كارزان گلی – ههولێر
دوای چەندین هەفتە چاوەڕوانی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، چاوی بە شاندی ئیمرالی كەوت، كە پێك هاتبوو لە پەروین بوڵدان و سری سوورەیا ئۆندەر. گرنگیی ئەم كۆبوونەوەیە لەوەدایە، بە فەرمی ئەردۆغان هاتە ناو پرۆسەی پرسی چارەسەریی كورد، كە پێشتر سەرەكیترین پرسیار ئەوە بوو، بۆچی ئەردۆغان لەسەر ئەو پرسە قسەی جیدیی نییە؟ ئەمجارەیان ئەردۆغان قسەی دەبێت و ئیدی دەست دەکرێت بە هەنگاوی كرداری.
لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٤، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، لەناو پەرلەمانی توركیا گوتی: ”پێویستە رێگە بدرێت عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە بێتە پەرلەمان و داوا بكات پەكەكە چەك دابنێت و ئەویش سوود لە مافی ئومێد وەربگرێت بۆ ئازادکرانی.“
دوای ئەم گوتەیە، بە فەرمی پرسی چارەسەری كورد لە توركیا هاتەوە بەرباس و دەرگای ئیمرالی كرایەوە و سێ جار شاندی ئیمرالی سەردانی ئۆجەلانیان كرد، لە جاری سێیەمدا، ئۆجەلان لە پەیامێكدا داوای لە پەكەكە كرد، بچێتە ناو كۆنگرە و خۆی هەڵوەشێنێتەوە و چەك دابنێت. هەموو ئەو رووداوانەی رووی دا ئەردۆغان لێ بێدەنگ بوو و قسەی لەبارەوە نەكرد، بەڵكوو ئەندازیاری ئەو پرسە باخچەلی بوو، بەڵام بە چاوپێكەوتنی ئەردۆغان لەگەڵ شاندی ئیمرالی، ئومێدی لەلای ئاشتیخوازانی توركیا دروست كرد، بەوەی ئیدی پرسەكە جیدییە و هەنگاوەكان دەستپێدەكەن.
شاندی ئیمرالی، لەگەڵ ئەردۆغاندا تەنیا باسیان لەوە نەكردووە پەكەكە كەی چەك دادەنێت؟ بەڵكوو باسیان لەوە كردووە، كە دوای چەك دانان، ئیدی هەنگاوەكانی بە دیموكراتیزەكردنی توركیا چۆن دەستپێدەكات و پرسی چارەسەری چۆن لەناو پەرلەمانی توركیا یاسای بۆ دەردەچێت؟
یەكێك لەو رەخنانەی لە دەم پارتی دەگیرا ئەوە بوو، بۆچی هەڵوێستی نییە بەرامبەر بە دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، بەڵام دەم پارتی زیرەك بوو لەوەی بێدەنگیی نواند، چونكە ئەگەر پاڵپشتی لە ئیمامئۆغڵو بكردایە و داوای لە لایەنگرانی بكردایە خۆپیشاندان بكەن، پرسی چارەسەری لەناو دەچوو و هەموو ئەو هەوڵانەی دراوە بۆ ئەو پرسە لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا هەمووی بە با دەچوو، بۆیە باشترین رێگە بێلایەنی و بێدەنگیی دەم پارتی بوو، هەر ئەوەش بوو وای كرد ئەردۆغان چاوی بە شاندی ئیمرالی بكەوێت و پەیامێك بنێرێت بەوەی ئەویش هاتووەتە ناو ئەو پرسەوە و پێویست ناكات روو لە ئۆپۆزسیۆنی توركیا بن.
رەوشی توركیا دوای دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو زۆر خراپە، رۆژانە جەهەپە ملیۆنان هاووڵاتی دەهێنێتە سەر شەقام دژی ئەردۆغان دروشم بەرز دەكەنەوە، لەم كاتە هەستیارەدا ئەردۆغان چاوی بە شاندی ئیمرالی دەكەوێت، ئەمەش پێمان دەڵێت كە پرسی چارەسەری بە جیدی وەرگرتووە، ئەگەر پێشتریش بەجیدی وەرنەگرتبێت، ناچارە ئێستا جیدی بێت، چونكە بۆ راگرتنی شەقامی باكوور و راكێشانی دەم پارتی بۆ لای خۆی، تا نەچنە پاڵ ئۆپۆزسیۆن و ئیمامئۆغڵو، هەنگاوی كرداری دەهاوێت، دەكرێت بڵێین دانیشتنی ئەردۆغان لەگەڵ شاندی ئیمرالی، پرۆسەی پرسی چارەسەری كورد خێراتر دەكات، چونكە باڵاترین سەركردەی سیاسی توركیا، بەفەرمی هاتە ناو ئەو پرسە.
هەندێك لە سیاسییەكانی توركیا پێیانوایە، هەنگاوی دوای چەكدانانی پەكەكە، ئیدی بەدیموكراتیزەكردنی توركیا، چونكە تەنیا لەو رێگەیەوەیە دەتوانرێت پرسی كورد هەنگاوی گەورە ببڕێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەك بەدیموكراتیزەكردنی توركیا پرسی كورد ناباتە پێشەوە، چونكە ئەگەر كورد چاوەڕێ بێت تا توركیا وەكوو وڵاتانی ئەورووپا بەدیموكراتی بێت، دەبێت ١٠٠ ساڵی تر چاوەڕێ بكات، چونكە توركیا هەرگیز نابێتە ئەورووپا لەڕووی دیموكراتییەوە، ئەوەی گرنگە كورد لەم كاتەدا كە ئەردۆغان بۆ خۆی دەست دەخاتە ناو دەستی دەم پارتی، كە شاندی ئیمرالین و بەو واتایە دێت دەستی خستووەتە ناو دەستی ئۆجەلان، چونكە ئەوان پەیام و پیشنیاری ئۆجەلانیان بۆی بردووە، كەواتە دەكرێت و ئاسانە، ئەردۆغان رازی بكەن، زمانی كوردی لەپاڵ زمانی توركی لە دەستووردا بناسێنێت، هەروەها نەتەوەی كوردیش لەپاڵ نەتەوەی تورك بە فەرمی بناسێنرێت، ئەگەر ئەو دوو هەنگاوە بنرێت، باشترین هەنگاوە بۆ كوردانی باكوور لەم سەدەیەدا.
ئەگەر كورد بیەوێت لە توركیا مافی زمان و نەتەوە بەدەست بهێنێت، دەبێت دەست بخاتە ناو دەستی ئەردۆغان، تا ئەو ئاستەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی توركیادا دەنگی پێ بدات، چونكە ئەوەی بۆ كورد گرنگە، مافی نەتەوەكەیەتی، نەك تاكڕەوبوونی سەرۆكی توركیا، سەرۆك كاتییە و كۆتایی پێ دێت، بەڵام یاساكان لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە.