی دەڵێت: ”بەبۆچوونی ئێمە، پەیامەكەی ئۆجەلان، ستراتیژییەكەی دەربارەی خەباتی چەكداری وەكوو خۆی وەرنەگیراوە، چونكە لە ڕووی سیاسی و یاسایی و ئاساییشەوە دەبێتە پێشوەچوون هەبێت، ئەوكات هەنگاوی پڕاكتیك بۆ چەكدانان بوونی دەبێت. لە ئێران زەمینەیەكی لەو شێوەیە لە گۆڕێ نییە، لە ئێران هەموو بۆچوونێكی جیاواز بە توندوتیژی وەڵام دەدرێتەوە و بەرەو سێدارەیان دەبەن. ئەوانەیشی لەسێدارە دەدرێن، زۆربەیان كوردن، وەكوو مامۆستا و چالاكوان و ئافرەت و ئەوانەی بەرگری لە مافی مرۆڤ دەكەن، تۆ چۆن بەرامبەر بەوان شتێك دەكەیت نەتوانیت بەرگری لە خۆت بكەیت.“
توركیا بەردەوام چەكدارانی پەژاكی بۆردومان كردووە، كەریمی نایشارێتەوە لەو بۆردومانانەدا چەندین گەریلایان كوژراوە، بەڵام وەكوو ئەوەی باسی دەكات، هیچ داواكارییەكیان لە توركیا نییە، چونكە لەگەڵ توركیا هیچ كێشەیەكیان نییە، بەڵام توركیا فۆبیای كوردی هەیە بۆیە لەوان دەدات.
زیاتر دەڵێت: ”ئێمە هیچ رووبەڕووبوونەوەیەكمان لەگەڵ توركیا نەكردووە و نایكەین، ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ توركیا هەبێت و ئامادەین لەو ڕووەوە. هەموو ئەو دەنگۆیانەش رەتدەكەینەوە كە باس لەوە دەكەن، پەكەكە دوای چەكدانان، چەكەكان رادەستی پەژاك و یەپەگە دەكات و ئەمە مومكین نییە.“
لە ٢٠١١وە، ئێران و پەژاك ئاگربەستیان راگەیاندووە و هەردوو لایش پاپەندن پێوەی، بەڵام دوای شەڕی ئێران و ئیسرائیل، ئایە پەژاك ئاگربەست دەشكێنێت و لایەنگیری دەكات؟
كەریمی بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە: ”هەرچەندی ئێران ئاگربەستیش بشكێنێت، ئێمە هەر پابەندین بەئاگربەستەوە، پەژاك بەهیچ شێوەیەك نابێتە لایەنگر لەو شەڕەدا، چونكە ئەو شەڕە هیچ پەیوەندییەكی بەگەلی ئێمە نییە. ئێمە لەگەڵ ئەوەداین شەڕەكە بە شێوەیەكی دیموكراتییانە چارەسەر بكرێت، بەڵام ئەگەربێتو پەلاماری ئێمە بدەن و كۆمەڵكوژمان بكەن و هەڕەشەمان لێ بكەن، ئێمەش بەرگرییەكی شەرعی لەخۆمان دەكەین و خۆمان دەپارێزین.“
دوای دەستپێكردنی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، پەژاك بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە، لەوێدا ئاماژەی دا، بۆ ئەوەی كۆمەڵگەیەكی دیموكرات بنیاد بنێن، هەموو خەڵك داوەتی ئەوە دەكەن كە پشتگیری لە خۆبەڕێوەبردن بكەن، بەڵام وەكوو ئەوەی كەریمی باسی دەكات، مەبەستیان لەو وشەیە بەو مانایە نییە داوای فیدراڵی یان جیابوونەوە بكەن، بەڵكوو لە ئەگەری ئەوەی هیچ چاوەڕوانییەكیان لە دەوڵەت نەبوو، بۆ راییكردنی كارەكان و پێداویستییە سەرەكییەكان، چەندین لیژنە پێك بێت و ئەو كارانە بكات، ئەوە مەبەستی راگەیێندراوەكەیانە.

