دوای شەڕە قسەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، وەک وەڵامێک بۆ بەرپرسانی ئەمەریکا، گوتی: گۆڕینی من ئاسان نابێت.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی لە لەندەن بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ڕوو دەدات و بە لەبەرچاوگرتنی پشتگیرییەکان، گۆڕینی من ئەوەندە ئاسان نابێت.
زێلێنسکی ئاماژەی بەوەش دا، ئەو بابەتە تەنیا لە ڕێکخستنی هەڵبژاردن نابێت، بەڵکو ڕێگریی لە خۆکاندیدکردنم دەبێت، بەمەش کاروبارەکان کەمێک ئاڵۆزتر دەبن.
سەرۆکی ئۆکرانیا باسی لەوەش کرد “پێشتر لە بەرانبەر پەیوەندیکردنی ئۆکرانیا بە ناتۆ، دەستلەکارکێشانەوەی خۆمم پێشکەش کرد. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەگەر هاوپەیمانی ناتۆ هەبێت و کۆتایی بە شەڕەکە بێت، مانای ئەوەیە کە ئەرکەکەم بە ئەنجام گەیاندووە”.
بەرپرسانی ئەمەریکایی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ، دوێنی یەکشەممە، 2ـی ئادار، گوتیان: پێویستە ڤلۆدیمێر زێلنسکی، دەست لەکار بکێشێتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی هەینی ڕابردوو لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی لەسەر شەڕی ڕووسیا ناکۆکیی کەوتە نێوانیان و بووە بەشەڕەقسە و سەرۆکی ئۆکرانیا بە بێڕێزیکردن بە ئەمەریکا و سوپاسگوزار نەبوون بۆ هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕی کیێڤ و مۆسکۆ تۆمەتبار کرا.
دوێنێ یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، لووتکەی لەندەن، سەرۆکی ئۆکرانیا، سەرۆکی فەرەنسا، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، سەرۆکی کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا و سەرۆکی هاوپەیمانی ناتۆ و چەند سەرکردەیەکی دیکەی لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆ کردەوە و جەختیان لە بەردەوامی پشتیوانییەکان، بۆ ئۆکرانیا کردەوە.
هاوکات سەرکردەکانی ئەورووپا بڕیاریاندا دەبێت وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی بەرگریدا بکەن بۆ ئەوەی نیشانی ترەمپ بدەن کە ئەورووپا دەتوانێت خۆی بپارێزێت.
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دوای لووتکەکە ڕایگەیاند: هاوپەیمانێتییەکیان دروست کردووە بۆ ئەوەی پشتیوانیی ئۆکرانیا بکەن لە هەر ڕێککەوتنێک کە بکرێت.
ئاماژەشی دا، لەگەڵ فەرەنسا کار لەسەر ئەوە دەکەن پێشنیازێک ئاشتی بۆ ڕاگرتنی شەڕ بۆ ماوەی مانگێک لە ئۆکرانیا پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بکەن.