كارزان گلی – ههولێر
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، پێشوازی لە شاندی ئیمرالی كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا كە یەك سەعات و ٢٥ خولەكی خایاند، باسیان چۆنیەتیی بەروپێشچوونی پرسی چارەسەری كرد، ئەمەش دوای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، لە پەیامێكدا داوای لە پەكەكە كرد چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە.
سری سوورەیا ئۆندەر، یەكێك لە ئەندامانی شاندی ئیمرالی كە سەردانی ئەردۆغانی كرد، لە لێدوانێكی كورتدا گوتی: ”كۆبوونەوەیەكی زۆر پۆزەتیڤ بوو، بۆ لەمەودوا زیاتر ئومێدمان هەیە.“
پەروین بوڵدان، ئەویش هەر لەناو ئەو شاندە بوو كە سەردانی ئەردۆغانی كرد، ئاماژەی دا، كە كۆبوونەوەیەكی زۆر باش بوو و پڕۆسەكە بەجوانی بەڕێوە دەچێت.
لە كۆبوونەوەكەدا، ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا و ئافكان ئالا، جێگری سەرۆكی ئاكەپەشی تێدا بوو، كە هەردوو كەسایەتی زۆر گرنگن لەو پرۆسەیە و رۆڵی گەورەیان هەیە لە چۆنییەتی بەڕەوپێشچوونی پڕۆسەكە.
ئەردۆغان، بەر لەوەی لەگەڵ شاندی ئیمرالی كۆ ببێتەوە، كە ئەندامانی شاندەكە سەر بە دەم پارتین، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی لە گرنگی ئەو كۆبوونەوەیە كرد و گوتی، دەیانبینم و باس لەوە دەكەین كە چۆن توركیایەكی بێتیرۆر بهینینە كایەوە.
كۆبوونەوەكە بۆچی بۆ ئەردۆغان گرنگ بوو؟
توركیا بە دۆخێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، ئەمەش دوای دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ. جەهەپە، كە سەنگەری لە خودی ئەردۆغان و ئاكەپە گرتووە، رۆژانە میتینگ و كۆبوونەوەی جەماوەری ئەنجام دەدات و داوا دەكات ئیمامئۆغڵو ئازاد بكرێت، هەروەها هەوڵ دەدەن، كوردیش بجولێنن تا پاڵپشتی لە جەهەپە بكات و دژی ئەردۆغان بوەستنەوە و لە باكووری كوردستان خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، بەڵام تاوەكوو ئێستا دەم پارتی، لە ئیدانەكردن زیاتر، هیچ هەڵوێستێكی تری نەبووە. چوونی شاندی ئیمرالی بۆ لای ئەردۆغان، لەم كاتەدا بۆ خودی ئەردۆغان گرنگە، چونكە نزیكبوونەوە لە دەم پارتی بەو واتایە دێت، كە باكوور لەم كاتەدا هیچ هەڵوێستێكی بەرامبەر دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو نەبێت، هەروەها فشارەكانی جەهەپە بەرتەسك بكەنەوە.
ئەردۆغان، بۆ ئەوەی بتوانێت كورد لە جەهەپە دوور بخاتەوە لەم كاتە هەستیارەدا، دەبێت پرۆسەی چارەسەری برەو پێبدات و نەفەسێكی درێژی هەبێت بەرامبەر بە پەكەكە، كە جارێ بڕیاری نەداوە چەك دابنێت، چونكە ئەگەر توند بێت بەرامبەر بە دەم پارتی، هەروەها پڕۆسەی چارەسەری كورد پەك بخات، دەم پارتی روو لە جەهەپە دەكات و دوور نییە، پاڵپشتیان لە ئیمامئۆغڵو بگاتە ئاستی جولاندنی شەقامی باكووری كوردستان.
بەگوێرەی بۆچوونی شرۆڤەكارانی سیاسی، ئەگەر پرۆسەی چارەسەری ئەنجامی باشی هەبێت و پڕۆسەكە بەتەندروستیی بەڕێوە بچێت، كاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا دەبێت، چونكە دەم پارتی، بەئەگەرێكی زۆرەوە دەنگ بە ئەردۆغان دەدەن و دووریش نییە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بچنە ناو هاوپەیمانیی كۆماریی، بۆیە ئەردۆغان دەزانێت لە چی كاتێك دەست دەخاتە ناو دەستی دەم پارتی و لە چی كاتێكیش وەكوو تیرۆریست ناویان دەهێنێت، دەبێت كوردیش زیرەكانە لەم كاتە هەستیارەدا مافی كورد لە دەستووردا جێگیر بكەن.
بەرپرسێكی دەم پارتی، كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، قسەی بۆ ئاژانسی (BBC) توركی كردووە و دەڵێت: ”ئەم كۆبوونەوەیەی شاندی ئیمرالی و ئەردۆغان گرنگییەكەی لەوەیە، ئیدی ئەو پرۆسەیە بەشێوەیەك بەڕێوە دەچێت، كە دەوڵەتیش هاتووەتە ناو پرۆسەكە و ئیدی ئەوانیش رۆڵی كاریگەر دەگێڕن.
پەكەكە كەی كۆنگرە دەبەستێت؟
رێکەوتی ٢٧/٢/٢٠٢٥ ئۆجەلان لە رێگەی پەیامێكەوە داوای لە پەكەكە كرد، بە زووترین كات كۆنگرە ببەستن و خۆیان هەڵوەشێننەوە و هەروەها چەكیش فڕێ بدەن، بەڵام تاوەكوو ئێستا روون نییە كەی كۆنگرە دەبەستن.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، لە پەیامێكدا داوای لە پەكەكە كرد، رێکەوتی ٤/٥/٢٠٢٥ لە ناوچەی مەڵازگرد و لە مووش، كۆنگرە ببەستن و خۆیان هەڵوەشێننەوە، بەڵام پەكەكە هیچ وەڵامێكی بۆ ئەو داوایەی باخچەلی نەبووە.
دەم پارتییەكان پێیان وایە، باخچەلی زۆر حەز دەكات بەشێوەی رەمز قسە بكات و قسەكردن بە شێوەی رەمزی زۆر حەز لێیە، تەنانەت كاتێك دەڵێت لە مەڵازگرد كۆنگرە ببەستن، واتە هەر خۆم رۆژی كۆنگرە و شوێنی كۆنگرەشتان بۆ دیاری دەكەم و فەرمانتان پێ دەكەم.