كارزان گلی – ههولێر
پۆڵۆنیا، خۆی ئامادە دەكات تا سەربازیی زۆرملێ بۆ وڵاتەكەی بگێڕێتەوە، بۆ ئەمەشیان بەرنامەی داناوە و جێبەجێی دەكات. جیا لەو وڵاتە، بەشێكی زۆری ئەو وڵاتانەی ئەورووپا، كە یاسای سەربازیی زۆرەملێیان هەڵگرتبوو بیر لە هێنانەوەی دەكەنەوە.
دۆناڵد توسك، سەرۆكوەزیرانی پۆڵۆنیا، مانگی رابردوو گوتی ”راهێنانی سەربازی و سەربازیی زۆرملێ بۆ وڵات دەگێڕینەوە و بۆ ئەمەشیان پلانامان داناوە.“
رووسیا خاوەنی ١ملیۆن و ٣٠٠هەزار سەربازە، ئۆكراینا خاوەنی ٨٠٠ هەزار سەربازە؛ توسك ئاماژە دەدات، لە وڵاتەكەیاندا تەنیا ٢٠٠هەزار سەربازیان هەیە، کە هیچ باش نییە و بەنیازن رێژەی سەرباز بۆ ٥٠٠هەزار بەزر دەكەنەوە. رووسیا یەكێكە لەو وڵاتانەی گرنگییەكی زۆر بە زیادكردنی رێژەی سەرباز دەدات و لە ماوەی یەك ساڵدا ١٦٠هەزار سەربازی زیاد كردووە و لە ٢٠١١یشەوە كار لەسەر ئەو بەرنامەیە دەكات و سەربازیی زۆرملێ لەو وڵاتەدا هەیە. پۆڵۆنیا ترسی هەیە، دوای ئۆكراینا، رووسیا پەلاماری ئەوان بدات، بۆیە توسك ئاماژەی داوە، پێویستە هەموو پیاوێكی وڵاتەكەی راهێنانی سەربازی بكات و خۆی بۆ جەنگ ئامادە بكات. لە دوای جەنگی رووسیا و ئۆكرایناوە، بەشێكی زۆری وڵاتانی ئەورووپا، بیریان لەوە كردەوە كە سەربازیی زۆرملێ بگەڕێننەوە و هەندێك لەو وڵاتانەش گەڕاندیانەوە. زۆرێك لەو وڵاتانەی دراوسێی رووسیان دەیانەوێت لەڕووی سەربازییەوە خۆیان بەهێز بكەن، بەتایبەت گێڕانەوەی سەربازیی زۆرملێ بۆ پیاوان.
لیتوانیا یەكێكە لەو وڵاتانەی لە ٢٠٠٦، یاسای سەربازیی زۆرملێی هەڵگرت، بەڵام بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆكراینا، لە ٢٠٢٣ ئەو یاسایەی رەتكردەوە و بۆ ماوەی ١١ مانگ بە زۆرەملێ پیاوانی وڵاتەكەی گەڕاندەوە بۆ سەربازی و ئامادەیانی كرد بۆ هەر ئەگەرێكی جەنگ و ئافرەتانیش لەو وڵاتە بۆیان هەیە بەشێوەی خۆبەخش سەربازی بكەن و بەزۆر نییە. تاكە وڵات كە دراوسێی رووسیا بێت، سەربازیی زۆرملێی نەبوو، وڵاتاتی پۆڵۆنیا بوو، بەڵام لە چەند مانگی داهاتوو ئەو وڵاتەش بڕیارەكە جێبەجێ دەكات، بەمەش هیچ وڵاتێكی دراوسێی رووسیا نامێنێت كە راهێنانی بە پیاوانی نەكردبێت و ئامادەیانی نەكردبێت بۆ ئەگەری جەنگ. بەشێكی زۆری وڵاتانی ئەورووپا، دوای جەنگی دووەمی جیهانی و شەڕی سارد، سەربازیی زۆرملێیان هەڵگرت، بەڵام جەنگی رووسیا و ئۆكراینا، هاوكێشەكەی گۆڕیوە.بە گوێرەی بەدواداچوونی ئاژانسی (BBC)، نزیكەی ٥٠٪ی وڵاتانی ئەورووپا سەربازیکردن ئەرکە و دەبێ بیکەن؛ بەڵام ٣٥٪ی ئەو یاسا نییە و سەربازیکردن، ناچارەکی نییە، نزیكەی ٥٪یشی لەبەرنامەیاندایە ئەو یاسایە بگێڕێتەوە.
تۆبیاس ئێلوود، وەزیری پێشووی بەرگریی بەریتانیا، قسەی بۆ ئاژانسی ناوبراو كردووە و دەڵێت: ”ئەمریكا دەستی لە ئاساییشی ئەورووپا بەرداوە، دۆناڵد ترەمپ، لە بری ئەوەی بەرگری لە ئۆكراینا بكات، بووەتە هاوپەیمانیی رووسیا، بۆیە وڵاتانی ئەورووپا ترسیان هەیە شەڕێكی گەورە روو بدات، گرنگە نەوەی ئێستا بکەینە نەوەیەكی بەرگریكار لە خاك و وڵاتی خۆیان، ئەمەش بە راهێنانی سەربازی دەكرێت.“ بەڵام بۆچوونێكی تر هەیە پێی وایە سەربازیی زۆرملێ، تێچووی ئابووریی زۆری دەوێت، چونكە بەشێكی زۆری ئەوانەی دەبنە سەرباز كار بەجێ دەهێڵن، ئەمەش كاریگەریی لەسەر ئابووریی وڵات دەبێت.
سوید، لیتوانیا و دانیمارك، بەشێوەیەك كاری سەربازییان رێك خستووە، كە مووچەیەكی باش دەدەنە سەرباز و هاوسەنگییان راگرتووە تا بازاڕی ئابوورییش كاریگەریی خراپی لەسەر نەبێت، بەڵام هەموو وڵاتێكی ئەورووپی ئەو توانا ئابوورییەی نییە.
دەزگای لێكۆڵینەوەی (Gallup)، لە وڵاتانی ئەورووپا راپرسییەکی كردووە و لێیانی پرسیوە، ئەگەر وڵاتەكەتان رووبەڕووی مەترسیی داگیركاری ببێتەوە، ئامادەن چەك هەڵگرن و بەرگریی لێ بكەن؟ بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەكە ٣٢٪ی گوتوویانە بەڵێ، رێژەكەی تر گوتوویانە بە لامانەوە هیچ گرنگ نییە وڵات داگیر بكرێت و ناچینە شەڕ. هەروەها باسی لە نەمسا، ئەڵمانیا و ئۆسترالیا كردووە، كە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە، بەشێكی زۆریان گوتوویانە ئەگەر هەموو دنیاش داگیر بكرێت، ئامادە نین چەك هەڵگرین و شەڕ بكەین.
سەربازیی زۆرملێ بۆ ئافرەتان
وڵاتانی نەرویج و سوید، یاسای سەربازیی زۆرملێیان بۆ ئافرەتانیش هەیە، بەڵام لە هەندێك وڵاتی تری ئەورووپا، سەربازی بۆ ئافرەتان هەڵبژاردەیە و ناچاری نییە.بەڵام دانیمارك بڕیاری داوە، لە ٢٠٢٦ـەوە ئافرەتانیش سەربازییان پێ بکرێت؛ هەروەها لیتوانیاش بۆ ٢٠٢٨ یاسای سەربازیی زۆرملێ بۆ ئافرەتان دەگێڕێتەوە.