چارەسەرنەكردنی پرسی كورد چەند زیانی لە توركیا داوە؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

چارەسەرنەكردنی پرسی كورد، لەو ١٠٠ ساڵەی رابردوودا، گەورەترین زیانی بە ئابووریی توركیا گەیاندووە، بۆیە ئابووریناسان پێیان وایە، هەركاتێك پرسی كورد چاسەری بنەڕەتی بكرێت ئابووریی توركیا دەگەشێتەوە و قەیرانی دارایی كۆتایی پێ دێت.

ئەگەر لە هەر سیاسییەكی توركیا بپرسیت، گەورەترین پرس لە توركیا چارەسەر نەكرابێت چییە؟ بێ دو دڵی دەڵێت پرسی كورد، پاشان قەیرانی دارایی، چونكە ئەگەر پرسی كورد چارەسەر بكرێت، قەیرانی دارایی لە توركیا كۆتایی پێ دێت، تا پرسی كورد بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەستەمە توركیا لە ڕووی ئابوورییەوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت.
بە گوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، لەوەتەی پەكەكە دروست بووە و شەڕی نێوان دەوڵەت و پەكەكە سەری هەڵداوە، توركیا ٤ترلیۆن و ٥٠٠ملیار دۆلاری لەو شەڕەدا خەرج كردووە.
كەمال بوركای، نووسەری دیاری باكووری كوردستان دەڵێت: “باشە ئەگەر ئەو پارە زەبەڵاحە لە ژێرخانی ئابووریی توركیا خەرج بكرایە، ئایە حاڵی ئێستای توركیا لە ڕووی داراییەوە بەو شێوەیە دەبوو؟ بێگومان نەخێر.”
ئەو پارەیە، بودجەی شەش ساڵی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكایە، كە ئەمریكا ساڵانە گەورەترین بودجە بۆ كەرتی سەربازی دادەنێت و زیاترە لە ٧٠٠ ملیار دۆلار.
توركیا بە قەیرانێكی سەختی داراییدا تێپەڕ دەبێت، شرۆڤەكارانی ئابووری لە توركیا، بەردەوام شرۆڤەی ئەوە دەكەن ئەم قەیرانە بۆچی سەری هەڵدا و چارەسەر چییە؟ بەڵام بۆ جارێكیش باسیان لەوە نەكردووە، هۆكاری قەیرانی دارایی لە توركیا، چارەسەرنەكردنی پرسی كوردە، چونكە جیا لەوەی دەبێت بودجەیەكی گەورە بۆ كەرتی سەربازی دابنێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەكەكە، لە هەمان كاتدا، لەڕووی دیموكراتی و مافی مرۆڤەوە بەردەوام جێی رەخنەی یەكێتی ئەورووپان و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی، كۆمپانیا گەورەكانی جیهانیی روو لە توركیا نەكەن بۆ وەبەرهێنان.
توركیا هەرچەندی خۆی وەكوو وڵاتێكی دیموكرات و پاراستنی مافی مرۆڤ نیشان بدات، بەڵام نەیسەلماندووە كە دیموكراتە، چونكە پرسی كوردی لەو وڵاتە چارەسەر نەكردووە، هەر بۆ نموونە توركیا زیاتر لە ٢٠ملیۆن كوردی لێ هەیە، كەچی رێگە نادات بە زمانی دایك بخوێنن؛ لە دەستووری توركیادا یەكسانی لە نێوان تورك و كورددا نەكراوە، چونكە لە مادەی ١ تا٣ی دەستوور، تەنیا نەتەوەی تورك دەناسێنێت و دەڵێت لە توركیا یەك نەتەوە بوونی هەیە، ئەویش نەتەوەی توركە و لە زمانی توركیش زیاتر هیچ زمانێكی تر بوونی نییە، ئەمەش بەگوتەی زۆرێك لە نووسەرە ناوخۆیی و جیهانییەكان.
ئەمە وای كردووە، رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی جیهانی، بەردەوام رەخنە لە ئازادی و دیموكراتی توركیا بگرن، زۆرجاریش میدیاكانی ئەورووپا هێرشی توند دەكەنە سەر توركیا و بەپێشێلكردنی مافی كورد تۆمەتباری دەكەن.
یەكێك لە هۆكارە هەرە سەرەكییەكانی توركیا نابێتە ئەندامی یەكێتی ئەورووپا، چارەسەرنەكردنی پرسی كوردە، بۆیە بەچارەسەركردنی پرسی كورد، توركیا لەڕووی ئابوورییەوە دەگەشێتەوە و پارەیەكی زۆریشی بۆ خەزینەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە، چەندین هەنگاویش لە ئەندامبوون لە یەكێتی ئەورووپا نزیك دەبێتەوە، ئەمە جیا لەوەی ئاشتی لە وڵاتەكەی سەر هەڵدەدات و ئیدی جەرگی دایكانی كورد و تورك ناسووتێت و لە بری چەك، زمانی گوڵ قسە دەكات.