باخچەلی دەڵێت پەیامەكەی ئۆجەلان بۆ چەكدانانی یەپەگەشە

كارزان گلی – هه‌ولێر

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، كە دەستپێشخەری كرد بۆ ئەوەی دەرگای ئیمرالی بكرێتەوە و شاندی دەم پارتی بچێتە لای عەبدوڵا ئۆجەلان و پرسی ئاشتی لە توركیا بێتەوە بەرباس، دەڵێت ئەو پەیامەی ئۆجەلان تەنیا بۆ پەكەكە نییە، بۆ یەپەگەشە و دەبێت چەك دابنێن.

لە ٢٧ی شوباتدا، ئۆجەلان لە رێگەی شاندەکەی دەم پارتییەوە، پەیامێكی بڵاوكردەوە، لەو پەیامەدا داوای لە پەكەكە و هەموو گروپەكانی سەر بە پەكەكە كرد، چەك دابنێن و خۆیان هەڵوەشێننەوە؛ لە ١/٣/٢٠٢٥ـدا، پەكەكە بەفەرمی ئاگربەستی راگەیاند.
دەوڵەت باخچەلی، لە نووسینێكدا لەبارەی پەیامەكەی ئۆجەلان، دەستخۆشیی لێ دەكات و دەڵێت، پەیامەكە زۆر راست و هاوسەنگ بوو.
باخچەلی دەنووسێت: ”ئەو پەیامەی ئۆجەلان، جگە لەوەی باس لەوە دەكات پەكەكە چەك دابنێت، لەهەمان كاتدا دەڵێت ئەو گروپانەی درێژكراوەی پەكەكەن و لەژێر چەتری پەكەكەشدانە دەبێت چەك دابنێن. یەپەگە و ئەو گروپانەی لەوان دەچن و تیرۆریستن، پروپاگندەی ئەوە دەكەن پەیامەكە بۆ ئەوان نییە، ئەو دەنگە لەرزۆكانەی دەردەچن و ئەو بۆچوونانەی پشتگیری ناكرێن، ئەوەی بڵاوی دەكەنەوە لەناو پلانەكە، لەگەڵ پەیامی رێبەری بزووتنەوەكەیان و دامەزرەوەكانیان بەتەواوەتی دژ بەیەكن.“
باخچەلی لە نووسینەكەیدا، كە لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردووەتەوە، داوا دەكات پەكەكە و یەپەگە یاری بە كات نەكەن، چونكە رێكخستنی داواكاری سیاسی و یاسایی نیشانەی بێباكییە.

یەپەگە چی گوتبوو؟
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات، كە بەشێكی سەرەكی ئەو هێزە سەر بە یەپەگەن، دوای پەیامەكەی ئۆجەلان رایگەیاند، یەپامەكە تەنیا بۆ پەكەكەیە و بۆ ئەوان نییە.
بە گوێرەی هەواڵێكی (AFP)، عەبدی گوتوویەتی، توركیا نیگەرانە بەرامبەر بەو سیاسەتەی پەكەكە دروستی كردووە و بەهەڕەشە بۆ خۆیانی دەزانن، هەر لەبەر پەكەكەشە، كە توركیا پەلاماری ئێمە دەدات.
باسی لەوەش كردبوو، چەكدانانی پەكەكە پەیوەستە بە خۆیانەوە و هیچ پەیوەندییەكی بە یەپەگەوە نییە.
بەڵام توركیا بەهەموو شێوەیەك یەپەگە رەت دەكاتەوە و پێی وایە یەپەگە و پەكەكە هیچ جیاوازییەكیان نییە و تەنیا ناوەكانیان جیاوازە، بۆیە بە تیرۆریستیان دەزانێ و دەشڵێن پەیامەكەی ئۆجەلان، تەنیا بۆ پەكەكە نییە و یەپەگەش دەگرێتەوە.
سیامەند عەلی، بەرپرسی ئاژانسی هەواڵگری یەپەگە، قسەی بۆ ئاژانسی (میزۆپۆتامیا) كردووە، كە ئەو ئاژانسە سەر بە پەكەكەیە، دەڵێت: ”ئەو پەیامەی ئۆجەلان، پەیامێكە بۆ راوەستانی شەڕ. دیموكراتی و ئاشتی، بە دیالۆگ و لەسەر مێزی دانوستان دێتە بوون و كێشەكان چارەسەر دەكرێن.“
ساڵح موسلیم، ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتیی یەپەگە، قسەی بۆ (AFP) كردووە و دەڵێت دوای پەیامەكەی ئۆجەلان، ئیدی تۆپەكە لە یاریگەی دەوڵەتی توركیایە.
موسڵیم ئاماژە دەدات، پێویستە توركیا دوای پەیامەكەی ئۆجەلان، هەموو ئەو زیندانییە سیاسییە كوردانە ئازاد بكات، كە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر كراون و هەروەها پێویستە دەستبەرداری سیاسەتی قەیوم بن و ئەم هەنگاوانە گرنگن.
دەشڵێت: ”پێویستە توركیاش وەكوو پەكەكە ئاگربەست رابگەیەنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی پەكەكە هەنگاوی تر بهاوێت.“
باخچەلی، بە هەموو شێوەیەك رەتی دەكاتەوە، یەپەگە چەك دانەنێت و داكۆكی دەكات لەوەی هەر ئەوكاتەی پەكەكە چەك دادەنێت، یەپەگەش دەبێت چەك دابنێت، ئەمەش بووەتە باسوخواسی شرۆڤەكارانی سیاسی و بەشێكیان پێیان وایە، پەیامەكەی روونە و بۆ یەپەگەشە، بەشێكی تر پێیان وایە نەخێر پەیامەكە تەنیا بۆ پەكەكەیە.
سری سوورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، لەو ڕووەوە قسەی بۆ تەلەڤزیۆنی (خەبەر تورك) كرد و گوتی: ”پەیامی هەڵوەشاندەوەی پەكەكە و هەروەها چەكدانان، تەنیا بۆ پەكەكە نییە و یەپەگەش دەگرێتەوە، بەڵام بارودۆخی یەپەگە جیاوازە و وەكوو توركیا نییە.“