زانیاری لەسەر قۆناغی دوای خۆچەكکردنی پەكەكە

كارزان گلی – هه‌ولێر

عەبدولقادر سەلڤی، رۆژنامەنووسی زۆر نزیك لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، چەند زانیارییەك لەسەر قۆناغی دوای خۆچەککردنی پەكەكە ئاشكرا دەكات، بەتایبەت چارەنووسی بەرپرسە باڵاكانی پەكەكە و هەروەها ئەو كەمپانەی پەكەكە لە شاخ دروستی كردوون.

سەلڤی، لە وتارێكدا بۆ رۆژنامەی توركییەکەی (حوڕیەت)، دەڵێت پەكەكە قەندیل چۆڵ دەكات، هەموو كەمپەكانیش بەجێ دەهێڵێت، پاشان ئەو شوێنانە لەلایەن میتی توركیاوە كۆنترۆڵ دەكرێت، دوای ماوەیەكی كەم رادەستی حكوومەتی عێراق دەكرێت.
سەلڤی دەنووسێت: ”پەكەكە قەندیل چۆڵ دەكات، هەروەها كەمپی زاپ، مەتین و گاراش چۆڵ دەكات، چۆڵكردنەكەی تەنیا لە چوارچێوەی ئەو سێ كەمپەدا نابێت، بەڵكوو هەموو كەمپەكانی تریش چۆڵ دەكات، پاشان میتی توركیا بە هاوبەشی لەگەڵ حكوومەتی عێراق كار دەكات، كە سەرەتا میت كۆنترۆڵی ئەو شوێنانە دەكات، واتە كەمپەكان، پاشان رادەستی حكوومەتی عێراق دەكرێت.“
لەبارەی ئەو بەرپرسانەی پەكەكە، كە ئایا دوای چەكدانانیان چارەنووسیان چی لێ دێت؟ سەلڤی لەو ڕووەوە زانیاریی دەست كەوتووە و دەنووسێت: ”بەرپرسە باڵاكانی پەكەكە كە ئەو پارتە بەڕێوە دەبەن ٣٠ بۆ ٥٠ كەس دەبن، شوێنیان بۆ دیاری كراوە، دەتوانن بچنە عێراق، یان هەر وڵاتێكی ئەورووپایی. هەر بەرپرسێك حەزی لە كام شوێن بوو، دەتوانێت بچێتە ئەو شوێنە و لێی نیشتەجێ بێت، بەڵام ئەوەی قسەی زۆر لەسەر دەكرێت لە عێراق دەمێننەوە، وەكوو هەولێر یان سلێمانی یان هەر وڵاتێكی ئەورووپی، بەڵام ئەوەی كە گریمانەیەكی بەهێزە، دەچنە ئەو ناوچەیەی كە تاڵەبانییەكان تێیدا بەهێزن وەكوو سلێمانی. ئەوەی گرنگە بیزانن، بەدڵنیاییەوە چەك فڕێ دەدەن و لە قەندیل دێنە خوارەوە.“
سەلڤی، كە زۆر لە ئەردۆغانەوە نزیكە و لەخۆڕا هیچ زانیارییەك بڵاو ناكاتەوە، لەبارەی چارەنووسی ئۆجەلانەوە ئاشكرای دەكات، ئۆجەلان بەهیچ شێوەیەك ئازاد ناكرێت، بەڵام لە ئیمرالی ئاسانكاریی زۆری بۆ دەكرێت.
زیاتر دەنووسێت: ”هەندێك لە دەزگا هەواڵگرییەكان، هەروەها چەند گروپێكی ناو پەكەكە، لە هەوڵی ئەوەدان ئەم پرۆسەیە تێك بدەن، بۆیە بۆ ئەوەی پرۆسەكە بگاتە ئامانجی خۆی، پێویستە جاروبار عەبدوڵا ئۆجەلان بهێنرێتە ناو پرۆسەكەوە، بۆیە مەرجەكانی ئیمرالی ئاسانكاری زۆری بۆ دەكرێت. ئۆجەلان، دەتوانێت خانەوادەكەی، پارێزەرەكانی و میوانەکانی ببینێت، بەڵام هەموو ئەمانە لەژێر چاودێری میتی توركیا دەکرێت.“