كارزان گلی – ههولێر
ئەگەرچی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورەشارەوانیی ئیستانبۆڵ، بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر كراوە و هەروەها بڕوانامەی بەكالۆریۆسەكەشی هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام لە لایەن جەهەپەوە بەفەرمی بووە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، كە بڕیارە لە ٢٠٢٨ ئەنجام بدرێت. ئەو پرسیارە دروست بووە، ئایە كەسێك بڕوانامەی هەڵوەشێتەوە یاساییە ببێتە بەربژێر؟
بەگوێرەی دەستووری توركیا، ئەوەی ببێتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەركایەتیی، پێویست دەكات بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەبێت، بەهۆی ئەوەی ئیمامئۆغڵو، بڕوانامەی هەڵوەشایەوە، بۆیە پرسیارێكی یاسایی دروست بووە، چۆن جەهەپە دەیكاتە بەربژێر لە كاتێكدا بڕوانامەكەی رەتكراوەتەوە؟
چەند یاساناسێك لە توركیا شیكردنەوەیان بۆ بەربژێربوونی ئیمامئۆغڵو كردووە و دەڵێن بەربژێربوونەكەی یاساییە و هیچ كێشەیەكی نییە.
ئەوان پێیانوایە راستە بڕوانامەی ئیمامئۆغڵو هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام لەلایەن زانكۆی ئیستانبۆڵ هەڵوەشاوەتەوە، دۆسیەكە لە دادگای ئیدارییە و تا ئەو دادگایە بڕیاری كۆتایی نەدات، ئیمامئۆغڵو بۆی هەیە بەربژێر بێت.
ئەگەر ئەو دادگایەش بڕیاری دا بڕوانامەی ئیمامئۆغڵو هەڵوەشێتەوە، هەر بڕیاری كۆتایی نییە، چونكە ئیمامئۆغڵو، دۆسیەكە دەباتە دادگای تێهەڵچوونەوە و رەتی دەكاتەوە، ئەگەر لەوێش هەر لە بەرژەوەندی ئیمامئۆغڵو بڕیار نەدرا، ئەوكات دادگای دەستووری توركیا و دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بوونی هەیە و جەهەپە خۆی بۆ ئامادە كردووە. بەگوێرەی زانیارییەكان، جەهەپە دۆسییەی هەڵوەشانەوەی بڕوانامەی ئیمامئۆغڵو دەباتە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، ئەگەر ئەو دادگایە لە بەرژەوەندی ئیمامئۆغڵو بڕیار بدات، ئەوە توركیا لەسەریەتی بڕیارەكە جێبەجێ بكات، چونكە ئەندامە لەو دادگایە و بەگوێرەی دەستووری ئەو دادگایەش بێت، هەموو وڵاتێكی ئەندام، دەبێت پابەندی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بێت، چونكە بڕیارەكانی لەسەرووی بڕیاری دادگای ئەو وڵاتانەیە كە ئەندامن تێیدا.
بۆیە پرۆسەی بەربژێربوونی ئیمامئۆغڵو، تاوەكوو ئێستا ئاساییە و هیچ كێشەیەكی یاسایی نییە، تا لە دادگا یەكلایی دەكرێتەوە.