ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەپەرلەمانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند: سبەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆدەبمەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەکۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لەپەرلەمانی تورکیا گوتی: ئێمە پرسگەلێکمان هەیە، کە گرنگیی زۆریان بۆ ئایندەی وڵاتەکەمان هەیە، لەوانەش ئامانجی “تورکیایەکی بێ تیرۆر”. وەک هاوپەیمانیی کۆماری، پرۆسەی ئاشتی بەئەنجام دەگەیەنین، کە بە وردبییەکی زۆرەوە بەڕێوەی دەبەین، بە شێوەیەک ببێتە مایەی خێر بۆ وڵاتەکەمان.”
ئاماژەی بەوەش دا، سبەی پێشوازی لە شاندی دەم پارتی دەکەین و لەگەڵیان کۆدەبینەوە، هاوکات ئیرادەی خۆمان بۆ گەیشتن بە ئامانجی “تورکیایەکی بێ تیرۆر” دووپات دەکەینەوە.
دەشڵێت: ئێمە بەردەوام دەبین لە بوژاندنەوە و بنیاتنانەوەی وڵاتەکەمان و ناوچەکەمان، لەگەڵ برا کورد و عەرەب و عەلەوی و سوننەکانمان هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ چاندنی ئاشتی لە خاکی وڵاتەکەمان.”
ڕۆژی دووشەممە، 7ـی نیسانی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی لەگەڵ دەستەی کارگێڕی پارتەکەی کۆ بووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو ناڕەزایەتیانە کرا، کە دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لە کار لادراوی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ دەستی پێ کردووە، هەروەها باس بانگەوازەکانی جەهەپە سەبارەت بە بایکۆتکردنی کاڵای تورکی و دانوستانە پلان بۆ داڕێژراوەکان لەگەڵ دەم پارتی و هەروەها تاوتوێی ئابووری، سیاسەتی دەرەوە و کارەکانی پەرلەمان کرا.
هەروەها یەکێک لە تەوەرە دیارەکانی کۆبوونەوەکە، هەوڵەکانی حکوومەت بۆ ئامانجی “تورکیایەکی بێ تیرۆر” دەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە سبەی ئەردۆغان پێشوازیی لە شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بکات.