‎ مامۆستایەکی زانکۆ: بەهۆی ئەو تێڕوانینە باشەی بۆ مرۆڤایەتی هەیبوو، شایانی ئەوەیە پاپا فرانسیس ڕێزی لێ بگیرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دوێنێ، جیهان ماڵاوایی لە ڕێبەری کاسۆلیکەکان کرد کە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ڤاتیکان بە بەشداریی دووسەد هەزار کەس بە خاک سپێردرا. سەرکردە و ڕێبەری وڵاتان بۆ بەشداری لە ڕێورێسمەکە خۆیان گەیاندە ڤاتیکان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لەو ڕێوڕەسمە مێژووییەدا بەشدار بوو.

پاپا فرانسیس کە دووسەد و شەشت و شەشەمین پاپای ڤاتیکان بوو ٢١ی نیسان لە تەمەنی هەشتا و هەشت ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، ئەو یەکەم پاپای ڤاتیکانە کە سەردانی کوردستانی کردووە و لە کوردستان پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا .
کۆچی دوایی پاپا فڕانسیس جیاواز بووە لە زۆربەی پاپاکانی تری کاسۆلیک و هەر بۆیەش هاوخەمییەکی زۆر زیاتر بۆ پاپا تەنانەت لە ئایینە ناکریستیانەکانیش هەبوو. دکتۆر عەلیڕەزا ئازاد مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی ”ئیلاهیات” لە زانکۆکانی ئێران بە پێویستی زانیوە ڕێبەرانی ئایینە جیاوازەکانی جیهان، ژیان و بیرکردنەوەی پاپا بکەن بە سەرمەشقی خۆیان و وانەی لێ وەربگرن.
ئەو بە مانشێتی ”خوا لە پاپا فرانسیس خۆش بێت” لە ڕوانگەی مسوڵمانێکەوە هەڵسەنگاندنی بۆ پاپا کردووە و نووسیویەتی
پاپا فرانسیس کەسێک بوو نەک لەبەر ئەو پێگە ئایینییەی لە جیهاندا هەیبوو بەڵکوو بەهۆی ئەو ڕەوشتە بەرزە جوانە مرۆییە و بیر و تێڕوانینە باشەی بۆ مرۆڤایەتی هەیبوو شایانی ئەوەیە ڕێزی لێ بگیرێت و ڕێبەرە ئایینییەکانی دیکەی جیهان بیکەن بە پارادایم و سەرمەشقی خۆیان و وانەی لێ وەربگرن.
ئەو لە چەند خاڵێکی جیاوازدا پاساوی لۆجیکیانەی بۆ ئەو پێهەڵگوتنەی خۆی هێناوەتەوە و ئاماژەی داوە پاپا فرانسیس یەکەم پاپای جیهان بوو کە جگە لە پەرستگە و کەنیسەکانی مەسیحییەکان، پرستگەکانی ئایینەکانی تریشی بەسەر کردەوە و هەوڵی دا ئایینە ئاسمانییەکان لە یەکتر نزیک بکاتەوە.
پاپا پەردەی لەسەر تاوانێکی مێژوویی کەنیسەی کاسۆلیک لادا و بۆ یەکەم جارە ئاشکرای کرد لەو قوتابخانانەی لە کەنەدا سەرپەرشتی دەکردن بە چ پیلانێک ئەو منداڵانەیان کوشتووە کە دانیشتووی ڕەسەنی ناوچەکە بوون و وێڕای بەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی کەنسیە، بە فەرمی داوای لێبوردنی لێ کردن.
بە نیشانەی ڕێز بۆ یەکەم جار پاپای ڤاتیکان قاچی دوازدە کەسی زیندانیکراو و حوکمدراوی شوشت و پاشان ماچی کردن کە دوو ژن و گەنجێکی مسوڵمانیش هەر لە ڕیزی حوکمدراوەکاندا بوون. پاپا بۆیە نازناوی فرانسیسی بۆ خۆی هەڵبژارد چونکە ئەو ناوە بۆ پێگەی قەدیس فرانسیس ئاسیزی دەگەڕێتەوە، کەسێک کە لە مێژووی کەنسیە ببووە سیمبولی دەربڕینی هاودەردی و هاوخەمی لەگەڵ هەژاران و بێدەرەتانان، لە جێی ئەوەی لە کۆشکی شاهانەی ڤاتیکان بژیت ژیانێکی ئاسایی لە سانتا مارتا هەڵبژاردبوو.
پاپا فرانسیس بۆ یەکەم جار بەڵگەیەکی مێژوویی لە ژێر ناوی laudato si بڵاو کردەوە کە هی کەنیسەیە و لە بەڵگەنامەکەدا باس لە قەیرانەکانی پێوەست بە ژینگە و بەرپرسیارێتییەکانی مرۆڤ بەرانبەر بە ژینگە کراوە.
ئەو زۆر بە ڕاشکاوی لە سیاسەتە دژە پەنابەری و کۆچبەرییەکانی وڵاتان ڕەخنەی گرت و وەک هەنگاوێکی سیمبولیک بە ئامانجی پاڵپشتیکردن لە پەناخوازان، گەشتێکی فەرمی بۆ دوورگەی لیسبوسی یۆنان کرد و لە نزیکەوە کەمپی ئاوارەکانی سووریای بەسەر کردەوە و هەر لەو گەشتەدا دوازدە کەسی پەناخوازی لەگەڵ خۆیدا بردە ڤاتیکان.
کۆچکردوو بە یەکەم پاپای کاسۆلیکەکان دادەنرێ کە لە مێژووی کەنیسەدا دوای هەزار و دووسەد ساڵ لە دەرەوەی ئەوروپا بە پلە و پایەی پاپای ڤاتیکان گەیشتبێت. خۆی ئەرجەنتینییە و سەیر لەوەدایە حەزەکانی خۆی نەدەشاردەوە، پاپا شەیدای یاریی تۆپی پێ، خواردنی بەستەنی\ئایسکرێم و سەمای تانگۆ بوو کە نەریتێکی ڕەسەنی زێدەکەی خۆیەتی و لەو ماوەیەی لە ژیاندا مابوو، حەز و خولیاکانی نەشاردەوە و هیچ کات بە شتێکی خراپ و ناشیرین باسی نەکرد.
ئەو لە بڕیارێکی دیکەدا داوای لە تەواوی قەشەکان و بەرپرسانی باڵای ئایینی کەنیسەی کاسۆلیک کرد کە پێویستە ڕاپۆرتی دەستدرێژییەکان بڵاو بکرێنەوە تەنانەت ئەگەر ئەو تاوانە لە لایەن هەر کەسایەتییەکی ئایینی ڕوویدابێت، لە کاتێکدا باسکردنی ئەم جۆرە شتانە لای کاسۆلیک بڤە بوو و هیچ کاتێک کەنیسە باسی لەو دەستدرێژییە سێکسییانە نەدەکرد کە لە کەنیسەکان ڕوویان دەدا.
لە هەنگاوێکی دەگمەن و سەرنجڕاکێشدا پاپا سەردانی ئایەتوڵا عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەی عێراق و شێخ ئەحمەد تەیب پێشەوای سوننەکان لە ئەزهەری کرد. ئەو لەگەڵ تەیبدا ڕێککەوتننامەی لێکتێگەیشتنی مرۆڤایەتی و برایەتیی واژۆ کرد کە بە یەکەم ڕێککەوتننامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەر دوو ئایینی ئیسلام و مەسیحییەت لە پێناو ئاشتیی جیهانی هەژمار دەکرێت.
لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پاپا خۆی پێکوتەی کۆرۆنای وەرگرت و کۆتایی بە هەموو ئەو دەنگۆ و چارەسەرە ئایینی و نازانستییانە هێنا کە باڵی بەسەر جیهانی کاسۆلیکدا کێشابوو و لە پێناو ڕووبەرووبوونەوەی ئەو نەخۆشییە مەترسیدارانە پێداگری لە ڕێگەچارەی زانستی کرد.
پاپا پێگەی ژنانی بەرز کردەوە و بۆ یەکەم جار لە مێژووی کاسۆلیکی ڕێی بە ژنان دا بەشێک بن لە خزمەتکارانی میحراب لە ڕێوڕەسمی ئایینیی ”عیشای ڕەبانی” و بەم هەنگاو پێگەی ژن لە کەنسیە زۆر بەرز کرایەوە.
جگە لەم خاڵانەی ئاماژەیان پێ کرا بە ناوبژیوانیی پاپا فرانسیس پێوەندیی دیپلۆماسیی نێوان ئەمەریکا و کوبا دوای پەنجا و چوار ساڵ ئاسایی بوویەوە. ئەو یەکەم پاپا بوو کە لە پێناو دیموکراتیزەکردنی کەنیسە و گەشەپێدانی ناوەڕۆکی کەنیسە، داوای لە کەسایەتییە نامەزهەبییەکان کرد لە بڕیارەکانی کەنیسە ڕۆڵی کارایان هەبێت و زانستی دەرەوەی بازنەی کەنیسەی بە فەرمی ناسی.
هاوکات پاپا فرانسیس لە بەرانبەر ئەو تاوانانەی ئیسرائیل بەرانبەر بە فەلەستینییەکان ئەنجامی دا هەڵوێستی زۆر توندی گرت. ئەو لە ئەبوزەبیی پایتەختی ئیماراتی یەکگرتوووی عەرەبی ماڵێکی گەورەی لە ژێر ناوی ماڵی گەورەی خێزانی ئیبراهیم دامەزراند کە لە مزگەوتێک و کەنیسەیەک و پەرستگەیەکی جووەکان پێکدێت و کردیە سیمبولی پێکەوەژیانی هەر سێ ئایینی ئاسمانی.
پسپۆڕە ئایینییەکە باسی لەوە کردووە دوازدە ساڵ لەمەوبەر کە بۆ یەکەم جار پاپا فرانسیسی ناسیوە لە نوێژەکانیدا دوعای بۆی کردووە و ئێستەیش دەپاڕێتەوە خوا لێی خۆش بێت، چونکە لە کردارەکانیدا بەرجەستەی پەیامەکانی ئایەتێکی کردووە کە دەڵێت ”هەر یەک لە ئیمانداران جا سابیئی بن یان مەسیحی یان جوو ئەگەر بڕوا بە خوا و ڕۆژی دوایی بهێنن و کاری باش بکەن، لە لایەن خواوەندەوە پاداشت دەکرێن و لە ڕۆژی قیامەتدا هیچ ترس و نیگەرانییەکیان نابێت.”