مستەفا كەرەسوو: پەكەكە هەڵدەوەشێنینەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

مستەفا كەرەسوو، سەركردەی باڵای پەكەكە رایدەگەیەنێت، با كەس گومانی لەوە نەبێت، كۆنگرە دەبەستین و پەكەكە هەڵدەوەشێنینەوە.

كەرەسوو، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبردنی (كەجەكە)، لە پرۆگرامێكی تەلەڤزیۆنی سەر بە پەكەكە، چەند زانیارییەكی گرنگی لەبارەی كۆنگرەی داهاتووی پەكەكە ئاشكرا كرد و باسی لەوە كرد كەس گومانی نەبێت، پەكەكە هەڵدەوەشێنینەوە.
كەرەسوو گوتی: ”دەبێت سوپای توركیا پابەندی ئەو ئاگربەستە بێت كە پەكەكە رایگەیاندووە و كۆتایی بە هێرشەكانی بۆ سەر گەریلا بهێنێت.“
دەربارەی ئەوەی ئایا پەكەكە پابەندی ئەو پەیامەی عەبدوڵا ئۆجەلان دەبێت، كە داوای كردبوو پەكەكە چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە؟ كەرەسوو گوتی: “پەكەكە هەڵدەوەشێنینەوە و كۆتایی بە خەباتی چەكداریی دەهێنین و با هیچ كەسێك گومانی لەوە نەبێت. لێرەدا پێویستە دەوڵەت و دەسەڵاتیش بێ هیچ بیانوویەك ئەوەی پێویستە بۆ دیموكراتی هەنگاوی بۆ بنێت.”
(مەنەفیستۆی سەدە)، لەلایەن كەرەسووەوە بەكار هات بۆ پەیامەكەی ئۆجەلان و دەڵێت، ئەگەر هەر رستەیەكی ئەو رێنماییە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، فەلسەفە و هەڵوێستێكی سیاسیی تێدایە و پێی وایە ئەو بانگەوازە، هیچ سەركردەیەكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیتوانیوە بیكات، ئەمەش نەك هەر كێشەی كورد، كێشەی توركیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش چارەسەر دەكات.
كەرەسوو، بە ناهەقی دەزانێت كە شرۆڤەی زۆر سادە بۆ ئەو پەیامەی ئۆجەلان بكرێت و بە بێڕێزی بە ئۆجەلان وەسفی دەكات.
گوتیشی: ”نابێت گەلی كورد نیگەران بێت، پێویستە متمانەی بەخۆی هەبێت و بزانن ئەمە هەنگاوێكە بەرەو دیموكراسی لە توركیا و چارەسەری كێشەی كوردیشە. سەرەتا پێویستە ژنان و گەنجان خاوەندارێتیی بكەن، چونكە ئەوان هێزی پێشەنگن و كۆتاییهاتنی شەڕ زۆرترین بەرەوپێشچوون تۆمار دەكات و ئەمە قۆناغێكی نوێی خەباتە.“ هەر ئەمڕۆ، عەبدوڵقادر سەلڤی، نووسەری زۆر نزیكی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماریی توركیا، لە وتارێكدا ئاشكرای كردووە، پەكەكە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا كۆنگرە دەبەستێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، چونكە ئەردۆغان گوتوویەتی، كاری خێر دەبێت پەلەی تێدا بكرێت و گەر درێژە بكێشێت، رەنگە دەستی هەواڵگریی هێزی دەرەكی پرۆسەكە لەناو ببات.