دۆناڵد ترامپ بۆی هەیە بۆ سێیەمجار ببێتەوە بە سەرۆكی ئەمریكا؟

دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، پێیخۆشە بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، دەشڵێت گاڵتە ناكەم و حەزم لێی هەیە. بەڵام بە گوێرەی دەستووری ئەمریكا بێت، ترامپ ئەو شانسەی نییە.

دەستووری ئەمریكا روونە و دەڵێت: ”هیچ كەسێك بۆی نییە لە دوو خول زیاتر سەرۆكی ئەمریكا بێت“، بەڵام هەندێك پێیان وایە ئەو مادەیە دەكرێت دەستكاری بكرێت و شتێك نییە جێگیر بێت.
ئایا ترامپ داوا دەكات بۆ سێ خول سەرۆك بێت؟
ترامپ لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا بۆ كەناڵی (NBC)، دەڵێت رێگە هەیە بۆ ئەوەی بۆ جاری سێیەم ببمەوە بە سەرۆك و كۆشكی سپی دەتوانێت رێگەیەك بدۆزێتەوە.
گوتیشی: ”گاڵتە ناكەم، چونكە زۆر كەس ئەوەیان دەوێت و جیدیم لەو بابەتە“. ترامپ جارێ دوو خولی سەرۆكایەتی تەواو نەكردووە، بەڵام بەرنامە دادەنێت تا بتوانێت بۆ سێ خول لە كۆشكی سپی بمێنێتەوە. ئەگەر ترامپ بۆ سێ خول ببێتەوە سەرۆكی ئەمریكا تەمەنی دەبێتە ٨٢ ساڵان، بەڵام وەكوو ئەوەی خۆی باسی دەكات، حەز دەكات قورسترین كار بكات لە پێناو وڵاتەكەیدا و دەڵێت، زۆر حەزم لە كارە و تەنانەت ئاماژەی دا، حەزی لێیە بۆ چوار جاریش لە پۆستی سەرۆكی ئەمریكا بمێنێتەوە.
دەستووری ئەمریكا چی دەڵێت؟
لە مادەی ٢٢ی دەستووری ئەمریكادا هاتووە ”هیچ كەسێك بۆی نییە لە دوو خول زیاتر سەرۆكایەتیی ئەمریكا بكات“ لە تەواوكەری ئەو مادەیەدا هاتووە ”ئەگەر كەسێك بە وەكالەت دوو ساڵ سەرۆكی ئەمریكا بێت، بۆی هەیە یەك خولی تر سەرۆك بێت“، واتە بە وەكالەتیش سەرۆك بیت، هەر بە خولێك بۆت حیسابە. ئەگەر بیانەوێت ئەو مادەیە بگۆڕن، پێویستە دوو لەسەر سێی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران بە بەڵێ دەنگ بدات، هەروەها سێ لەسەر چواری دەنگدەری ویلایەتەكان قبووڵیان بێت.
كۆمارییەكان لە كۆنگرێس و ئەنجوومەنی نوێنەراندا زۆرینەن، بەڵام زۆرینەكەیان دوو لەسەر سێ نییە، بۆیە ناتوانن ئەو مادەیە بگۆڕن. هەروەها لە كۆی ٥٠ ویلایەت، تەنیا ٣٢ ویلایەت لەژێر كۆنترۆڵی ئەواندایە، بۆیە ئەو مادەیە بەئاسانی ناگۆڕدرێت. ئاندی ئۆگڵیس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە كۆمارییەكان، پێی وایە دەبێت ئەو مادەیە گۆڕانی بەسەردا بێت، بەوەی هیچ كەسێك بۆی نەبێت لە دوو خول زیاتر سەرۆك بێت، بەڵام ئەمە لەو كاتەدا جێبەجێ بكرێت، كە كەسێك دوو خول بەسەر یەكەوە سەرۆك بێت، وەكوو بیل كلینتۆن و باراك ئۆباما. ئاندی باس لە ترامپ دەكات و دەڵێت: ”ترامپ لە ٢٠١٦ بووە سەرۆك، لە ٢٠٢٠ دۆڕا و لە ٢٠٢٤ بردیەوە، واتە با بۆی هەبێت بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢٨ خۆی بەربژێر بكات، چونكە دوو خول بەسەر یەكەوە سەرۆك نەبووە.“
دیموكراتەكان چی دەڵێن؟
دیموكراتەكانی ئەمریكا زۆر نیگەرانن لەو گوتانەی ترامپ و پێیان وایە ئەو گوتانە بەو مانایە دێت كە دەیەوێت دیموكراسی لە ئەمریكا كۆتایی پێ بهێنێت. دانیال گۆڵدمان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دیموكراتەكان، قسەی بۆ (BBC) كردووە و دەڵێت: ”ترامپ كاتێك دەڵێت دەمەوێت بۆ جاری سێیەم ببمەوە بە سەرۆك، بەو مانایە دێت كە دیموكراسی لە ئەمریكا كۆتایی پێ بهێنێت و دەست بەسەر دامودەزگاكانی ئەمریكادا بگرێت. دەستوور روونە و نابێت ببێتەوە بە سەرۆك“ بەڵام لەناو كۆمارییەكانیشدا كەسانێك هەن كە دژی ئەوەن ترامپ بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە سەرۆك، بۆ نموونە مارواینە موللەر، سیناتۆر لەسەر لیستی كۆمارییەكان پێی وایە ئەو جۆرە بیركردنەوانە هەڵەن و ئەو پشتگیری ناكات.
یاساناسان چی دەڵێن لەو ڕووەوە
نۆترە دایم، مامۆستای زانكۆ لە بەشی یاسا، باس لە مادەی ١٢ی دەستووری ئەمریكا دەكات، كە ئەگەر كەسێك دوو خول سەرۆك بوو، تەنانەت ئەوەی دەبێتە جێگریشی بۆی نییە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەربژێر بكات.
بۆیە دایم پێی وایە، لە ڕووی یاساییەوە بەهیچ شێوەیەك ترامپ بۆی نیی بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە سەرۆك و تەنانەت جێگرەكەشی بۆی نییە خۆی بەربژێر بكات.
ئایا هیچ سەرۆكێكی ئەمریكا بۆ سێ خول بووەتە سەرۆك؟
لە مێژووی ئەمریكادا هەبووە کەسێک بۆ سێ جار سەرۆكی ئەمریكا بووە، بۆیە ترامپ لە خۆڕا ناڵێت بۆم هەیە سێ خول سەرۆك بم.
فرانكلین رۆزڤێڵت (Franklin Delano Roosevelt)، سێ خول سەرۆكی ئەمریكا بووە، بەڵام لە خولی سێیەمی سەرۆكایەتییەكەیدا لە ١٩٤٥ كۆچی دوایی كردووە.
دوو هۆكار هەبوو كە رێگەی بە رۆزڤێڵت دا بۆ سێیەم جار ببێتەوە بە سەرۆك، یەكەمیان قەیرانە سەختە داراییەکەی ئەو کاتە بوو، دووهەیشیان دووهەم جەنگی جیهانی. بەڵام ئەوكاتەی رۆزڤێڵت بۆ سێیەم جار بووە سەرۆكی ئەمریكا، لە دەستووری ئەمریكادا بەو شێوەیە رێگە لە كەسێك نەگیرابوو كە بۆ سێیەم جار بۆی نەبێت ببێتەوە بەسەرۆك، چونكە لە ١٧٩٦، جۆرج واشنتۆن، بۆ خۆی و لەسەر داوای خۆی بۆ جاری سێیەم رەتی كردەوە ببێتەوە بە سەرۆكی ئەمریكا و ئەمەش وەكوو كلتووری لێ هاتبوو و لەوكاتەوە هیچ كەسێك لە دوو خول زیاتر سەرۆك نەبووە. بەڵام بوونی رۆزڤێڵت بۆ جاری سێیەم بە سەرۆكی ئەمریكا، دەرگای كردەوە بەوەی لە دەستووری ئەمریكادا و لە مادەی ٢٢، رێگە لەوە بگرن كەسێك بۆ سێیەم جار ببێتە سەرۆكی ئەمریكا و لەو كاتەوە هیچ كەسێك لە دوو خول زیاتر نەیتوانیوە ببێتە سەرۆكی ئەمریكا.