كارزان گلی – ههولێر
بەتۆمەتی ئەوەی لە ٣٨ـەمین كۆنگرەی جەهەپەدا، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو و چەند سەركردەیەكی تری جەهەپە، ساختەكارییان كردووە لە كاتی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پارتەکەیاندا، بۆیە داواكاری گشتی ئەنكەرا داوا دەكات، ئیمامئۆغڵو و چەند هاوڕێیەكی لە ساڵێك بۆ سێ ساڵ زیندانی بكرێن.
دوای ئەوەی كەمال كلیچدارئۆغڵو، لە ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بەرامبەر بە رەجەب تەیب ئەردۆغان دۆڕاند، دەنگی ناڕەزایی لەناو جەهەپە بەرز بووەوە و داوایان كرد، كلیچدارئۆغڵو لە سەرۆكی پارت لا ببرێت، بۆیە رێکرەوتی ٤/٥/٢٠٢٣، جەهەپە ٣٨ـەمین كۆنگرەی خۆی بەست.
لەو كۆنگرەیەدا، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی زیندانیكراوی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، توانیی كلیچدارئۆغڵو لە كورسی سەرۆكی پارت لا ببات و ئۆزگوور ئۆزەلی كردووە سەرۆكی جەهەپە، لەو كاتەوە كلیچدارئۆغڵو تۆمەتی ئەوەیان دەداتە پاڵ، كە ساختەكارییان كردووە.
یەكێك لە پەرلەمانتارەكانی جەهەپەش بە ناوی لوتفو ساڤاش، داوای یاسایی تۆمار كرد و بڕیارە دادگا لە بەرژەوەندیی كلیچدارئۆغڵو بڕیار بدات. جگە لە ئیمامئۆغڵو، داوا كراوە ١٠ سەركردەی تری جەهەپە لە پۆستەكانیان دوور بخرێنەوە و ئەوانیش بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی بكرێن، چونكە دەستیان هەبووە لە ساختەكاری لەناو كۆنگرەدا.
بە گوێرەی ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئیمامئۆغڵو و هاوڕێكانی، لە كۆنگرە پارەیان بەخشیوەتەوە، هەروەها بەڵێنیان بە چەند ئەندامێكی كۆنگرە داوە ئەگەر دەنگ بە ئۆزەل بدەن، دەیانكەنە سەرۆكی شارەوانی، هەروەها لە دۆسیەی داواكاری گشتیدا هاتووە، كارتی ماركێتیان داوەتە چەند ئەندامێكی كۆنگرە و گوتوویانە هەرچی دەبەیت لەو ماركێتە بیبە، تەنیا دەنگمان بدەنێ.
بە گوێرەی مادەی ١٠١ـی پارتە سیاسییەكانیش بێت، ئەم جۆرە رەفتارانە دەچێتە چوارچێوەی ساختەكارییەوە و كۆنگرەی پێهەڵدەوەشێتەوە.
ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ـی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، لە كاتی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك، داوا لە ئەندامانی كۆنگرە كراوە كاتێك دەنگ دەدەنە ئۆزەل، دەبێت بە مۆبایلی خۆیان وێنەی بگرن تا دڵنیا ببنەوە كە دەنگیان داوە.
باس لەوەش دەكات، كەمال كلیچدارئۆغڵو ئەمەی بینیوە، بۆیە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بۆ سەرۆك كشاوەتەوە و دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی جەهەپە بووە.
ئەگەربێتو ئیمامئۆغڵو، سزای ساڵێك یان زیاتری بۆ ببڕێتەوە، ناتوانێت لە كایەی سیاسی بەردەوام بێت، چونكە هەر كەسێك زیاتر لە ساڵێك زیندانی بكرێت، بۆی نییە لە هیچ پۆستێكی حكوومی یان سیاسیی بەردەوام بێت، تا ئەوكاتەی ئازاد دەبێت.
بە گوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی (BBC) توركی، ئەگەر زۆرە لەسەر دۆسیەی بەفیڕۆدانی سامانی وڵات و گەندەڵی لە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، ئیمامئۆغڵو، قەدەغەی سیاسەتی لەسەر جێبەجێ بكرێت، بەمەش بۆی نییە، تەنانەت ئەوكاتەی ئازادیش دەبێت، خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا بەربژێر بكات.