پەكەكە خۆی هەڵوەشاندەوە

كارزان گلی – هە‌ولێر

پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، لە بەیاننامەیەكدا بڕیارەكانی كۆنگرەی ١٢ی راگەیاند، كە خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتەكە و هەروەها كۆتایی هێنان بە خەباتی چەكداری بوو. پەكەكە خۆی هەڵوەشاندەوە، ئەی دەوڵەتی توركیا لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەی پەكەكە، چی دەكات؟ ئایە لە پەرلەمانی توركیا یاسای بۆ دەردەكات؟ ئایە لە دەستووردا كورد وەكوو نەتەوە دەناسێنێت؟

بەرپرسانی دەم پارتی، دەڵێن ئیدی تۆپەكە لە ساحەی توركیایە، دەبێت هەنگاوی كرداری بنێت بۆ چارەسەری پرسی كورد، هەنگاوەكانیش لەپەرلەمانەوە دەبێت دەستپێبكات.
لە بڕیارەكانی كۆنگرەی ١٢ ی پەكەكەدا هاتووە، رێككەوتنی لۆزان و دەستووری ١٩٢٤، هۆكار بووە كە پەكەكە دروست بێت، چوونكە لەوێوە مافی كورد پێشێل كراوە و ئینكاری كورد كراوە.
ئەم دێڕە نەژادپەرستەكانی هێناوەتە دەنگ و دەڵێن نابێت ئەوە لە پەكەكە قبوڵ بكرێت، بۆ نموونە یڵماز ئۆزدیل، رۆژنامەنووسی دیاری توركیا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) نووسیویەتی، ئیدی شتێك نەما بەناوی كۆماریی توركیا، مەبەستی ئەوەیە كۆماری توركیا رێككەوتنی لۆزان دروستی كرد، بەڵام بەو بایاننامەیەی پەكەكە، ئیدی كۆماریی توركیا نەما.
مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئەنكەرا، بەهەمان شێوە نووسیویەتی: ”لۆزان تاپۆی كۆماریی توركیایە، كەس حەدی ئەوەی نییە دەستدرێژی بكاتە سەری.“
چەندین بەرپرسی تری سەر بە جەهەپە و پارتی خاس، هەمان بۆچوونیان هەیە، ئەمەش دەریدەخات لەناو پەرلەمانی توركیا، هەر لە ئێستاوە ناكۆكی دروست بووە و پرسیاری جیدی لەسەر بەیاننامەكەی پەكەكە هەیە.
ئەوەی لەچاوەڕوانی كورد و دەم پارتییە، پێویستە هەنگاوە كردارییەكانی دەوڵەتی توركیا ببینرێت، وەكوو ئازادكردنی هەموو زیندانییە سیاسییەكان، چونكە ئەوان بەتۆمەتی پەكەكەبوون دەستگیر كراون، مانەوەیان لە زیندان مانای نییە.
هەروەها داوا دەكرێت، بەپەلە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە ئازاد بكرێن، جیا لەوەش داوا دەكەن سیاسەتی قەیووم كۆتایی پێبێت، واتە هەموو ئەو شارەوانییانەی قەیوم كراوە، بگەڕێنەوە سەر كاری خۆیان.
لەبارەی عەبدوڵا ئۆجەلانیشەوە، دەم پارتی داوا دەكات، گۆشەگیركردنی لەسەر هەڵبگیرێت و مافی ئومێد بیگرێتەوە، واتە ئازاد بكرێت.
تولای خەتیبئۆغڵو، هاوسەرۆكی دەم پارتی، لەبارەی چەكدانانی پەكەكە دەڵێت: ”سەرەڕای ئەوەی دەبێت ئۆجەلان دەرگای ئیمیڕاڵی لەسەر بكرێتەوە و پەیوەندیی ببەستێت، دەبێت رێگەی بدرێت بەئازادە كارەكانی خۆی بكات، ئیدی تۆپەكە لەساحەی دەسەڵاتە.“
بەڵام یڵماز تونچ، وەزیری دادی توركیا، لەوەڵامی ئەو وتانەی تولای، دەڵێت ئێمە هەوڵمان بۆ ئەوەیە تیرۆر تەسفییە بكەین، بەهیچ شێوەیەك ناچینە ناو هیچ مامەڵەیەكەوە، ئەمەش دەریدەخات، كە دەسەڵات مەیلی نییە هەنگاوی كرداری بۆ چارەسەری پرسی كورد لەناو پەرلەمانەوە دەستپێبكات.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی (DW) توركی، لەكۆبوونەوە نهێنییەكانی ئەنكەرا باس لەوە كراوە، هەنگاوی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد كاتی دەوێت، رەنگە چەند ساڵێك بخایەنێت، یان بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی چەند هەنگاوێك بنرێت.
باسی لەوە كردووە، رەنگە دەسەڵات داوا لە دەم پارتی بكات، پشتگیری بكەن لە هەمواركردنەوەی دەستوور و هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوكات ئەوانیش هەنگاوی كرداری دەنێت بۆ چارەسەری پرسی كورد، یان ئەو داواكارییانەی دەم پارتی هەیەتی.

ئایە ئۆجەلان ئازاد دەكرێت؟
ئایشە یڵدرم، رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی (شەپۆلی بچووك)ی توركی، دەڵێت رەوشی ئۆجەلان لە زیندان زۆر باش بووە، بۆ نموونە ژوورەكەی زۆر گەورە بووە، كەسی تریان هێناوەتە لای و سكرتێری تایبەتیشی بۆ دانراوە.
باسی لەوەش كردووە، لەومەودوا رێگە دەدرێت ئۆجەلان پێشوازی لە رۆژنامەنووسان كەسایەتی سیاسی بكات، واتە چوون بۆ لای ئۆجەلان ئاسان دەكرێت. بەڵام لەبارەی ئازادبوونی لەرێگەی مافی ئومێد، كە داوای دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە بووە، ئەمە ئەستەمە و وەكوو ئەوەی ئایشە یڵدرم باسی دەكات، ئازادبوونی مەحاڵە، تەنیا لەزیندان ئاسانكاری بۆ دەكرێت، بۆ بینینی هاوڕێی و خزم و كەسایەتی سیاسی و رۆژنامەنووسان.