کۆنگرێسی ئەمەریکا پڕۆژەیاسایەک لە ژێر ناوی ڕزگارکردنی عێراق پێشکەش دەکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ژمارەیەک کۆنگرێسمانی ئەمەریکا پڕۆژەیاسایەک لە ژێر ناوی ”رزگارکردنی عێراق لە ژێر دەستی ئێران” پێشکەشی کۆنگرێس دەکەن و تێیدا دەخوازن کۆتایی بە چالاکییەکانی تەواوی گرووپە میلیشیاکان لە عێراق بهێنرێت کە لە پڕۆژەیاساکەدا بە ”میلیشیاکانی گوێڕایەڵی ئێران” ناوبردراون و جگە لە حەشدی شەعبی هەندێک گرووپی تریش لەخۆ دەگرن.

هەر یەک لە جۆ ویڵسن لە پارتی کۆماریخوازی ئەمەریکا و جیمی پانتا لە پارتی دیموکراتی ئەمەریکا ڕۆڵی سەرەکییان بینیوە لە نووسینی ڕەشنوسی پڕۆژەیاساکە و میدیاکانی ئەمەریکا مەبەستی سەرەکیی لەم هەنگاوەی کۆنگرێسیان، کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران بەسەر عێراقدا ڕاگەیاندووە.
جۆ ویڵسن لە پەیامێکی تایبەتیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە نووسیوەیەتی ”زۆر شوکرانەبژێرم کە توانیومە پڕۆژەیاسای ڕزگارکردنی عێراق لە دەستی ئێران پێشکەش بکەم، ئەم پڕۆژەیە کە پاڵپشتیی هەر دوو پارتی سەرەکیی ئەمەریکای هەیە یارمەتیی عێراقییەکان دەدات خۆیان لە دەستی ئێران ڕزگار بکەن.”
پێویستە بگوترێ جۆ ویڵسن پێشتر سەرۆکی لیژنەی لاوەکیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بووە و بە ڕەخنەگرێکی ڕاشکاو و سەرسەخت دژی سیاسەتەکانی ئێران هەژمار دەکرێت. ئەو لەو پەیمان و ڕێککەوتنانەی لە ئاستی ناوچەکەدا لە ساڵانی ڕابردودا واژۆ کراون ڕۆڵێکی زۆر کارای گێڕاوە.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە ئەو ئەرکە دەخرێتە سەر شانی دامەزراوەکانی ئەمەریکا یارمەتیی پڕۆژەکە بدەن و لە ئەگەری نەهاتنەژێر باری عێراق بۆ دوورکەوتنەوە لەو گرووپانە یان جڵەونەکردنیان و تەنانەت هەوڵدان بۆ کڕینی گازی ئێران سزا بەسەر عێراقدا بسەپێنن.
پێویستە بگوترێ هەر لە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی نوێی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی دەستبەکاربوو، یەکێک لەو سیاسەتانەی گرتوویەتە بەر بریتی بووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و کەمکردنەوەی هەژموونی ئەو وڵاتە لە سەرجەم بوارەکانی ئابووری، سەربازی و ئەمنی و تەنانەت هەنگاوی پراکتیکی لەم بارەیەوە ناوە.
یەکێک لەو وڵاتانەی کە گوشاری زیاتری خراوەتە سەر بۆ ئەوەی لە ئێران دوور بکەوێتەوە عێراق بووە و مانگی ڕابردوو بۆ یەکەم جار حکوومەتی ترەمپ کۆتایی بە مۆڵەتی درێژکردنەوەی کڕینی گازی سروشتی بە عێراق هێنا کە لە ٢٠١٨ەوە لە چوارچێوەی مۆڵەتەکانی ئەمەریکادا گازی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای لە ئێرانەوە هاوردە دەکرد.
ئەمەریکا تەنیا بەوە ڕازی نییە و دەخوازێت کۆتایی بە گرووپە میلیشیاکان لە سەرووی هەموویان حەشدی شەعبی بهێنێت و چەند جارێک داوای لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە هەڵیانوەشێنێتەوە و چیتر ڕێگەیان پێ نەدات لە دەرەوەی دەسەڵاتی ناوەندی و حکوومەت کار بکەن.
ئەمەریکا جگە لەوەی کە ئەو گرووپانەی بە نانەوەی ئاڵۆزی و پشێوی و هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی تۆمەتبار کردووە لە هەمان کاتدا، تۆمەتی ئەوەی خستووەتە پاڵ گرووپە میلیشیاکان کە سامان و داهاتی عێراق بۆ ئێران دەگوازنەوە و ڕۆڵیان هەبووە لە پووچەڵکردنەوەی کاریگەریی ئەو سزایانەی ئەمەریکا بەسەر ئێرانیدا سەپاندوون.
حکوومەتی عێراق لە ڕێگای پەرلەمانەوە لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسایەکی نوێی خۆیدا لە هەوڵدایە پرسی حەشدی شەعبی و ئەو گرووپانە چارەسەر بکات و بیانهێنێتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، بەڵام دیار نییە دەتوانێت سەرکەوتوو بێت یان نا و جگە لەمە دیاریش نییە ئەمەریکا بەوە ڕازی دەبێت ئەو گرووپانە بێ ئەوەی هەڵبوەشێنەوە لە ژێر ناوێکی تردا یان بە ڕێکارێکی جیاواز بچنە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵییەوە و لە داهاتوودا کێشەیان بۆ ناهێنێتە کایەوە.
پڕۆژەیاساکە لە کۆنگرێس تاوتوێ دەکرێ ئەگەر پەسند بکرێ ئەوا گوشارەکان بۆ سەر عێراق زیاتر دەکات و بۆ ئەوەی جڵەوی ئەو گرووپە میلیشیایانە بکرێت هەر چەندە هێشتا بە وردی ناوەڕۆکی پڕۆژەکە ئاشکرا نەبووە و دیار نییە چ ڕێکارێکی نوێ دەگیرێتە بەر.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕابردوودا هەموو ئەو تۆمەتانەی ئەمەریکای ڕەت کردووەتەوە و پێی وایە پێوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە چوارچێوەی دیپلۆماسی و پێوەندیی مێژوویی و دراوسێیەتییە و لە قازانجی خۆیدا بە خراپ کەڵکی لێ وەرنەگرتووە.