ئەردۆغان: ئامادەیی دەربڕی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی دەم پارتی

سەرۆک کۆماری تورکیا ئامادەیی خۆی بۆ پێشوازیی لە شاندی دەم پارتیی ئیمراڵی نیشاندا و ڕایگەیاند، ئامادەیە پێشوازییان بکات. لەبەرامبەر ئەم قسانەدا دەم پارتی ئەمڕۆ یان سبەی، داواکاری بۆ بینینی سەرۆک کۆماری تورکیا پێشکەش دەکات. 

دەم پارتی دەستی بە گەڕی دووەمی سەردانی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کردووە بۆ ئەوەی کۆدەنگییەکی تەواوی هەبێت لە پێناو سەرکەوتنی قۆناغی نوێی چارەی کێشەی کورد لە تورکیا. چاوەڕێ دەکرێت ڕۆژی 17ـی مانگ لەگەڵ ئاکپارتی و مەهەپە کۆ ببنەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند “کاردەکەین بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر، لە هەمان کاتیشدا چارەی کێشەیەکی 40 ساڵە دەکەین، بەهەڵەزانینی ئەمە و درز خستنە نێو پرۆسەکە خزمەتکردنە بە ئیمپڕیالیزم، هەرکەس بە قسەی ئیمپڕیالیزم هەوڵی تێکدانی ئەم برایەتییە بدات، خۆی لەبەردەم ئێمە و 85 ملیۆن هاووڵاتیی دەبینێتەوە، چونکە لە ماوەی 22 ساڵ چەندان جار ئەم هەوڵانەمان بینیوە، ئیتر ناتوانن زیان بە برایەتیی نیوانمان بگەیەنن، جارێکی دیکە ناتوانن ئەم میللەتە لە ئەجێندای ناوخۆی خۆی قەتیس بکەنەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا گوتیشی: سەرۆکی گرووپەکەمان ئێستە هەڵسەنگاندن لەگەڵ شاندەکە دەکات، ئەگەر شاندی ئیمراڵی داواکاری پێشکەش بکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵم، وەڵامی داواکارییەکەیان دەدەمەوە.

دوای ئەم پەیامە، تونجەر باکرهان، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یان سبەی داواکاری پێشکەش دەکرێت بۆ ئەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆک کۆمار ئەردۆغان کۆ ببنەوە. دیدار و کۆبوونەوەکان ئەمڕۆش بەردەوام بوون، بڕیارە ڕۆژی 17ـی مانگ دەم پارتی لەگەڵ ئاکپارتی و مەهەپە کۆ ببێتەوە.