مردنی ئۆندەر توركیای نیگەران كرد

كارزان گلی – هه‌ولێر

سری سوورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمیڕاڵی، كۆچی دوایی كرد، ئەمەش دوای ئەوەی چەند هەفتەیەك بەر لە ئێستا، جەڵتە لێیدا و كەوتە نەخۆشخانە. میدیاكانی توركیا، هەواڵی مردنەكەیان بەپەلەیی بڵاوكردەوە، هاووڵاتیانیش لە سۆسیال میدیا، نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە و وەكوو سیمبولی ئاشتی ناوی دەهێنن.

ئۆندەر، لەوەتەی هاتووەتە ناو سیاسەت، هەمیشە باشی ئاشتی كردووە، هەروەها بەزمانێكی نەرم و دەم بەپێكەنینەوە داوای مافی كوردی كردووە. ئەگەرچی ئەو لە باوكێكی توركمان هاتووەتە دونیاوە، بەڵام بۆ داواكردنی مافی كورد، خەباتی سیاسی دەستپێكرد و بەرگەی دەستگیركردن هەموو سووكایەتییەی گرت كە پێی دەكرا.
ئۆندەر جیا لە كاری سیاسی، دەرهێنەری فیلمی سینەما و سیناریست و نووسەر بوو، لە چەندین فیلمدا رۆڵی بینیوە.
لە ١٩٦٢ لە ئادییەمانی باكووری كوردستان لە دایك بووە، باوكی یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی پارتی كاری توركیا، كاریگەریی باوكیشی وای لێكرد ببێتە سۆسیالیست و بڕوای بە چەپگەرایی هەبوو و تا مردنی هەر وەكوو چەپێك مایەوە.
ئۆندەر بڕوای بەوە نەبوو، ئەگەر كەسێك بمرێت و دەوڵەمەند بێت، دەیان خانوو لەدوای خۆی بەجێبهێڵێت و هەمیشە دەیگوت، ئاخر عەدالەت لەكوێدایە كەسێك لەدوای خۆی ٢٠ خانوو جیبهێڵێت و دوو منداڵی یان زیاتر هەموو خانووەكان ببەن و هەژارانیش یەك مەتریان نەبێت تیای بحەسێنەوە، ئەمەشی بە كردار كرد، بەوەی تا مردیش هیچ سەروەتێكی لەدوای خۆی بەجێنەهێشت.
لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ئۆندەر دەڵێت: ”جارێكیان هاوڕێیەكم پێی گوتم، تۆ پەرلەمانتاریت و پێشتر چەندین فیلمی سینەماییت هەبووە، وەكوو دەرهێنەر و سیناریست و ئەكتەر، چۆنە تاوەكوو ئێستا خانوویەكت بۆ خۆت نا بۆ دایكت نەكڕیوە؟ ئەمە كاریگەریی لێكردم، گوتم با پارە كۆ كەمەوە و خانوویەك بۆ دایك بكڕم و بۆیم كڕی، لەوە زیاتر هیچ سەروەتێكی ترم نەبووە و نابێت.“
لە دوای كودەتای ١٩٨٠، ئۆندەر بەهۆی فیكری سیاسییەوە، حەوت ساڵ دەستگیر دەكرێت و لەو ماوەیەدا زۆر ئەشكەنجە دەدرێت.
لە پرسی چارەسەری كورد لە ٢٠١٣، رۆڵێكی كاریگەریی هەبوو، جیا لەوەی سەردانی ئیمیڕاڵی كرد، بە بۆچوون و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ ئۆجەلان، توانی خزمەتێكی بەرچاو بكات، بەڵام بۆ خۆشی پێشتر ئاماژەی بۆدا، كە دەوڵەت و پەكەكە بڕوایان بەیەكتری نەبووە، بۆیە پرسەكە ئەنجامی نەبوو.
لەم دوایانەشدا، كە پرسی چارەسەری كورد، دوای وتارێكی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٤ هاتەوە بەرباس، ئۆندەر رۆڵێكی كاریگەریی پێدرا و بووە ئەندامی شاندی ئیمیڕاڵی و هەروەها سێجار سەردانی ئۆجەلانی كرد.
كاتێك شاندی ئیمیڕاڵی سەردانی هەولێر كرد و سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لێیان كرد، ئۆندەر، بەگرنگەوە باسی ئەو سەردانەی كرد و رۆڵی سەرۆك بارزانی لەو پرسە بە گرنگ زانی.
ئۆندەر، زۆرجار لەلای توركە نەژادپەرستەكان بە خاین ناویان دەهێنا و دەیانگوت، چۆن دەبێت توركێك بەو شێوەیە داوای مافی كورد بكات و دژی تورك بێت، لە هەمان كاتدا بەشێك لە كوردەكانیش دەیانگوت، ئۆندەر سەر بە میتی توركیایە و بۆیە هاتووەتە ناو كورد و بەرگری لە مافی كورد دەكات، تا نەیەڵێت پرسی كورد هەنگاوی گەورە بهاوێت، بەڵام ئەو هەرگیز گوێی بەو قسانە نەدەدا و دەیگوت، ئاشتی زۆر لەوە گەورەترە بە تۆمەت و سووكایەتیی لێی سارد ببمەوە.
لەم كاتەدا توركیا و كورد، زۆر پێویستیان بە ئۆندەر بوو، فیكر و بۆچوون و هەنگاوەكانی بۆ ئاشتی لەم كاتەدا، كاریگەریی گەورەی بۆ پێشوەچوونی پرسی كورد دەبوو، بەڵام بەداخەوە مەرگ رێگەی نەدا، ئاشتی بەچاوی ببینێت و بۆ ئەبەد سەری نایەوە.