ئەو نهێنییەی ئۆندەر گوتی دوای مردنم ئاشكرای بكەن

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، دوای ئەوەی بەشداری رێوڕەسمی ناشتنی تەرمی سری سوورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی كرد، باسی لە نهێنییەك كرد، كە ئۆندەر پێی گوتووە، دوای مردنم ئاشكرای بكە.

ئۆزگوور، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، باسی لە نهێنییەكی گرنگ كرد، كە لە توركیا هیچ لایەن و كەسێك نەیزانیوە، ئەویش لەبارەی سری سوورەیا ئۆندەرەوەیە.
ئۆزگوور گوتی: ”رۆژێك ئۆندەر هاتە لام، پێی گوتم، سەیری تازەترین فیلمت كردووە بە ناوی (گۆرانییەكی كۆمار)؟ منیش گوتم جارێ سەیرم نەكردووە، گوتی لەبەر خاتری من سەیری بكە، ئەوكاتەی ئەو قسەیەی پێ گوتم، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، تازە دەستگیر كرابوو، هەروەها لەگەڵ خانەوادەی ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆكی شارەوانیی ئەسەنیورتی ئیستانبۆڵ، كە ئەویش ئێستا لە زیندانە، سەیری فیلمەكەمان كرد. ئۆندەر پێی گوتم، وەكوو ئەمانەتێك ئەو نهێنییەت لا باس دەكەم، دوای مردنم دەتوانیت باسی بكەیت، ئەو فیلمە سیناریۆكەی من نووسیوومە.“
زیاتر روونی نەكردەوە، كە بۆچی ئۆندەر پێی خۆش نەبووە ناوی وەكوو سیناریست لەسەر ئەو فیلمە بنووسرێت، رەنگە بەو هۆیەوە بووبێت، باسی مستەفا كەمال ئەتاتورك دەكات.
هەر لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی تەرمی ئۆندەر، كەسێك چووە بەردەم ئۆزگوور ئۆزەل و بە زللە لێی دا، ئەمەش كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام ئۆزەل ئاماژەی دا، كە لە كاتی بەرێكردنی تەرمی ئۆندەر، ئەو لەناو هەستێكی زۆر گەورە بووە، ئەو گوتەیەی ئۆندەری بیر هاتووەتەوە كە پێی گوتوە ئەو نهێنییە بپارێزە، بۆیە ئەو جۆرە پەلامارانە شكستیان پێ ناهێنێت.
دوای ئەو پەلامارە، هەرچی سەركردەی سیاسی هەیە لە توركیا، پەیوەندی بە ئۆزەلەوە كرد و نیگەرانیی خۆیان دەربڕی لەوەی پەلامار دراوە.
هەروەها رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیاش، پەیوەندیی بە ئۆزەلەوە كردووە و پێی گوتووە، تاوانبار دەستگیر كراوە و سزای خۆی وەردەگرێت.
ئەمە جاری یەكەم نییە، سەرۆكی جەهەپە دووچاری پەلامار دەبێتەوە، چەند ساڵێك بەر لە ئێستاش، كەمال كلیچدارئۆغڵو، كە ئەوكات سەرۆكی جەهەپە بوو، لە كاتی ناشتنی تەرمی چەند سەربازێكی تورك، لەلایەن كەسێكەوە بە بۆكس لێی درا و لا چاوێكی ئەستوور بوو.
عەلی یەرلی كایە، وەزیری ناوەخۆی توركیا، لە هەژماری خۆی لە (X)، زانیاری لەسەر ئەو كەسە بڵاوكردەوە كە پەلاماری ئۆزەلی داوە و نووسیویەتی: ”ئەو كەسە پێشتر دوو منداڵی خۆی لە خەودا خنكاندووە، هەروەها دووی تریشی بریندار كردووە، دوای ئەوەی ١٠ ساڵ گیراوە، بە كەفالەت ئازاد كراوە.
دەم پارتی، لە راگەیێندراوێكدا بڵاوی كردەوە، بە توندی ئەو پەلامارە ئیدانە دەكەین، وای دادەنێین، كە ئەو پەلامارە بۆ سەری سوورەیا ئۆندەر بووە، هەروەها گێرەشێوەنێكە دژی دیموكراتی و ئاشتی ئۆندەر كراوە.