جێگری سەركۆماری توركیا: دەبێت پەكەكە لە كەمترین ماوەدا چەك دابنێت

جەودەت یڵماز، جێگری سەركۆماری توركیا، داوا لە پەكەكە دەكات لە كەمترین ماوەدا چەك دابنێت و نابێت پەكەكە بەروار دابنێت بۆ چەكدانان. هەروەها دەڵێت: ”دەبێت توركیا ببینێت كە پەكەكە بە كردار چەك دادەنێت نەك تەنیا بە قسە“

یڵماز، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا بۆ كەناڵی (TV100)، لەبارەی چەكدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكەوە دەڵێت: ”بەر لە هەر شتێك، دەبێت چەكدانان و خۆهەڵوەشانەوەی پەكەكە لە مەیداندا ببینین، لەو ڕووەیشەوە دامەزراوەكانمان بە هەستیارییەوە مامەڵە دەكەن و چاودێری دەكەن. بۆ ئەم كارە شتێكی ئاسان نییە باس لە بەروارێك بكرێت بۆ چەكدانانی پەكەكە، دەبێت لە ماوەیەكی زۆر كەمدا چەك دابنێن و خۆیان هەڵوەشێننەوە.“
پەكەكە لە كۆنگرەی ١٢ی خۆیدا بڕیاری دا چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام تاوەكوو ئێستا چەكدانانی پەكەكە نەبووەتە كردار، بۆیە دەوڵەتی توركیا داوا دەكات بە پەلە چەك دابنێن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە چەندین كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی داوە، كە دەبێت پەكەكە بەبێ مەرج چەك دابنێت و گوێ لە عەبدوڵا ئۆجەلان بگرن.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی پەكەكە بڵاوبووەتەوە، پەكەكە ددەستی کردووەتە پرۆسەی چەكدانان، بەڵام بەگومانەوە دەڕواننە پڕۆسەكەدا، چونكە حكوومەتی ئاكەپە، تاوەكوو ئێستا بەكردار هەنگاوی نەناوە.
میدیاكانی توركیا باسیان لەوە كردووە، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، بەر لە جەژن قسەی لەگەڵ قەندیلدا كردووە، لێیان توڕە بووە و گوتوویەتی، دەوڵەت باخچەلی زیاتر لە من تێدەگات نەك ئێوە، بۆیە گوتوویەتی پەلە بكەن لە چەك دانان.
بەرپرسانی دەم پارتی، لەبارەی چەكدانانی پەكەكەوە بە فەرمی هیچیان بڵاو نەكردووەتەوە، تەنیا لە رێگەی چەند پەرلەمانتارێكەوە دەڵێن، پەكەكە لە ماوەیەكی نزیكدا چەك دادەنێت، بەڵام چەكدانانی پەكەكە تاوەكوو ئێستا نەبووەتە كردار، ئەمەش گومانی لای ئەو كەسانە دروست كردووە، كە لەگەڵ ئاشتین و پێیان وایە بە چەكدانانی پەكەكە، ئیدی پرسی كورد بە شێوەیەكی دیموكراتییانە لەناو پەرلەمانی توركیا چارەسەر دەكرێت.
یڵماز، جێگری سەركۆماری توركیا، پێی وایە پەكەكە نابێت هیچ مەرجێكی هەبێت بۆ چەك دانان، پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە بێمەرج و بێ هیچ ماماڵەیەكی سیاسییە.
بە گوێرەی ئەو پرۆژە یاسایە بێت كە ئاكەپە و مەهەپە لەبارەی رێكخستنی سزای زیندانیان ئامادەیان كردووە و داویانەتە پەرلەمان، لەوێدا بەهیچ شێوەیەك باس لەوە نەكراوە، كە زیندانیانی سیاسی كورد ئازاد بكرێن، كە ژمارەیان زیاترە لە ١٠٠هەزار، بۆیە ئەحمەد تورك، ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمیڕالی گوتی ”ئەو پڕۆژە یاسایە ئێمەی نیگەران و بێئومێد كرد“.
بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، بۆ ئەوەی پەكەكە چەك دابنێت و پڕۆسەكە پەلەیی پێوە دیار بێت، دەبێت دەوڵەتی توركیا هەنگاوی نییەت پاكی بنێت، لەناویاندا ئازادكردنی زیندانیانی سیاسی، چونكە ئەوان بەتۆمەتی ئەوەی سەر بە پەكەكە دەستگیر كراون، كە پەكەكە نەما دەبێت ئەوان ئازاد بكرێن، بەڵام بەم جۆرە پڕۆسەكە پێش ناكەوێت.
بۆ ئەوەی ئاكەپە و مەهەپە، بتوانن دەستووری توركیا هەموار بكەنەوە، كە لەوێدا رێگە بە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەدرێت بۆ سێیەم جار خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بەربژێر بكاتەوە، پێویستیان بە دەنگی دەم پارتییە لەناو پەرلەمان، چونكە دەنگی ئاكەپە و مەهەپە ٣٢٩ دەنگە، بەڵام بۆ ئەوەی دەستوور بخەنە ریفڕاندۆمەوە پێویستیان بە ٣٦٥ دەنگە و ئەگەر دەم پارتی بەبەڵێ دەنگ نەدات، هیچیان پێ ناكرێت، بۆیە بۆچوونێك هەیە، كە مامەڵەیەك لەگەڵ دەم پارتیدا بكرێت، بەوەی بەبەڵێ دەنگ بدەن و هەروەها لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی دەنگ بە ئەردۆغان بدەن، ئەوكات لە بەرژەوەندی كورد، چەند مادەیەكی دەستوور دەگۆڕن، بەڵام روون نییە، مادەی ١ تا ٤ گۆڕانی بەسەردا بێت، چونكە لەوێدا لە نەتەوەی تورك و زمانی توركی زیاتر هیچ زمان و نەتەوەیەكی تر نەناسێنراوە.