كارزان گلی – ههولێر
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، دەڵێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا كە لە ٢٠٢٨ ئەنجام دەدرێت، خۆی بەربژێر ناكاتەوە، بەڵام دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، كە هاوپەیمانیی ئەردۆغانە، دەڵێت ئەو مافەت نییە لەو رێگەیە لابدەیت، دەبێت بەربژێر بیت.
بە گوێرەی دەستووری توركیا بێت لە مادەی ١٠١، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بۆی نییە بۆ جاری سێیەم خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بەربژێر بكاتەوە، بەڵام دەیانەوێت دەرچەیەكی یاسایی بدۆزنەوە تا ئەردۆغان بتوانێت ببێتەوە بە سەرۆك.
ئەردۆغان، دوای كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵی لەگەڵ باخچەلیدا گوتی: ”هیچ مەیلێكم نییە تا دیسان خۆم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بەربژێر بكەمەوە.“
بەڵام باخچەلی، لە نووسینێكدا كە لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردووەتەوە دەنووسێت: ”كۆماری توركیا و میللەتی تورك، پێویستی بە بەڕێز ئەردۆغانە كە نەخشەی ١٠٠ ساڵی توركیایەكی تازەی كێشاوە، ئەمەش راستییەكی مێژوویی و راستییەكی ژیانە.“باسی لەوەش كردووە، سەرۆكێكی وا کە نیگەرانی میللەت و وڵاتی خۆی بێت، بۆی نییە لەو رێگەیە لا بدات و دەبێت خۆی بەربژێر بكاتەوە.
ئەردۆغان، دوو رێگەی هەیە تا بتوانێت ببێتەوە بە بەربژێر، لە هەردوو رێگەكەش پێویستی بە دەنگی كوردە، بەتایبەت دەم پارتی.
یەكەم: توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، چونكە بە گوێرەی یاسا، ئەگەر پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، ئەوكات خولی دووەمی سەرۆكایەتیی بۆ حیساب ناكرێت. بەڵام رەوشی ئابووریی توركیا لەوپەڕی خراپیدایە، جیا لەوەی دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، كاریگەریی لەسەر سندوقی دەنگدان دەبێت، چونكە بەگوێرەی ئەو راپرسییانەی كراوە، بەشێكی زۆری ئاكەپەییەكانیش دەنگ بە ئیمامئۆغڵو دەدەن، چونكە پێیانوایە غەدری لێكراوە و ئەردۆغان لە ترسی ئەوەی ئیمامئۆغڵو نەبێتە ركابەری لە هەڵبژاردندا بۆیە خستویەتییە زاندانەوە.
لێرەدا ئەردۆغان پێویستی بە دەنگی كوردە، چونكە ئەگەر كورد پشتگیری لێ بكات و دەم پارتی بچێتە ناو هاوپەیمانیی (كۆماری)ـیەوە، شانسی بردنەوەی ئەردۆغان باش دەبێت، بەو مەرجەی كورد روو لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن نەكات.
دووەم: ئەردۆغان بەرێگەی گۆڕینی دەستوور دەتوانێت ببێتەوە بەبەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی. لەمەشیاندا پێویستی بەدەنگی دەم پارتییە لەناو پەرلەمانی توركیا، چونكە كورسییەكانی ئاكەپە و مەهەپە و چەند پارتێكی تری هاوپەیمانیی كۆماریی دەگاتە ٣٢٩ كورسی، بەڵام بۆ ئەوەی هەمواری دەستوور نەچێتە ریفڕاندۆم و یەكسەر تێپەڕێت، پێویستیان بە ٤٠٠ دەنگی پەرلەمانتاران هەیە، ئەگەر دەم پارتی دەنگ بە هەمواری دەستوور بدات، دەنگەكان نزیك دەبێتەوە لە ٤٠٠ و تەنیا ١٦ پەرلەمانتار دەمێنێت بۆ ئەوەی بگەنە رێژەی یاسایی، رەنگە چەند پەرلەمانتارێكیش بكڕن، بەتایبەت پەرلەمانتارەكانی پارتی خاس، ئەوكات دەتوانن ٤٠٠ دەنگی پەرلەمانتاران مسۆگەر بكەن.
بەڵام جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، بەهەموو شێوەیەك رەتی دەكەنەوە دەستوور لە بەرژەوەندی ئەردۆغان هەموار بكرێتەوە، بۆیە دەیانەوێت لە مامەڵەیەكدا لەگەڵ ئەردۆغان، توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە و ئیمامئۆغڵوش ئازاد بكرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی چەند میدیایەكی توركیا، ئەردۆغان بەو مەرجێك ئیمامئۆغڵو ئازاد دەكات، جەهەپە نەیكاتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، بەڵام تاوەكوو ئێستا جەهەپە لەو رووەوە رازی نەبووە و دەڵێن تاكە بەربژێرمان ئیمامئۆغڵوە.