هەڵبژاردنی پێشوەختە لای ئۆپۆزسیۆنی توركیا باسوخواسێكی گەرموگوڕە

كارزان گلی – هه‌ولێر

دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ و ئەو كاردانەوە گەورەیەی شەقامی توركیا بەخۆیەوە بینی، بەوەی پاڵپشتیان لە ئیمامئۆغڵو كرد، وای لە ئۆپۆزسیۆنی توركیا و بەتایبەت جەهەپە كردووە، داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بكەن، بەڵام بەبێ ئۆكەی مەهەپە، ئەو داوایەی جەهەپە نایەتە دی.

جەهەیە، لە بەشێكی زۆری شارەكانی توركیا، میتینگی گەورە بۆ پاڵپشتی لە ئیمامئۆغڵو ئەنجام دەدات، لە هەموو میتینگەكانیشدا، ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، دەڵێت ئێمە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەین و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا تۆمەتبار دەكەن، بەوەی لە ئیمامئۆغڵو دەترسێت و دەزانێت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لێی دەباتەوە، بۆیە ئەوی خستووەتە زیندانەوە.
لە میدیاكانی توركیا، تەنانەت لەسەر زاری چەند رۆژنامەنووسێكی سەر بە ئاكەپەش، باس لەوە دەكرا، نێوان دەوڵەت باخچەلی و ئەردۆغان باش نییە، رەنگە لە هەر ئان و ساتێكدا باخچەلی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات.
خراپی نێوان باخچەلی و ئەردۆغان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، كە ئەردۆغان گەرموگوڕ نییە لە چارەسەركردنی پرسی كورد، بۆیە ئەگەر ئەو پرسە ئەنجامی نەبێت، باخچەلی دووچاری ئیحراجییەكی زۆر دەبێت، چونكە ئەندازیاری پرسی چارەسەری كورد، دەوڵەت باخچەلییە و ئەو شەش مانگ بەر لە ئێستا، لەناو پەرلەمانی توركیا داوای كرد، رێگە بدرێت عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە بهنێنرێتە ناو پەرلەمانی توركیا و داوا لە پەكەكە بكات چەك دابنێت و لە بەرامبەردا ئۆجەلان ئازاد بكرێت.
بەڵام باخچەلی، لە نووسینێكدا وەڵامی هەموو ئەو دەنگۆیانەی دایەوە و گوتی ”ئەوەی باس لەوە دەكات كە ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەین درۆیە و ئێمە هەرگیز داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە ناكەین و هەڵبژاردن دەبێت لە كاتی خۆی بكرێت كە ٢٠٢٨‌ـە.“
بۆ ئەوەی توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، پێویستە ٥٠+١ـی پەرلەمانتارانی توركیا داوای هەڵبژاردن بكەن، بەڵام دەنگی ئۆپۆزسیۆنی توركیا ناگاتە ئەو رێژەیە و ئەگەر مەهەپە پاڵپشتی لەو داوایەی جەهەپە و پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی تر نەكات، هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەستەم دەبێت.
یۆزگارت، یەكێكە لەو شارانەی بە قەڵای ئاكەپە دادەنرێت و بەردەوام موحافیزكارەكان لە هەڵبژاردندا یەكەمی ئەو شارەن، بەتایبەت دەنگی ئاكەپە لەو شارەدا زۆر بەرزە. جەهەپە، لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ـی پەرلەماندا، دەنگەكانی لە یۆزگارت ٢٪ بوو، بەڵام چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، جەهەپە لەو شارە داوای لە خەڵك كرد بەشداری میتینگێكی گەورە بكەن و پاڵپشتی لە ئیمامئۆغڵو بكەن.
هاتنی ئەو هەموو خەڵكە، كە لە پێشبینی هیچ لایەن و كەسێكدا نەبوو، بوێری ئەوەیە دایە جەهەپە، موكوڕ بێت لەسەر ئەوەی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات، چونكە بۆی دەركەوت تەنانەت ئاكەپە لە قەڵای خۆیشی كە یۆزگارتە، دەنگەكانی كەمی كردووە، بۆیە ئەگەر بچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، دەتوانن بیبەنەوە.
ئەگەر بێت و جەهەپە، شەقام بجووڵێنێت و ئەو میتینگە جەماوەرییانە بكاتە هەموو رۆژێك و فشاری گەورە بكاتە سەر حكوومەت بۆ هەڵبژاردن، رەنگە توركیا ببەنە ناو هەڵبژاردن، بەڵام وەكوو ئەوەی شڕۆڤەكارانی سیاسی باسی دەكەن، ئەستەمە ئەردۆغان لەم كاتەدا توركیا بباتە ناو هەڵبژاردن، چونكە رەوشی ئابووری زۆر خراپە و تا رەوشە ئابوورییەكە باش نەكات، جەهەپە فشارەكانیشی توند بكات، ئەردۆغان ناچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.