هیندستان یان پاكستان كامیان لە ڕووی سەربازییەوە بەهێزترن؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

لەو چەند رۆژەدا، لەسەر ناوچەی كشمیر، هیندستان و پاكستان، كە دراوسێی یەكترین، شەڕ لە نێوانیاندا هەڵگیرساوە و دەیان هاووڵاتیی لاشەڕ (سڤیل) لە هەردوو لا بوونە قوربانی، وەزارەتی بەرگری پاكستان رایگەیاند، ٢٥ درۆنی هیندستانیان لە ناوچەی كشمیر خستووەتە خوارەوە. گرژیی نێوان ئەو دوو وڵاتە تەشەنەی سەندووە، بۆیە لەم راپۆرتەدا، لە ڕووی سەربازییەوە هەڵسەنگاندن بۆ هەردوو وڵات كراوە، ئاخۆ كامیان بەهێزترن؟

هەردوو وڵات، گرنگییەكی زۆریان بە پیشەسازیی سەربازی داوە، بەڵام لە ڕووی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازییەوە، هیندستان لە پێش پاكستانەوەیە.
رۆحال بەدی، شارەزای بواری سەربازی، قسەی بۆ ئاژانسی (BBC)ی توركی كردووە، دەڵێت هیندستان كە چڕترین وڵاتە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، هەتا چوار ساڵی دی، دەبێتە خاوەنی پێنجهەزار فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سەربازی.
لە ٢٠٢٤، وەزارەتی دەرەوەی هیندستان و ئەمریكا، رێككەوتنیان واژوو كرد تا ٣١ چەكی MQ_9B گواردیان و سیاگواردیان و فڕۆکەی بێفڕۆكەوانی سەربازی بفرۆشێتە هیندستان.
پاكستان، لە ڕووی فڕۆکەی بێفڕۆكەوانی سەربازییەوە، ژمارەی كەمتری لە هیندستان هەیە، بەڵام لە ڕووی چاودێری و پشكنینەوە، خاوەنی توانایەكی بەهێزە.
پاكستان، خاوەنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەهێزی تایبەت بەخۆیەتی، ئەویش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (بۆڕاق)ـە، كە لە ٢٠١٥ بۆ لێدان لە تیرۆریستان رۆڵێكی كاریگەریی هەبوو، هەروەها فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە توركیا و چینیش كڕیوە.
لە ١٩٩٩وە، هەردوو وڵات خۆیان ئامادە دەكەن تا لە ڕووی سەربازییەوە برەو بەخۆیان بدەن، چونكە هەردوو وڵات ترسیان هەیە، پەلاماری یەكتری بدەن لەسەر ناوچەی كشمیر.
هیندستان خاوەنی ١ملیۆن‌و٤٠٠هەزار سەربازە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (GFI) كە تایبەتە بە لێكۆڵینەوە لە هێزی سەربازیی وڵاتان، هیندستان خاوەنی چوارەم هێزی هەرە گەورە و باشە لە جیهاندا، بەڵام پاكستان خاوەنی ٦٥٤هەزار سەربازە.
بە گوێرەی راپۆرتی ئەنیستیتیوتی لێكۆڵینەوەی ئاشتیی نێودەوڵەتی (SIPRI)، هیندستان لە ٢٠٢٤دا، نۆ ئەوەندەی پاكستان گرنگیی بە كەرتی سەربازی داوە و بوودجەی زیاتری بۆ كەرتی سەربازی تەرخان كردووە.
لە ڕووی هێزی وشكانییشەوە، هیندستان خاوەنی ٤٢٠٠ تانك، هەروەها ١ملیۆن‌٥٠٠هەزار سەیارەی سەربازی زرێپۆشە، بەڵام پاكستان خاوەنی ٢٦٠٠ تانك و ١٨هەزار سەیارەی زرێپۆشە.
لە ڕووی هێزی ئاسمانییەوە، هیندستان خاوەنی ٢٢٢٩ فڕۆکەی سەربازییە، بەڵام پاكستان خاوەنی ١٤٠٠ فڕۆکەی سەربازییە.
لە ڕووی چەكی ئەتۆمەوە، هەردوو وڵات خاوەنی چەكی ئەتۆمن، ئەگەر بەو چەكە رووبەڕووی یەكتری ببنەوە كارەسات دروست دەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (SIPRI)، هیندستان خاوەنی ١٧٢ كڵاوەی ئەتۆمە، پاكستانیش خاوەنی ١٧٠ كڵاوەی ئەتۆمە، بەڵام نازانرێت ئاخۆ چەندێك لەو كڵاوە ئەتۆمانە ئامادەن بۆ تەقینەوە یان بۆ بەكارهێنانی جەنگ.