ڕوانگەی سووری: 340 عەلەوی بەدەستی هێزە ئەمنییەکانی سووریا کوژراون

ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ڕایگەیاند: 340 هاووڵاتی عەلەوی بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی سووریا کوژراون، داوای ئەوەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا داوای چەکدانان و خۆ ڕادەستکردنی عەلەوییەکانی کرد.

لە ڕۆژی پێنجشەممە ڕابردوودا، شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی سووریا و پشتیوانانی سەرۆکی ڕووخاوی سووریا بەشار ئەسەد دەستیان پێکرد، ئەوەش ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتەکەی خستە ژێر پرسیار، سەرباری ئەوەی دۆخی ئەمنی بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی سووریا، بەتایبەت لازقیە و تەرتوس تەواو شێوا، هەندێ لەو شار و شارۆچکانە گرووپی چەکداری جیاوازی هاتنە ناو کە لەماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا نەبینراون.

ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ئاشکرای کردووە، 340 هاووڵاتی عەلەوی لە لازقیە و تەرتوس بە دەستی هێزەکانی ئەمنی و گرووپە توندڕەوەکان کوژراون، ڕوانگەکە دەڵێت: 60 هاووڵاتی سڤیل لەنێو کوژراوەکاندا هەن کە 10 لە کوژراوان ئافرەتن و 5یش منداڵن، ئەو کۆمەڵکوژییەش لەسەر بنەمای تایفی و ناوچەیی کراوە، سەرباری دزی ماڵان و سامانەکانیان.

ڕوانگەکە ئاشکرای کردووە، لەوەتەی ئاڵۆزییەکان دەستی پێکردووە، 524 کەس کوژراون، 213 کوژراو لە چەکدارانی هەردوولا، 93 کەسی دیکەش لە هێزە سەربازییەکانی وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆ، سەرباری ئەوەش هێزی زیاتر بۆ ناوچەکان دەنێردرێت.