كارزان گلی – ههولێر
دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە كاریگەریی نەبووە، بەڵكوو خەمە گەورەكەی حكوومەتی توركیا كاریگەرییە ئابوورییەكەیەتی، بەتایبەت دوای ئەوەی ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، ناوی چەندین كۆمپانیا و تەلەڤزیۆنی راگەیاند، كە دەبێت بایكۆت بكرێن، چونكە پشتگیری لە حكوومەت دەكەن و بە پارەی گەل دەوڵەمەند بوونە.
ئۆزەل، لە وتارێكدا داوای لە گەلی توركیا كرد، هاوكاریان بن لە بایكۆت، چونكە بە بایكۆت دەتوانن كاریگەریی زۆر لەسەر حكوومەت دروست بكەن، بۆ ئەوەی ئەو قوتابیانەی پشتگیرییان لە ئیمامئۆغڵو كردووە و دەستگیر كراون ئازاد بكرێن، هەروەها بۆ بەرپاكردنی عەدالەت بایكۆت باشترین رێگەیە. ئۆزەل، بە گەلی توركیای گوت، رۆژانە ناوی چەندین كۆمپانیا بڵاودەكاتەوە، هەروەها بەوەشەوە ناوەستێت و ناوی چەند تەلەڤزیۆنێك بڵاودەكاتەوە كە پێویست دەكات بایكۆت بكرێن، تا بگەنە ئاستی ئیفلاسبوون، نموونە (NTV، ATV،TRT). هەر بەوەشەوە نەوەستاوە، بایكۆتی هونەریش دەستیپێكردووە، بۆ نموونە داوا دەكات چەند زنجیرەدرامایەك كە لە كەناڵی (TRT) پەخش دەكرێت، بایكۆت بكرێت تا رایتینگی ئەو درامایانە بێتە خوارەوە و شكست بهێنن.
ئەو بایكۆتە كاریگەریی زۆری لەسەر ئابووریی توركیا دروست كردووە، چونكە بە ملیۆنان هاووڵاتی بەپیل داوای سەرۆكەكەیان هاتوون و بایكۆتیان دەستپێكردووە، بەشێك لەو كۆمپانیایانەی لەناو لیستی بایكۆتدان، بەئاشكرا دەڵێن زیانێكی زۆرمان كردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بایكۆتی پێ، خیانەت لە نیشتمانە و دەڵێت زیان بە ئابووریی وڵات دەگات، بۆیە نابێ بەگوێی ئۆزەل بكەن. جیا لەوەش، ئاكەپە و مەهەپە، لە رێگەی میدیاكانیانەوە هێرشی توند دەكەنە سەر ئەو كەسانەی بایكۆت دەكەن و پێیان دەڵێن هاووڵاتی رەسەن و نیشتمانپەروەر، زیان بە ئابووریی وڵاتەكەی ناگەیەنێت. ئەكتەر و گۆرانیبێژانی توركیا، بەشێكی زۆریان بایكۆتیان دەستپێكردووە، بەڵام ئەوانەی لەلایەن تەلەڤزیۆنی دەوڵەتەوە دەمەزراون، لەكار دوور خراونەتەوە، ئەمەش كاریگەریی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
ئایبووكە پوسات، ئەكتەری بەناوبانگی توركیا، كە لە زنجیرەدرامایەكی كەناڵی TRT بەشدارە، پاڵپشتی خۆی بۆ بایكۆت راگەیاند، بەڵام لەو زنجیرەدرامایە دوور خرایەوە و گرێبەستەكەی هەڵوەشایەوە، ئەمەش هونەرمەندانی هێنایە دەنگ.
جەم یڵماز، ئەكتەری كۆمیدی و بەناوبانگی توركیا، لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردووەتەوە، ئەی TRT تەلەڤزیۆنی دەوڵەت نییە؟ ئەی نابێت بێلایەن بێت؟ بەڕاستی ئەوەی كردی بەو مانایە دێت ئەو كەناڵە بێلایەن نییە، چونكە ئەو ئەكتەرە توانایەی دەركردووە.
بەڵام ئۆزەل، پشتگیری خۆی بۆ پوسات دەربڕی و گوتی: ”بوسات لە هەر زنجیرەدرامایەكدا كار بكات رایتینگی ئەو درامایە بەرز دەبێتەوە، ئێمە پشتگیریی لێ دەكەین و لە هەر زنجیرەدرامایەك بەشدار بێت داوا دەكەم هەموو سەیری بكەن، تا رایتینگی بگاتە لوتكە. ئێمە پوسات بەتەنیا جێ ناهێڵین، هەرچی بوێت بۆی دەكەین.“
بەگوێرەی زانیارییەكان، لەوەتەی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، دەستگیر كراوە، حكوومەتی توركیا زیاتر لە ٣٠ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە.
لە ١٩/٣/٢٠٢٥ـەوە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، بەتۆمەتی ئەوەی گەندەڵی كردووە و هەوروەها بەنهێنی لەگەڵ پەكەكەدا رێككەوتنی كردووە دەستگیر كراوە؛ لەو ڕۆژەوە بارودۆخی ناوخۆی توركیا خراپە و لەڕووی ئابوورییشەوە زیانی گەورەی بەركەوتووە.