كارزان گلی – ههولێر
لە چەند رۆژی داهاتوودا، دەستووری تازەی توركیا دێتە ناو پەرلەمان و گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، ئامانجی گەورەی ئاكەپە و مەهەپە، رێگەدانە بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، تا بۆ جاری سێیەم بۆی هەبێت ببێتەوە بە بەربژێر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كە لە ٢٠٢٨ دەکرێت، دەم پارتییش دەیەوێت لە دەستووری تازەدا مافی كورد جێگر بكرێت و جەهەپەش دەستوور رەت دەكاتەوە.
ئەردۆغان، لیژنەیەكی ١٠ كەسەی پێك هێناوە بۆ دەستووری تازەی توركیا، هەموو هەفتەیەك ئەو لیژنەیە كۆبوونەوە دەکات، پاشان دەستووری تازە بۆ پارتە سیاسییەكانی پەرلەمان شی دەكەنەوە و جیا لەوەش، بۆچوونی كەسانی شارەزا لە یاسا و ئەكادیمییەكان وەردەگیرێت و پاشان دەستوورەكە دەخرێتە دەنگدانەوە لەناو پەرلەمانی توركیا.
دەنگی ئاكەپە و مەهەپە، لەناو پەرلەمانی توركیا بەشی ئەوە ناكات بتوانن دەستوور بگۆڕن، جگە لە دەم پارتی، پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا دژی ئەوەن قسە لەبارەی دەستووری تازە بكەن و رێگە بدەن ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم خۆی بەربژێر بكاتەوە.
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە لە دیمانەیەكدا گوتی ”ئەردۆغان لەگەڵ تۆدا تەماتەش دروست ناكەم، چۆن دەستوورێكی تازەت لەگەڵ دروست دەكەم“ ئەمەش پێمان دەڵێت كە ئاكەپە و مەهەپە، دەبێت روو لە دەم پارتی بكەن.
ئەگەربێتو دەم پارتی پشتگیری لەو دەستوورە بكات، كە ئاكەپە و مەهەپە هێناویانە، كۆی گشتی دەنگی پەرلەمانتاران دەگاتە ٣٧٥، بەمەش دەتوانن دەستوور بخەنە ریفراندۆمەوە.
دەم پارتی بە بەڵێ دەنگ بە دەستوور دەدات، بەڵام بە نەخێر دەنگ بەوە دەدات كە ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم بۆی هەبێت خۆی بەربژێر بكاتەوە.
دەم پارتی، دەڵێن دوای ئەوەی پەكەكە چەك دادەنێت، بۆ خزمەتكردنی توركیایەكی دیموكراتی، دەستوورێكی تازە پێویستە.
دەم پارتی لە رێگەی چەند پەرلەمانتارێكەوە دەڵێن، ئێمە رێگە نادەین دەستوور لە بەرژەوەندی ئەردۆغان گۆڕانكاری بەسەردا بێت و بۆ سێیەم جار ببێتەوە بە بەربژێر، دەبێت جەهەپەش لەناو ئەو دەستوورە تازەیەدا رۆڵی بدرێتێ، چونكە بەبێ جەهەپە ناگەینە ئەنجام.
بەڵام فشاری عەبدوڵا ئۆجەلان، كاریگەریی زۆری لەسەر دەم پارتی دەبێت، بۆیە ئەگەر زۆرە دەم پارتی بەوە رازی بكرێت كە ئەردۆغان بۆ سێیەم جار بتوانێت ببێتەوە بە بەربژێر.
پرسیاری جیدی ئەوەیە، ئەگەر بێت و جەهەپە دەستووری تازە رەت بكاتەوە و هیچ ئەندامێكی لەو لیژنانە نەبێت كە بۆ دەستوور دروست دەكرێت، وەكوو ئەوەی ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، دوو بۆچوون هەیە:
یەكەم: هەموو هەوڵێك دەدەن لە رێگەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە جەهەپەش بهێننە ناو لیژنەكانی دەستووری تازە، چونكە بەشێكی زۆری سەركردەكانی ئاكەپە لەگەڵ ئەوەدان، هەر دەبێت جەهەپە لە دەستووری تازەدا رۆڵی هەبێت.
دووەم: ئەگەر جەهەپە نەهات و داكۆكیی كرد، ئەوكات لە رێگەی دەم پارتی و چەند پارتێكی تر و چەند پەرلەمانتارێكەوە، دەیانەوێت بەبێ ئەوەی دەستوور بخەنە ریفراندۆمەوە، بە ٤٠٠ دەنگی بەڵێ تێیپەڕێنن.پێشبینییەكانیش بۆ ئەوەن، ئۆجەلان فەرمانی بە دەم پارتی كردووە، یەكهەڵوێست بن لەگەڵ ئاكەپە و مەهەپە، تەنانەت ئەگەر زمانی كوردیش بە فەرمی نەناسێنرێت و كوردیش وەكوو نەتەوە لەپاڵ نەتەوەی تورك نەناسێنرێت، هەر دەنگ بە دەستووری تازە بدەن.