كارزان گلی – ههولێر
كاتێك باس لەوە بكرێت، كە چی پرسێكی نێوان نەتەوە و دەوڵەت بە ڕێگەی سەربازییەوە چارەسەر كراوە، یەكسەر باس لە مۆدێلی سریلانكا دەكرێت، كە دوای كۆمەڵكووژییەكی گەورە، پرۆسەكە گەیشتە ئەنجام.
لە سریلانكا، گەلی تامیل، كە كەمینەی ئەو وڵاتەن، لەرێگەی دروستكردنی بزووتنەوەی پڵنگەكانی ڕزگاری، بۆ ساڵانێكی زۆر شەڕی لەگەڵ حكوومەتی سریلانكادا كرد.
ساڵی ٢٠٠٠، هەنگاویان نا بەرەو ئاشتی، بەڵام لە هەموو گفتوگۆیەك و ئاگربەستێكی نێوانیان، بزووتنەوە چەكدارییەکەی پڵنگەكانی ڕزگاری، كارێكی تیرۆریستییان دەکرد و پرۆسەكە تێك دەچوو. سوپای سریلانكا، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو بزووتنەوەیە، لە ئاسمان و زەمین و دەریاوە، هێرشی گەورەی بۆ سەریان دەست پێ دەكرد.
لەو ئۆپەراسیۆنانەدا، سەرەڕای کوژرانی چەکدارێکی زۆر،چەند بەرپرسی گەورەشیان لێ كوژرا؛ دەوڵەتی سریلانكا، ساڵی ٢٠٠٩، سەركەوتنی بەسەر ئەو بزووتنەوەیە ڕاگەیاند و لە ڕاگەیێنراوێكدا گوتیان، لە ڕێگەی سەربازییەوە كۆتاییمان بە تیرۆر هێنا، بەڵام دەبێت ئەوە باس بكرێت، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا، دەیانهەزار هاووڵاتی بوونە قوربانی و كوژران. پرسیارەكە ئەوەیە، بۆچی كاتێك پرۆسەی ئاشتی لە سریلانكا هاتە گۆڕی، پرۆسەكە نەگەیشتە ئەنجام، بەتایبەت لە ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٤؟
ئاوستین فێرناندۆ، لە نزیكەوە چاودێری پرۆسەی ئاشتی لە سریلانكادا كردووە، دەڵێت “دەبێت زمانێك بۆ ئاشتی دروست بكرێت جیاواز بێت لە زمانی پێشووتر، دەبێت ئەو دایكەی لە شەڕدا كوڕێكی كوژراوە، بڵێت ئەگەر شەڕ كۆتایی پێ بێت، كوڕەكەی ترم ناكوژرێت و لە ژیاندا دەمێنێت، لەلایەنی تیرۆرستانیشەوە دەبێت هەمان بۆچوون بوونی هەبێت. “باس لەوەش دەكات، یەكێك لە هەڵە هەر گەورەكانی حكوومەت بۆ پرۆسەی ئاشتی، لە كاتی دانوستاندا پرۆسەكەی گشتگیر نەكرد، هەروەها لە دەمەزراوەی دەوڵەتدا، لەبارەی بابەتی ئاشتی بۆچوونەكان وەكوو یەك نەبوو و بۆچوونی دژبەیەكی تێدا بوو، ئەمەش هۆكار بوو كە پرۆسەكە نەگاتە ئەنجام.
رەخنەش لە بزووتنەوەی پڵنگەكانی ڕزگاریش دەگرێت، بەوەی لە كاتی دانوستاندندا ڕاستگۆ نەبوونە و بەشێوەیەكی دروست نەهاتنە ناو پرۆسەی ئاشتی.
ئێرلەندای باكوور و بەریتانیا ١٣ ساڵ لەپرۆسەی ئاشتی بەردەوام بوون
گەلی ئێرلەندای باكوور و بەریتانیا، دەیان ساڵ لەمەوبەر و لە سەدەی ١٩وە، شەڕ لە نێوانیاندا هەبووە، سەدانهەزار هاووڵاتی و سەرباز لە نێوانیاندا لە چەندین شەڕدا كوژراون، بەڵام ئەنجام گەیشتنە ڕێككەوتنێكی كۆتایی.
كارل ماركس، لەبارەی گەلی ئێرلەندای باكوورەوە، لۆمەی بەریتانیا دەكات و داوا دەكات، مافی ئێرلەندییەكان بدات و ڕێگە بدات سەربەخۆیی وەرگرن، چونكە هەر نەتەوەیەك، نەتەوەیەكی تر بچەسێنێتەوە، هەرگیز خۆشبەخت نابێت. ئەو دوو لایەنە، لە ١٩٩٨، ڕێككەوتنێكیان بە ناوی (خێری هەینی) ئیمزا كرد، كۆتاییان بە شەڕ هێنا. ڕاستە پرسی ئێرلەندای باكوور لە سەدەی ١٩ەوە بوونی هەبووە و دەیان جار ڕووبەڕووی یەكتری بوونەتەوە، بەڵام كاتێك سوپای ڕزگاری ئێرلەندا دروست بوو، شەڕ فراوانتر بوو، بۆیە هەوڵی جیدی درا تا لە یەكتری نزیك ببنەوە.
پرۆسەی ئاشتی نێوانیان بەئاسانی دروست نەبوو، بەڵكوو ١٣ ساڵی خایاند، واتە ١٣ ساڵ، دانوستانیان كرد، ئەوكات گەیشتنە ئەنجام.
جۆرج میچێل، سیناتۆری ئەمریكی، ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو لە پرۆسەی ئاشتی نێوانیان، هەروەها ئەو یەكێك بووە لەوانەی، ڕۆڵی سەرەكی هەبووە لەوەی هەركاتێك لەسەر پرسێك نەگەیشتبانە ڕێككەوتن، ئەو گرێكوێرەكەی دەكردەوە. بۆیە میچێل دەڵێت: “هەموو شەڕێك خۆی ئازادیی خۆی هەیە، هەموو لایەك مەرجەكانیان جیاوازە، هەموویان یەك فۆرمیان نییە، هەر لایەنێك لە ڕووی مێژووییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئازادی خۆی دەكات. یەكێك لەو بنەمایانەی لە كاتی دانوستاندا سوودم لێی وەرگرت ئەوە بوو، بەهۆی شەڕ و ڕووداوی توندوتیژییەوە نابێت دەستبەرداری دانوستاندن بین، دەبێت سەرەڕای هەر شتێك، بەردەوام بین لە دانوستان. هەروەها یەكێكی تر لە بنەماكان ئەوەبوو، كۆمەڵگە ڕازی بكەین و ئەوانیش ئاشتییان بوێت. دوای ڕێككەوتنی ئاشتی بە یەك هەفتە، لە ئێرلەندای باكوور، ڕاپرسییەك كرا، گەل بڕوای وا نەبوو ئەو پرۆسەیە بگاتە ئەنجام، بۆیە سەرۆكە سیاسییەكان دەبێت بەهێز و بوێر بن، سەرەڕای گومانەكانیش دەبێت دانوستان بەردەوام بێت“. ئەو دان بەوەدا دەنێت، كە هەردوو لایەن ماوەیەكی زۆرە لەیەكتری دەكوژن، بۆیە ئەوانە لەیەك ژوودا كۆبكەیتەوە و بەشێوەیەكی دروست گوێیان لێ بگریت و لەیەكیان نزیك بكەیتەوە زۆر زەحمەتی دەوێت، بۆیە لێرەدا سەبر و وریایی گرنگە.
ئێرلەندای باكوور، دوای شەڕێكی زۆر، توانیی بگاتە ئامانجی خۆی و كۆمارێكی سەربەخۆی هەیە، بەڵام سەر بە بەریتانیان. پەرلەمانیان هەیە و حكوومەتی تایبەت بە خۆیان هەیە. سێجار ڕیفڕاندۆمیان بۆ سەربەخۆیی ئەنجام داوە، بەڵام گەلی ئێرلەندای باكوور پێیان باش بووە لەگەڵ بەریتانیادا بمێننەوە، چونكە وەكوو هاووڵاتی پلە دوو سەیر ناكرێن و هیچ جیاوازییەكیان لە ڕووی ماف و ئەركەوە لەگەڵ هاووڵاتییەكی بەریتانیاییدا نییە.
گواتیمالا؛ چەك بێدەنگ بوو، بەڵام توندوتیژیی كۆمەڵایەتی نەبڕایەوە
گواتیمالا، كە دەكەوێتە باشووری ئەمریكا، لە ساڵی ١٩٥٤، دوای ئەوەی كودەتایەكی سەربازی دژی حكوومەتی چەپ كرا، چەپەكان ڕووبەڕووی ئەو كودەتایە بوونەوە و لە ماوەی ٣٦ ساڵی شەڕدا، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار كەس كوژرا.
رێكخراوی چەكداری یەكێتی شۆڕشگێڕی نێونەتەوەیی گواتیمالا (URGN)، دوای ساڵانێكی زۆر لە دانوستان لەگەڵ دەوڵەت، لە ١٩٩٦ گەیشتن بەئاشتییەكی بەردەوام.
یەكێك لەو ناوانەی كە لە نزیكەوە ئاگاداری پرۆسەی ئاشتی گواتیمالا بووە، فڕانك ویلیام لا ڕیو بوو، كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی سەنتەری كرداری یاساییی لەپێناو مافی مرۆڤ، ئەو كەسایەتییە، چەندین ڕاپۆرتی لەبواری ئازادی بیركردنەوە و مافی مرۆڤ پێشكەشی نەتەوەیەكگرتوەكان كردووە، بۆیە بەهۆی ئەو خەبات و هەوڵەی بۆ مافی مرۆڤ داویەتی، لە ٢٠٠٤ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرت.
ئەو قسەی بۆ (BBC) كردووە و لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە گواتیمالا دەڵێت: “دەوڵەت ئەگەرچی لە ڕووی سەربازییەوە سەركەوتنیشی بەدەست بهێنایە، بەڵام نەیتوانیوە كۆتایی بە گەریلا بهێنێت، بۆیە ئەوەیان بینی كە بەم شێوەیە ناتوانن كۆتایی بەشەڕ بهێنن، ڕێگەی ئاشتیان گرتە بەر. چەند جارێك دانوستان كرا، بەڵام ئاگربەست دەشكا و شەڕ هەڵدەگیرسایەوە، ئەمەش نەبووە هۆی ئەوەی بێئومێد بن لە ئاشتی، ئەم هۆكارەش گرنگترین هۆكار بوو كە بیانگەیەنێت بە ئاشتییەكی بەردەوام. “
باس لەوەش دەكات، یەكێكی تر لەو هۆكارانەی وای كرد، پرۆسەی ئاشتی سەر بگرێت، تا ئەوكاتەی ئیمزای ئاشتییان كرد، نەیانهێشت ڕای گشتی وڵات پێی بزانێت.
فرانك ویلیام، پێی وایە بۆ ئەوەی ئاشتیی گرەنتی بكرێت و شەڕ دووبارە نەبێتەوە، پێویستە دەوڵەت ڕیفۆڕمی كرداری بکات، چونكە لە گواتیمالا، ئەو ڕێكخراوە چەكدارییە بەشێوەیەكی زۆر توندوتیژ چەندین كاری تیرۆری كردووە، دەبێت كارێك بكرێت لە رێگەی ڕیفۆڕمەوە ئەم كارانەی كراوە نەبێتە هۆی ئەوەی ئاشتی لەبار ببرێت.
ژێنی پێرس، لێكۆڵەر لە ئەمریكای لاتین، لە گواتیمالا، كاتێك ئاشتی جێگەی شەڕ دەگرێتەوە، ئەم جۆرە ئەزموونانە پێمان دەڵێت كە لە ڕووی ئابوورییەوە وڵاتەكە گەشە دەكات.
بەڵام ویلیام، لەبارەی گەشەسەندنی گواتیمالا لە ڕووی ئابوورییەوە دوای چەك دانان، دەڵێت: “دوای ڕێككەوتنی ئاشتی، هەژاری هەر وەكوو خۆی مایەوە، ئاشتی زۆر گرنگە، چونكە ئۆپەراسیۆنی سەربازی نەهێشت، بەڵام گەلی گواتیمالا لە ڕووی ئابوورییەوە ژیانیان هیچ گۆڕانێكی بەسەردا نەهات، بۆ نموونە ڕێفۆرمی خاكیان ئەنجام نەدا، خزمەتگوزاریی سۆسیالیان باش نەكرد، سیستەمی تەندروستییان بەهێز نەكرد، بۆیە خەڵكەكە نائومێد بوون.”
ژێنی پێرس، پێی وایە پرۆسەكە تەنیا پەیوەست نییە بەوەی ئەوانەی چەكیان پێیە چەك فڕێ بدەن، ئەمە پەیوەستە بە هەموو كۆمەڵگەوە، بۆیە دەبێت كۆمەڵگەی مەدەنییش بهێنرێتە ناو ئەو پرۆسەیەوە.