لەبەر ئەنجامدانی ٣٣ كۆنسێرت سەرۆكی شارەوانیی ئەنكەرا دەدرێتە دادگا

كارزان گلی – هه‌ولێر

بەهۆی ئەوەی سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، لەسەر داهاتی گشتی ٣٣ كۆنسێرتی لە ئەنكەرا ئەنجام داوە، بۆیە داواكاری گشتی داوا دەكات لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت، چونكە پارەیەكی زۆری میللەت بەفیڕۆ دراوە.

پارێزگاری ئەنكەرا، لە راگەیێندراوێكدا ئاشكرای دەكات، لە ٢٠٢١ تا ٢٠٢٤، شارەوانیی ئەنكەرا ١٣٠ كۆنسێرتی ئەنجام داوە، لەو رێژەیە ٣٣ كۆنسێرتی گەندەڵی زۆری تێدا كراوە و پارەیەكی زۆر بەفیڕۆ دراوە. بەڵام شارەوانیی ئەنكەرا، پێی وایە ئەوەی كردوویانە بۆ گرنگیدان بووە بە هونەر و كولتووری توركیا، بۆیە ناچێتە خانەی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی.
دەزگای نەزاهە لە ئەنكەرا، دەڵێن لە ١٣٠ كۆنسێرت، رێگەیان نەداوە لێكۆڵینەوە لە ٣٣ كۆنسێرت بكەین تا بزانین پارەكان چۆن خەرج كراوە، ئەمەش دەریدەخات كە گەندەڵی كراوە. ئاماژەیان بۆ ئەوەش داوە، كە ٩٧ كۆنسێرتەكەی تر هیچ كێشەیەكی نەبووە و بەشێوەیەكی یاسایی پارەكان خەرج كراوە، بەڵام گومانی زۆر هەیە لە ٣٣ەكەی تر بەوەی سامانی گشتی بەفیڕۆ درابێت، بۆیە دۆسیەكە، لەسەر داوای داواكاری گشتی ئەنكەرا دراوەتە دادگا. ئەوەی دەنگۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، كۆنسێرتی ئیبرۆ گۆندەیش بوو لە ئەنكەرا، كە ٢٩ی ١٠ی٢٠٢٤ ئەنجام درا.
میدیاكانی سەر بە ئاكەپە بڵاویان كردەوە، لەو كۆنسێرتەدا ٦٠ ملیۆن لیرەی توركی دراوەتە ئیبرۆ گوندەیش و ستافەكەی، بەڵام شارەوانی ئەنكەرا ئەو دەنگۆیانەی بەدرۆ خستەوە و گوتیان ١٩ ملیۆن لیرەی پێ دراوە.
مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەنكەرا،چەند رۆژێك بەر لە ئێستا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا لەبارەی دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ گوتی: ”هیچ لاتان سەیر نەبێت، كە رەنگە دۆسیە لەسەر منیش بكەنەوە دەستگیرم بكەن.“