كارزان گلی – ههولێر
یەكێك لەو پرسە گرنگانەی لە ماوەی رابردوو، یاخود لەو كاتەوەی دۆناڵد ترەمپ بووەتە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا باس كراوە، ئایا ترەمپ سەردانی توركیا دەكات و لە نزیكەوە چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا دەكەوێت؟
مانگی دابێ، ترەمپ سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، ئەنكەرا گفتوگۆ لەبارەی ئەوە دەكات، ئایا توركیاش لەناو ئەو وڵاتانەیە كە ترەمپ سەردانی دەكات؟
هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، لە كۆبوونەوەی لوتكەی ئەنتاڵیا لەوڕووەوە پرسیاریان لێی كرد و گوتی: ”تاوەكوو ئێستا یەكلایی نەبووەتەوە كە ترەمپ بێتە توركیا، بەڵام كارەكانمان لەو ڕووەوە بەردەوامی هەیە. ئایە چاوپێكەوتنی هەردوو سەرۆك لە ئەنكەرا دەبێت یان لە ئەمریكا، ئەمە لەنێوان وەزارەتی دەرەوەی توركیا و ئەمریكا گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.“
لە ٢٤ی حوزەیرانی ئەمساڵ، لە كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ لە هۆڵەندا، ترەمپ و ئەردۆغان چاویان بە یەكتری دەكەوێت، بەڵام سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، بەر لەو بەروارە، یان لە ئەنكەرا یان لە واشنتۆن، ئەو دوو سەرۆكە لەگەڵ یەكتریدا دادەنیشن.
ترەمپ لە گەشتەكەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا بکرێت، سەردانی سعوودیا، قەتەر، ئیمارات و ئیسرائیل دەكات، ئامانجیشی لە سەردانیكردنی وڵاتانی كەنداو بۆ ئەوەیە، تا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان زیاتر بكەن و ترەمپ چاوی لەوەیە، ئەو پارە زۆرەی لەو وڵاتانەدا هەیە، بهێنێتە ئەمریكا و وەبەرهێنان بكەن.
بە گوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی جیهان، ترەمپ بۆیە دەچێتە ئیسرائیل، تا لەبارەی غەزەوە بڕیاری كۆتایی بدەن و هەروەها سیاسەتی ئەمریكا لەبارەی غەزەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل باس دەكات، بەڵام ئایا توركیاش یەكێك دەبێت لەو وڵاتانەی ترەمپ سەردانی بكات، چونكە توركیا داكۆكیكارێكی سەرسەختی غەززەیە و بەهەموو شێوەیەك چۆڵكردنی كەرتی غەزە رەتدەكاتەوە، كە ترەمپ پلانی بۆ داناوە.
پەیوەندیی ئەنكەرا و واشنتۆن برەوی پێ دراوە
ترەمپ، زۆرجار باس لەوە دەكات، توركیا بۆ ئەمریكا گرنگە، ناوی ئەردۆغانیش دەهێنێت كە سەرۆكێكی زیرەكە و دەڵێت سەرسامم پێی، بۆیە ١٤/٣ پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجام دا و پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتەش برەوی پێدراوە.
ئەردۆغان لە وتارێكدا باسی لە گرنگی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان توركیا و ئەمریكای كرد و گوتی: ”ئاڵوگۆڕی بارزگانی نێوانمان لە ساڵێكدا ٤٠ ملیار دۆلارە و دەمانەوێت بیگەیێنینە ١٠٠ملیار دۆلار، هەروەها لەبارەی كڕینی فڕۆكەی جەنگی F35یش دەمانەوێت لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ بگەینە رێككەوتن.“
بەرپرسانی توركیا پێیان وایە، سەردانەكەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، توركیاشی تێدا دەبێت، چونكە بەبێ توركیا هەنگاوە سیاسییەكان ئەستەمن.
ئەمریكا چۆن دەڕوانێتە سیاسەتی خۆی لە سووریا؟
یەكێك لە تەوەرە هەرە گرنگەكانی ترەمپ لەو سەردانەیدا باسی دەكات، بابەتی سووریایە، كە ئەمریكا لە سووریا دووهەزار سەربازی هەیە و هاوپەیمانێكی گرنگی یەپەگەیە، كە سوپایەكی كوردییە و رۆژئاوای كوردستانی لەژێر كۆنترۆڵدایە. بەڵام توركیا ئەو سوپایەی پێ باڵێكی سەرەكیی پەكەكەیە و بە تیرۆریست ناویان دەهێنێت، ترەمپ ئەو پرسە هەڵدەسەنگێنێت.
سەرچاوەكانی توركیا باس لەوە دەكەن، تاوەكوو ئێستا ئیدارەی ترەمپ خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوە لەبارەی سیاسەتیان لە سووریا، ئایا ترەمپ سیناریۆی ٢٠١٩ دووبارە دەكاتەوە؟ كە بە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان خۆی و ئەردۆغان، گوتی لە سووریا دەكشێمەوە، بەڵام بە فشاری پەنتاگۆن بڕیارەكە نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەڵام هەفتەی رابردوو، ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاوی كردەوە، ئەمریكا هێزەكانی خۆی لە سووریا كەم دەكاتەوە بۆ هەزار سەرباز.
هاتنی ترەمپ لەم كاتەدا بۆ توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان، شەرعیەتێكی گرنگە بۆ ئەردۆغان، دوای ئەوەی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵی خستوەتە زیندان و ئەگەر ئەمریكا بێدەنگ بێت، دەستی ئەردۆغان واڵا دەبێت كە رەقتر بێت بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆنی توركیا و ئەو مانایە دەدات بەدەستەوە، كە ئەمریكا دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی توركیادا ناكات.