“تاوەكو ئێستا چیرۆكی مۆدێڕنی ژنە نووسەرانم نەخوێندوونەتەوە و نازانم لە كوێوە دەست پێ بكەم تاوەكو ئەم كێماسییە نەهێڵم. لەم سەردەمەدا كە دەنگی ژنان لە هەر سەردەمێكی دیكە پێویستی بە بیستنە، بێ ئاگایانە من خەریكی پەرەپێدانی فەرهەنگێكم كە بڕوام پێی نییە. بەڵام ئایا لە كوێوە دەست پێ بكەم؟ من بەو پەڕی شانازییەوە چەند ساڵی ئایندەم دەخەمە خزمەت خوێندنەوەی ڕۆمانی نووسەرانی ژنانی هاوچەرخ، بەڵام پێویستم بە ڕێنمایی هەیە تكایە هاوكارم بن”.
ئەمە پرسیارێكی كەسێكی 40 ساڵەیە لە كامبرێج و حەزی نەكرد ناوی ئاشكرا بكەین، بەڵام داوای لە ئێمە (گاردیەن) كردووە كە لەم چوارچێوەیەدا هاوكاری بین.
وەڵامی ئەم كەسە لە لایەن (ئەلێكس كلارك ـ Alex Clark)ـی ڕەخنەگری ڕۆژنامەی ئینگلیزیی گاردیەن، توێژە و بەڕێوەبەری هونەری وشە و ئەدەبیات لە فێستیڤاڵی شاری بەت دراوەتەوە. ئەم پسپۆڕەی ئێمە باشترین نووسەرانی ژنی مۆدێڕنی لە (لەیلا سلێمانی ـ Leila Slimani)ـیەوە تا (نینا ستیبە ـ Nina Stibbe) بەو كەسە ناساندووە و دڵنیاین بۆ خوێنەرانیش گرنگن. وەڵامەكەش ئەمەیە:
“سڵاو. چەندە دڵخۆشم بە كەسانێكی وەك ئێوە كە بەم شێوەیە ئامادەی خوێندنەوەن. ئاساییە كە بۆ وەرگرتنی وەڵام، دەتوانن پاڵێوراوانی ئێستا و پێشووی خەڵاتی چیرۆكی ژنان و زۆرێك لە ناوی لیستی خەڵاتكراوانی ئەدەبیات تەماشا بكەن تا بزانن كامە كتێبی ژنانی مۆدێڕن بخوێننەوە. بەڵام ئەگەر دەتانەوێت وردتر ڕێنێونتان بم، دەبێت بڵێم پرسیارەكەی ئێوە كەمێك ناڕوونە. باشترە كە بڵێن چ جۆرە نووسینكێكتان حەز لێیە؟ چ جۆرە چیرۆكێك سەرەنجتان ڕادەكێشێت و هەیەجاناویتان دەكات؟
ئەگەر بە دوای ژانری مێژووییەوەن، كتێبی (لێواری منهاتن ـ Manhattan Beach) دواهەمین كتێبی (هیلاری مانتێل ـ Hilary Mantel)، (لیسا ئێڤانس ـ Lissa Evans) و (جینفێر ئیگان ـ Jennifer Egan) یا (نیوەی خۆرەتاوی زەرد ـ Half of a Yellow Sun)ی (چیماماندا نگۆزی ئادچی ـ Chimamanda Ngozi Adichie) بخوێننەوە كە بژاردەیەكی باشن.
ئەگەریش لایەنگری بەرهەمە وەرگێڕدراوەكانی ژانری خەیاڵین، ڕەنگە بتوانن لە كرۆكی ڕۆمانگەلێكی وەك (كتێبی سپی ـ The White Book) لە نووسینی (هان كانگ ـ Han Kang) بە وەرگێڕانی (دێبۆرا سمیس ـ Deborah Smith) یا كتێبی (لایلایە ـ Lullaby)ی (لەیلا سلێمانی ـ Leila Slimani)بە وەرگێڕانی (سام تایلۆر ـ Sam Taylor) كەمێك خەیاڵ كەشف بكەن. با پرسیارێكتان لێ بكەم، ئایا حەزتان لێیە لەگەڵ نینا ستیبە پێبكەنن یا لەگەڵ (هانیا یاناگیهارا ـ Hanya Yanagihara) بگرین؟!
ئێستا لە كێشەكە تێدەگەن؟ دونیای كتێبەكان بە شێوەیەكی سەر جیاواز و ڕەنگاڵەییە و ئێمە بە دەرفەتبەخشین بە هەر یەكێكیان، تاقیكردنەوە و خوێندنەوەیان، دەتوانن ئەو نێوەرۆكەی كە زۆر حەزی پێ دەكەن وەدۆزن.
هیوادارم ئەم كتێبانە باش بن بۆتان و ماندووتان نەكەن. هەروەها لێرەدات هەندێك لە ژنەنووسەرانی هاوچەرخ كە من كەیفم پێیان دێت، بۆتیان دەژمێرم كە هەم ئەزموونداریان تێدایە و هەمیش نوێیان تێدایە، وەك: (جانی سمایلی ـ Jane Smiley)، (دێبۆرا لڤی ـ Deborah Levy)، (جێنی ئۆفیل ـ Jenny Offill)، (ئانێ ئینرایت ـ Anne Enright)، (كارمێن ماریا ماچادۆ ـ Carmen Maria Machado) و (سارا مۆس ـ Sarah Moss).”
سەرچاوە: گاردیەن
شۆڕش غەفووری – هەولێر