ئیدارەی ترەمپ بۆ ئۆکرانییەکان: بەزووترین کات ئەمەریکا بەجێ بهێڵن

ئیدارەی ترەمپ، بە هەڵە ئیمەیڵێکی بۆ ئۆکرانییەکان ناردووە و داوای لێیان کردووە ئەمەریکا بەجێ بهێڵن.

وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا ڕایگەیاند، چەند ئۆکرانییەک لەو وڵاتە “بە هەڵە” ئیمەیڵیان پێ گەیشتووە و ئاگادار کراونەتەوە باری یاساییان هەڵوەشاوەتەوە و حەوت ڕۆژیان ماوە بۆ ئەوەی وڵاتەکە بەجێ بهێڵن.

چەند ئۆکرانییەک لە ئەمەریکا لەژێر بەرنامەیەکی مرۆیی ئەم هەفتەیە ئیمەیڵێکیان پێ گەیشتووە و هۆشدارییان پێ دراوە لەوەی کە دۆخی ئەوان هەڵوەشاوەتەوە و حەوت ڕۆژیان ماوە وڵاتەکە بەجێ بهێڵن یان  دەستگیر دەکرێن. لە ئیمەیڵەکەدا نووسراوە “ئەگەر دەستبەجێ لە ئەمەریکا نەڕۆیت، ئەوا ئەگەری یاسات بەسەردا دەسەپێنرێت، کە دەبێتە هۆی دیپۆرتکردنەوەت. DHS بەرنامەکەت کۆتایی پێ دەهێنێت. هەوڵ مەدە لە ئەمەریکا بمێنیتەوە.”

وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەو ئیمەیڵە “بە هەڵە” نێردراوە و ئەو پرۆگرامە مرۆییەی کە بۆ ئۆکراینییەکان دروستکراوە دوای لەشکرکێشیی ڕووسیا لە ساڵی 2022 دەستی پێ کردووە، کۆتایی پێ نەهاتووە.

مانگی ڕابردوو دەنگۆی ئەوە بڵاو بووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەنیازە پێگەی یاسایی نزیکەی 240 هەزار ئۆکرانی هەڵبوەشێنێتەوە کە بۆ هەڵاتن لە هێرشەکانی ڕووسیا هاتوونەتە ئەمەریکا، هەروەها دەتوانرێت ئەم کەسانە بە خێرایی لە وڵاتەکە دیپۆرت بکرێنەوە. کارۆلین لیڤیت گوتەبێژی کۆشکی سپی ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە.