كارزان گلی – ههولێر
لە كاتێكدا خەڵك و پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان لە چاوەڕوانیی ئەوەدا بوون كە ژمارەی گرتووخانەكانی توركیا كەم بكرێتەوە، بەتایبەت دەم پارتی و كوردانی باكوور، كەچی حكوومەتی توركیا دەستی بە دروستكردنی ١١ گرتووخانەی تازە كردووە، كە بەهاكەی زیاترە لە ٢ملیار لیرەی توركی.
یەكێك لەو خاڵانەی كە گفتوگۆ و رێككەوتنی لەسەر كراوە، لەلایەن ئیمرالی و حكوومەتی توركیا، دەركردنی لێبوردنی گشتییە بۆ زیندانیانی سیاسی، بەمەش ژمارەی زیندانیانی توركیا كەم دەبێتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە گرتووخانەی تر دروست دەكرێت، شارەزایانی بواری سیاسەت ئەمەیان پێ زەنگێكی مەترسیدارە بۆ ئاییندەی توركیا.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی نووسەرانی باكووری كوردستان بڵاویان كردووەتەوە، زیاتر لە ١٠٠هەزار كورد، لە گرتووخانەكانی توركیا زیندانی كراون، هەموویشیان بە هۆی ئەندامەتی یان پەیوەندییانەوە بووە بە پەكەكە، بۆیە چاوەڕوان دەكرا، لەو پرۆژەیاساییەی ئاكەپە و مەهەپە پێشكەشیان كردووە بۆ زیندانیانی توركیا، ئەو كەسانەی زیندانی سیاسین ئازاد بكرێن، بەڵام بە هیچ شێوەیەك باس لە زیندانیان سیاسی نەكراوە و لەو پرۆژەیاسایەدا دیار نییە.
ئاژانسی (DW) توركی بڵاوی كردووەتەوە، توركیا ٤١٠هەزار زیندانیکراوی لێ هەیە، ئەگەر كەسێك بخرێتە زیندانەوە، شوێن نییە و دەبێت زۆر بە زەحمەت شوێنی خۆی لە زیندان بكاتەوە، بۆیە حكوومەت دەستی بە دروستكردنی ١١ گرتووخانەی تازە كردووە.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەمە پێشهاتێكی مەترسیدارە، چونكە لە هەر وڵاتێكدا گرتووخانە زیادی کرد، كەواتە ئازادی و مافی مرۆڤ لەو وڵاتە لەپاشەكشەدایە.
نموونە بە وڵاتی هۆڵەندا دەهێننەوە، كە بەشێك لە گرتووخانەكانی بەتاڵ بوونە و زیندانییان تێدا نەماوە، بۆیە حكوومەت بیر لەوە دەكاتەوە گرتووخانەكان بە تەواوی بەتاڵ بكات، بەڵام لە توركیا تازە ١١ گرتووخانەی تر دروست دەكرێت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە، هۆڵەندا لە ڕووی مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕاوە پێشكەوتووە و توركیاش لەپاشەكشەدایە.
ژمارەی دانیشتوانی قوبرسی توركیا، ٣٨٢هەزارو٨٣٦ كەسە، کەوابێ ژمارەی زیندانیانی توركیا لە ژمارەی دانیشتوانی قوبرس زیاترە.
نووسەران ئەم لایەنەیان پێ خاڵێكی لاواز و مەترسیدارە بۆ توركیا و پێیان وایە، ئەگەر ١١ گرتووخانەی تر دروست بكرێت، كەواتە حكوومەت پلانی هەیە، یان ئامادەكاری دەكات تا هەزاران كەسی تر بخاتە زیندانەوە، بەتایبەت ئەوانەی وەكوو ئەوان بیر ناكەنەوە، یاخود ئەندامی پارتێکی ئۆپۆزسیۆنن.