ئۆزگوور ئۆزەل:”لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا ٧٠٪ی دەنگەكان دەهێنرێن”

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، لە تازەترین دیمانەیدا داوا دەكات توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەگەر ئەوە روو بدات، جەهەپە ٧٠٪ی دەنگەكان بەدەست دەهێنێت و ئەوكات دەتوانن سیستەمی سیاسی توركیا بكەنەوە بە پەرلەمانی.

ئۆزەل، لە دیمانەیەكیدا بۆ كەناڵی یوتوبی رۆژنامەنووس (فاتیح ئاڵتایلی)، هۆشداری دەدات ئەگەر لەوە زیاتر ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ لە زیندان بمێنێتەوە، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەتوانن ٧٠٪ی دەنگەكان بەدەست بهێنن.
دەڵێت: ”ئێمە لە هەڵبژاردنی داهاتوو ٧٠٪ی دەنگەكان بەدەست دەهێنێن، زۆرینەی پەرلەمان دەبین و دەتوانین لە ماوەی ١٥ رۆژدا سیستەمی سیاسی بكەینەوە بە پەرلەمانی. ئیمامئۆغڵو لە زیندان دەهێنینە دەرەوە و دەیكەین بە سەرۆك وەزیران، هەروەها مەنسوور یاڤاشیش بۆ سەركۆماری توركیا.“
لەبارەی ئەوەی داوا دەكەن توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە ئۆزەل پێیوایە، دەبێت سنودقی دەنگدان بخەنە بەردەستی میللەت، ئەگەر واش نەكەن، وەكوو جەهەپە هەموو شتێك دەكەن بۆ ئەوەی ئەو سندوقە بخەنە بەردەستی میللەت و باشترین بەرواریش بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بەلای ئۆزەلەوە، مانگی ١١ی ئەمساڵە.
هەموو ئەو دەنگۆیانەش رەتدەكاتەوە، گوایە ئیملمئۆغڵو مامەڵەی لەگەڵ ئاكەپەدا كردووە، بەوەی لە زیندان ئازادی بكەن، ئەویش نابێتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی.
لەوڕووەوە ئۆزەل دەڵێت: ”ئەمانە ناڕاستن و شتی وا بوونی نییە، ئیمامئۆغڵو بۆخۆشی ئەو مافەی نییە بڵێت نابمە بەربژێر، لەناو سیاسەتدا كۆتایی بەخۆی و پارتەكەش دەهێنێت، چونكە ١٥ ملیۆن دەنگی لەپشت بووە تا بووەتە بەربژێر.“
ئۆزەل پێیوایە، ئەوكاتەی ئیمامئۆغڵو ئازاد دەكرێت، دەبێتە سومبولی دیموكراتی لە توركیا، هەروەها ئەوان لەگەڵ ئەوەدان كە سیاسەتێكی پاك ئەنجام بدەن، بەڵام ئاكەپە هەموو رێگەیەكی دژی دیموكراتی گرتووەتە بەر و بەردەوامە لەسەری. لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ستراتیژییەتی جەهەپە چییە، ئەگەر ئیمامئۆغڵو سزایەكی توندی وەرگرت و نەیتوانی ئازاد بێت؟ ئۆزەل دەڵێت: ”ئێمە وەكوو جەهەپە ناوەستین، دەچمە سەر سەیارەی پاسەكەمان و مەنسوور یاڤاشیش لەگەڵ خۆم دەبەم و هەموو شارەكان دەگەڕێین، پەرلەمانتارەكانیشمان دەنێرینە شارەكانی تر و بەردەوام دەبین لەسەر ئەو سیاسەتە. دەبێت ئەوەش بزانن، ئەگەر سزای قەدەغەكردنی سیاسەت بەسەر ئیمامئۆغڵو جێبەجێ بكەن، دەبێت دڵنیا بن كە جەهەپە ٧٠٪ی دەنگەكان دەهێنێت و دەبینە زۆرینەی پەرلەمان، ئەوكات سیستەمی سیاسی دەكەینەوە بە پەرلەمانی و ئیمامئۆغڵو ئازاد دەكەین و دەیكەین بەسەرۆك وەزیران.“
هۆشداریش دەداتە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بەوەی ئەگەر توركیا نەباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، ناتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی خۆی بەربژێر بكات، بۆیە دەڵێت با لە مانگی ١١ی ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت و ئەردۆغانیش خۆی بەربژێر بكات و گەر بردییەوە با پێنج ساڵی تریش سەرۆك بێت.
بەڵام ئەردۆغان، لە وەڵامی ئەو داواكارییەی ئۆزەل، رەتی كردەوە توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە و بەڕوونی گوتی: ”هەڵبژاردنی پێشوەختە لە رۆژەڤی توركیادا نییە“
جیا لە ئەردۆغانیش، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە و هاوپەیمانیی ئاكەپە، بەتوندی دژی هەڵبژاردنی پێشوەختە وەستایەوە و گوتی، هەڵبژاردنی لە كاتی خۆیدا دەكرێت كە ٢٠٢٨ـە.