كارزان گلی – ههولێر
دوای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، لە پەیامێكدا داوای لە پەكەكە كرد كۆنگرە ببەستن و چەك دابنێن و خۆیان هەڵوەشێننەوە، دەسەڵاتی توركیا دەڵێن توركیایەكی بێتیرۆرمان دەوێت و دەم پارتییەكانیش دەڵێن، بەدیموكراتیكردن و ئاشتیمان دەوێت، بۆیە هەڵوێستی هەردوو پارت جێی پرسیار و مشتومڕە.
دەم پارتی و جەهەپە، داوا دەكەن لەناو پەرلەمانی توركیا لیژنەیەك بۆ مەبەستی چەكدانانی پەكەكە و پرسی چارەسەری كورد دروست ببێت و لە پەرلەمان زەمینە بۆ ئەو پرۆسەیە دابنرێت، بەڵام دامەزراوەكانی سەر بە ئاكەپە، دەڵێن دەبێت پەكەكە بەپەلەیی كۆنگرە ببەستێت و چەكەكانیان رادەستی توركیا بكەنەوە، بۆ مەبەستی ئەوەی لەناو پەرلەمان لیژنەیەك دروست بكرێت و زەمینە بۆ ئەو پرۆسەیە دروست بكەن، لای ئاكەپە ئەوە بابەتە ریزبەندی ٥٠یەمینە.
دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی داوای كرد، ئۆجەلان بهێنرێتە پەرلەمانی توركیا و لەوێ وتارێك پێشكەش بكات و داوا بكات پەكەكە هەڵوەشێتەوە، رەجەب تەییب ئەردۆغان، بابەتەكەی بەنهێنی كرد و نەیانهێشت شەفافییەتی پێوە دیار بێت، بەگوێرەی زانیارییەكانیش بەو هۆیەوە بووە، لە پرسی چارەسەری ٢٠١٣، زۆر شەفافانە پرسەكەیان بەڕای گشتی توركیادا، بەڵام پرسەكە شكستی هێناو شەڕی خەندەقی لێ هاتە بەرهەم، بۆیە لە هەڵبژاردنی ٧ـی حوزەیرانی ٢٠١٥، بۆ یەكەمجاربوو ئاكەپە زۆرینەی پەرلەمانی لەدەست دا. ئەردۆغان ترسی لەوەیە دووبارە شەفافبوونی ئەو پرسە كاریگەریی لەسەر دەنگەكانی هەبێت، بەڵام ئەگەر پرۆسەكە سەركەوتنی بەدەستهێنا، ئەوكات دەنگی ئاكەپە بەرەو هەڵكشان دەچێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی گەیشتووەتە دەست ئاژانسی (BBC)ی توركی، ئەردۆغان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردایەتی تازەی ئاكەپە، گوتوویەتی پێویست دەكات كار بكەن بۆ ئەوەی هەموو كۆمەڵگەی توركیا بزانێت و پاڵشتیمان بكەن.
باسی لەوەش كرد، پرسەكە هەنگاوی زۆر باش و قورسی بڕیوە، دەبێت هەر بگەین بەو ئامانجەی توركیایەكی بێتیرۆرە، بۆ ئەمەش هەنگاوەكانمان بە شێوەیەكی دروست گرنگە و دەبێت بە هەستیارییەوە مامەڵە بكەن.
ئەردۆغان ئەوەشی نەشاردووەتەوە، كە لەناوەخۆی توركیا و دەرەوەی توركیا، كەسانێك هەن دەیانەوێت ئەو پرسە تێك بدەن و لەباری ببەن، بۆیە گرنگە لە ناوەخۆی توركیادا ئۆپۆزسیۆنیش رۆڵی پێ بدرێت و پاڵپشتی ئەو پرۆسەیە بكات.
پرسی هاووڵاتیبوون چاوی پێدا دەخشێنرێتەوە
دەم پارتی چاوەڕێی ئەوەیە، پەكەكە بڕیار بدات چەك فڕێ بدات و پاشان دەسەڵات هەنگاو بهاوێت بۆ ئەوەی هەموو زیندانییە سیاسییەكان ئازاد ببن. هەروەها سیاسەتی قەیوم كۆتایی پێ بێت و پرسی هاووڵاتیبوونیش لە توركیا چاوی پێدا بخشێنرێتەوە.
بەڵام وەكوو ئەوەی زانراوە، ئاكەپە پەلەیەتی پەكەكە خۆی هەڵوەشێنێتەوە و گوتوویانە جاری زووە یاسا بۆ ئەو پرسە دەربكەین و دەكرێت ئەو بابەتە دوا بكەوێت.
ئەوەی ئاكەپە دەیەوێت و هەڵسەنگاندنیان لەبارەوە كردووە ئەم بابەتانەی خوارەوەن:
١. دروستكردنی لیژنەیەك لە پەرلەماندا؛ بابەتی لێبوردنی گشتی نابێت لەم قۆناغەدا هەبێت، بەڵكوو دروستبوونی لیژنەیەك لەناو پەرلەمان دەكرێت لە ریزبەندی پەنجاهەمین بێت.
٢. دەبێت پەكەكە بە پەلە بچێتە ناو كۆنگرەوە، بەبێ مەرج چەك فڕێ بدەن و خۆیان هەڵوەشێننەوە، پاشان سەركردایەتیی پەكەكە بچنە وڵاتی سێیەم و نابێت بێنە توركیا.
٣. لە قۆناغێكدا كە پەكەكە چەكی نەمێنێت، كوردەكان چۆن بتوانن خۆیان لەناو سیاسەتیێكی مەدەنیدا ببیننەوە و بنكەی جەماوەری وەڵامی چی دەبێت؟ ئایا دەبێت یاسایەكی تایبەت بۆ ئەوان دەربكرێت، واتە چەكدارانی پەكەكە؟ دەبێت ئاكەپە بە تەواوی هەڵسەنگانن بۆ ئەو لایەنە بكات.
٤. دەستووری تازە بۆ توركیا گرنگە، بەڵام نابێت لە دەستوووری تازەدا دەستكاری مادەی ١ تا ٤ بكرێت، هەروەها چەمكی هاووڵاتیبوونیش نابێت گۆڕانی بەسەردا بێت، چونكە لەم بابەتەدا دەبێت هەستیاریی مەهەپە لەبەرچاو بگیرێت.
٥. لە ٢٠١٢ ئاكەپە لەناو پەرلەمانی توركیا لیژنەیەكی دروست كرد بە ناوی لیژنەی (دانوستان لەسەر دەستوور)، پیشنیاریان كردبوو چەمكی هاووڵاتیبوون گۆڕانی بەسەردا بێت، بۆیە بیناڵی یڵدریم، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی توركیا لە چەند رۆژی رابردوو گوتی ”دەكرێت چەمکی هاووڵاتیبوون لە دەستووردا چاوی پێدا بخشێنرێتەوە“ لەناو ئاكەپەشدا بەشێك لەگەڵ ئەو بۆچوونەی یڵدریمن، بەشێكیش رەتی دەكەنەوە.
٦. بەڵام لەناو دەمەزراوەكانی حكوومەتدا، پێیان وایە پرسەكە زۆر هەستیارە و مەهەپە لەو بارەیەوە زۆر توندە و دەبێت ئاگاداری هەستیاری ئەوان بن، بۆیە لەم كاتەدا پێویست ناكات باس لە گۆڕینی چەمكی هاووڵاتیبوون بكرێت.
ئایا ئۆجەلان كۆنگرەی پەكەكە بەڕێوە دەبات؟
پەكەكە لە راگەیێندراوێكدا، بە ئەرێنی پێشوازییان لە پەیامەكەی ئۆجەلان كرد و گوتیان چەك دادەنێین، بەو مەرجەی ئۆجەلان بۆ خۆی سەرپەرشتیی كۆنگرە بكات، بۆیە ئەو پرسیارە هاوتووەتە گۆڕی، ئایا حكوومەتی توركیا رێگە دەدات ئۆجەلان سەرپەرشتی كۆنگرەی پەكەكە بكات؟
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی گەیشتووەتە دەستی ئاژانسی ناوبراو، ئاكەپە لەگەڵ ئەوە نییە بە شێوەیەكی فیزیكی ئۆجەلان سەرپەرشتی كۆنگرە بكات و ئەمە بە مەحاڵ دەزانن، بەڵام دەكرێت بۆ ئەوەی لە كۆنگرەدا ئۆجەلان پەیامی هەبێت، ئاسانكاری بكرێت و ئەو ئاسانكارییەش دەبێت هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت كە بە چ شێوەیەك بێت.