ئەمریكا لە سووریا دەكشێتەوە؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

لە چەند رۆژی رابردوو، میدیاكانی ئیسرائیل باسیان لەوە كرد، هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا دەكشێنەوە، ئەم هەواڵە لە میدیاكانی توركیا و جیهان دەنگی دایەوە، بەڵام لە لایەن پەنتاگۆنەوە بە هیچ شێوەیەك ئەو هەواڵە پشتڕاست نەكرایەوە. ئایا ئەمریكا لە سووریا دەكشێتەوە و یەپەگە بەتەنیا جێ دەهێڵێت؟

دوو بەرپرسی ئەمریكی كە ناوی خۆیان ئاشكرا نەكردووە و قسەیان بۆ ئاژانسی (رۆیتەرز) كردووە، دەڵێن، ئەمریكا هێزەكانی بە تەواوی لە سووریا ناكشێنێتەوە، بەڵكوو ژمارەی سەربازەكان كەم دەكاتەوە. ئەگەرچی لە كۆشكی سپییەوە هیچ لێدوانێكی فەرمی لەو ڕووەوە نەهاتووە، بەڵام ئەو دوو بەرپرسەی ئەمریكا دەڵێن، لە رۆژانی داهاتوو ئەمریكا ژمارەی سەربازەكانی لە سووریا بۆ نیوە كەم دەكات.
ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئەمریكا ژمارەی سەربازانی لە سووریا بۆ هەزار سەرباز كەم دەكاتەوە، ئەگەرچی تاوەكوو ئێستا بە شێوەیەكی فەرمی روون نییە ئەو ژمارەیە راستە یان نا، بەڵام كەمبوونەوەی ژمارەی سەربازەكانی یەكلایی بووەتەوە.
رۆیتەرز باسی لەوەش كردووە، دانووستاندنی نێوان ئەمریكا و ئێران كاریگەریی لەسەر ئەوە هەیە، كە دۆناڵد ترەمپ، ژمارەی سەرباز و چەكە قورسەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەم بكاتەوە، بەڵام ئەوەی بووەتە مایەی گومان، لە چەند رۆژی رابردوو، ئەمریكا كەشتی سەربازی و فڕۆكەی جەنگی و سیستەمی بەرگری رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە، بۆیە ئەگەر پلانی هەبێت هێزەكانی كەم بكاتەوە، بۆچی چەكی قورس رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات؟
لە ١٤ی نیسان، ترەمپ لە وتارێكدا ئاماژەی دا، ئەگەر ئێران دەستبەرداری دروستكردنی چەكی ئەتۆم نەبێت، ئەمریكا لەو پێگانە دەدات كە ئەتۆمی لێ دروست دەكات.
هەروەها وەزیری بەرگری ئەمریكا، ئاشكرای دەكات ئیدارەی ترەمپ، چاو بە پێگە و بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە تەواوی جیهاندا دەخشێنێتەوە.
دوای ئەوەی رژێمی بەشار ئەسەد رووخا و ئەحمەد شەرع، لەسەر كورسییەكەی ئەسەد دانیشت، دەیانەوێت هەموو سووریا یەك بخەن و ئاساییش بۆ وڵات بگێڕنەوە، كە تاوەكوو ئێستا سەركەوتوو نەبوون تێیدا.
بەڵام بە ئاگاداری ئەمریكا، حكوومەتی راگوزەری سووریا، رێككەوتنێكی هەشت خاڵی لەگەڵ هەسەدەدا ئیمزا كرد، كە لەڕووی ئیداری و سەربازییەوە ئەو هێزە سەر بە وەزارەتی بەرگری سووریا بێت، روونیشە ئەو هێزە لەلایەن ئەمریكاوە پاڵپشتی دارایی و سەربازی دەكرێت.
بەشێكی سەرەكی هێزەكانی هەسەدە، یەپەگەن، كە هێزێكی كوردییە و حكوومەتی توركیا بەتیرۆرست ناویان دەهێنێت و دەڵێت دەبێت لە سووریا نەمێنن.
بەڵام بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە هەشت خاڵییەی ئیمزا كراوە، تا كۆتایی ئەمساڵ دەبێت خاڵەكان جێبەجێ بكرێن، كە هەسەدە سەر بە وەزارەتی بەرگری بێت، هەروەها لە دەستووری سووریایشدا مافی كورد بدرێت و وەكوو نەتەوە بناسرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەمریكا بەو مەرجە هەندێك سزای ئابووری و سەربازیی لەسەر سووریا هەڵگرتووە، كە دەبێت مافی كورد بدات و هەسەدەش وەكوو هێزێكی سەربازی بمێنێتەوە، بەڵام لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا بێت، ئەگەر ئەم هەنگاوانە وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت، ئەوكات ئەگەر هەیە ئەمریكا هێزەكانی لە سووریا بكشێنێتەوە.